کێ بە‌وەفایە‎؟

PM:12:07:03/01/2017 ‌
فێربوونی زمانی کوردی پرۆسەیەکی هێندە ئاسان نییە بۆ ئەو منداڵانەی لە دەرەوەی کوردستان لە دایک دەبن. قسەکردن بە زمانی کوردی لە ماڵەوە یارمەتی منداڵان دەدات‌ فێری ژمارەیەکی باشی وشە ببن. منداڵێکی شەش ساڵ بە لایەنی کەمەوە دەبێت حەوت هەزار وشە لە زمانی دایک بزانێ. دیارە لە سوێد باخچەی ساوایان و قوتابخانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پێشخستنی زمانی منداڵ. زۆربەی هەرە زۆری منداڵان دەگەنە ئەو ئاستە. 
ئەو منداڵانەی ناگەنە ئەم ئاستە، یارمەتی زیاتر وەردەگرن. ئەمڕۆ بیرم لەوە دەکردەوە منداڵانی کوردی ئەم وڵاتە لەو تەمەنەدا چەند هەزار وشە بە کوردی دەزانن. دیارە زۆربەی منداڵان کەمتر لە هەزار وشە دەزانن، ئەمەش پێوەندیدارە بە گرنگیدانی دایک و باوک بە زمانی کوردی‌. ئەو خێزانەی کە تێیدا دایک و باوک خوێندەوارن، هەوڵ دەدەن منداڵەکانیان فێری کوردی بکەن یان لە ماڵەوە بە کوردی قسەیان لەگەڵدا بکەن، ئەمە جگە لەوەی گەڕانەوە بۆ کوردستان پێوەندی منداڵ لەگەڵ زمانی دایکدا بەهێز دەکات.‌ هەروا ئەرکێکی زۆریش دەکەوێتە سەر مامۆستایانی زمانی کوردی. 
 ئەمڕۆ چەند قوتابییەکی شەش حەوت ساڵانم هەبوو، هەوڵم دەدا فێری ناوی ئاژەڵەکانیان بکەم، هاتینە سەر سەگ، سەگ ئاژەڵێکی ماڵییە، یارمەتی پۆلیس دەدات، یارمەتی کوێرەکان دەدات تا ڕێگە بدۆزنەوە، پاسەوانی ماڵەکە دەکات کاتێ خاوەنەکەی لە ماڵ نییە. یەکێکیان گوتی سەگ هێندە زیرەکە مرۆڤ دەتوانێ قسەی لەگەڵ بکات، دەتوانێ لە سێرکیشدا کار بکات. من هاوڕێیەکم هەیە سەگێکی هەیە، سەگەکە بەیانیان خەبەری دەکاتەوە. دەمویست منداڵەکان شتێک بڵێین کە خۆم بە منداڵی فێری بووم و بەردەوام هەر‌ ئەو ئاژەڵە دەبینم لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە، ئەمسەر و ئەوسەری دنیام کرد کەسیان ئەوەیان نەوت کە من مەبەستم بوو. 
ئەمە جگە لەوەی بیرم چوو وەک جاران داوایان لێ بکەم بەکوردی قسە بکەن، چونکە هەر کاتێک بواریان بدەمێ بە سوێدی قسە بکەن دەمیان ناوەستێ. هەموو ئەو شتانەی گوتیان کردمەوە کوردی بۆیان و گوتم یەک شتی گرنگتان بیر چوو لەبارەی سەگ. سەگ ئاژەڵێکی بەوەفایە. بەوەفا چییە مامۆستا؟ وشەکەم کردە سوێدی بۆیان و چیرۆکێکیشم لەسەر وەفاداریی سەگ بۆ باسکردن. ئیتر هەموو بڕیاریان دا داوا لە دایک و باوکیان بکەن لە جەژنی لەدایکبوونیاندا سەگێکی جوانیان بۆ بکڕن. 
ئەوان هەموو بیریان بە بەوەفایی سەگەوە خەریک بوو، منیش بیرم لە بەوەفایی مرۆڤ دەکردەوە، وەفا بۆ وڵات، بۆ زمان، بۆ نەتەوە، بۆ شەهید، بۆ پیر، بۆ دایک و باوک، بۆ هاوڕێ. ئایا ئێمەی مرۆڤ چەند بیر لە وەفا و بەوەفایی خۆمان دەکەینەوە؟. زۆر جار بیستوومە دەڵێن فڵان کەس زۆر بەوەفایە بەرامبەر ئەو کەسانەی چاکەیان لەگەڵدا کردووە، یان بەوەفایە بەرامبەر ئەو کەسانەی لە تەنگانە‌دا فریای کەوتوون. 
هەموو سەگێک بەوەفایە، هەرگیز نەمبیستووە بڵێن کە سەگێک بێ وەفا بووە بەرامبەر خاوەنەکەی. بەڵام ئاخۆ ئێمەی مرۆڤ هەموو بە وەفاین بەرامبەر ئەو شتانەی ئاماژەم بۆ کردن؟. لەو باوەڕەدام  ئەوانەی بە وەفان کەمن. ئەگەر بیر لە وەفای ئەو حزبانە بکەمەوە کە ئێستە دەستەڵاتدارن، هەموویان لە ئەنجامی قوربانی خەڵک و خوێنی شەهیدانەوە گەیشتوونەتە ئەم پایەیە، خۆیشیان زۆرجار ئەم ڕاستییە دووپات دەکەنەوە، بەڵام لە واقیعدا پێڕەوی ناکەن. زۆر خێزانی شەهیدی قوربانیدەر هەیە، زۆر خێزان هەیە تەنیا لەبەر باوەشکردنەوە بۆ پێشمەرگە و ئەندامانی حزبەکان تووشی گەلێ دەردەسەری بوون، کەچی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لەگەڵ بوونی ئەو هەموو توانایە کەسێک نییە ئاوڕێکیان لێ بداتەوە.
هی وایش هەیە بە پشتاوپشت دەگاتە لێپرسراوێکی دەستەڵاتدار هەموو خێزانەکەی بەوانەیشی لە کاتی بزووتنەوەی پێشمەرگایەتیدا شیرەخۆرە بوون، ئێستە مووچەی پێشمەرگەی دێرین وەردەگرن. کەچی سەدان بێدەرامەت و بێ پەنا هەن دەبوو لێپرسراوان پێش ئەوەی پارووە نانێک بخەنە دەمی خۆیانەوە، بیریان لەوان بکردایەتەوە.‌ ئەی ئەوانەی شەهیدانە 150 هەزار دنیار وەردەگرن، ئەی ئەوانەی لەبەرئەوەی کرێ خانوویان پێ نادرێ، ئەی ئەوانەی منداڵەکانیان بە برسێتی خەو دەیانباتەوە. ئەی ئەوانەی... ئەی ئەوانەی... ئەی ئەوانە...؟.دەڵێن پارە نییە، بودجە بەش ناکات، هەر ئەوەندە دەتوانن!! خۆ هەر لێپرسراوێک سێ چوار ئۆتۆمبێلی سەیر و پێنج شەش عەینەک ڕەش لەچاویان بەدواوەیە، قاتی ڕەشی مارکەیان لەبەردایە، ئەی ئەو نانخواردن و میهرەجانە بێ ئامانجانەی تەنیا بۆ خۆنیشاندان و گورجوگۆڵی تۆمارکردنە بەچی؟ ئەی ئەو هەموو وەسڵانەی هوتێل و ئاهەنگەکان بەچی؟ ئەی ئەو هەموو نەسریاتە بەچی؟ ئەی ئەو هەموو... بەچی؟
ئەی کەی لەوە دەگەن ئەو هەموو پارەیەی بۆ ساتێکی خۆشی چەند تاکێک بەکار دەهێنرێ موڵکی کێیە؟ ئەی ئەوە نازانن موڵک و سەروەت و سامان بەختەوەری ڕۆح دروست ناکات و نایبەنە گۆڕەوە، فیرعەونەکان بردیان، کەچی پاش سەدان ساڵ لە گۆڕ دەرهێنرانەوە و بوونە موڵکی گەل. 
کێ بەوەفایە ئێمە یان ...؟