پارتی و یەكەمییە هەمیشەییەكەی

پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو هێزە سیاسییەی توانیویەتی ببێتە جێی متمانەی هاووڵاتییان، هەمیشە و بەردەوام یەكەم هێزی كوردستان بووە لە گرەوی شۆڕش و دیموكراسەتیشدا، بە تەواوی ئەو پیلانانەیشی لە مێژوودا دژی داڕێژراون، سەری خۆیانی خواردووە. بەڵام ئەم توانا و مانەوە لە لووتكەیەدا، هۆكاری خۆی هەیە.

پارتی بەردەوام جێی متمانەیە
پارتی حزبێكی یەكگرتووی نیشتمانییە و رێبازێكی ڕوونی نەتەوەیی گرتووەتەبەر، بە ڕێبەرایەتیی سەرۆك بارزانی یەكگوتاری ناوەندی پێڕەو دەكات و هەرگیز نابینی بەرپرسێكی باڵای ئەو پارتە، پێچەوانەی بڕیار و ڕاسپاردە و بەیاننامەكانی حزبەكەی قسە بكات، بۆیە لە كاتی بڕیاردان لە پرسە گرنگەكاندا، توانیویەتی كۆدەنگی هەبێت و ڕێز لە تەواوی بۆچوونەكانیش دەگرن بۆ گەڵاڵەكردنی بۆچوونی كۆتایی، واتە ئەو ناوەندێتییە بە مانای نەبوونی بۆچوون نییە، بگرە لە ئەنجامی گفتوگۆی بۆچوونە جیاوازەكان، یەك بۆچوون دەبێت بە گوتاری پارتی، ئیتر لە سەرۆكەوە تا ئەندامەكان پێوەی پابەندن. 

 سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی 13ی پارتی گوتی، زۆرجار هەبووە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی بڕیارێكیان داوە من لەگەڵی نەبووم، بەڵام بە زۆرینە بووە بە بڕیار و منیش پابەندی بڕیارەكە بووم. راستییەكەی سایكۆلجیی خەڵكیش ئەو یەكتیمی و یەكگوتارییەی لا پەسندە.

لایەنێكی تری بەهێزی ئەو حزبە، ئەوەیە كە دەتوانێ لە هەموو قۆناغەكاندا هەستیارانە هەنگاو بنێت و بڕیارەكانی لە جێی خۆیدا دەدات، كاتێك لە دوو ساڵی ڕابردوو حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی پێكهێنرا، چاكسازی دەستی پێ كرد، هەموو پارتی بە كەسی یەكەمیەوە پابەندی بڕیارەكانین و پشتیوانی دەكەن، بۆیە بینیمان ئەمڕۆ دنیایەكی تری بەرەو باشتر لە حوكمڕانی كوردستاندا هێناوەتە ئاراوە. خەڵكیش متمانەی تەواوی هەیە كە چاكسازی هەموو كەرتەكان دەگرێتەوە و داهاتوو باشترە.

لە تەواوی ئەو هەڵبژاردنانەی كراون، پارتی پەرلەمانتارەكانی ناردووەتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پایەكی گرنگبوون بۆ پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمەكەمان و سازش نەكردن لەسەر مافەكانی نەتەوەكەمان، هەرگیز پەرلەمانتاری پارتی بۆ پارە خۆی نەفرۆشتووە، نەڕۆیشتووەتە بەرەی دوژمن، بەڵام لە خولی ڕابردوودا چەندان پەرلەمانتاری حزبەكانی تر، نەك حزبی خۆیان جێهێشت، بگرە بوون بە دەمڕاستی هێزە دژبەرەكانی گەلی كورد و بەردەوام هێرشیان دەكردە سەر حكوومەت و گەلی كوردستان، هەنگاوی ڕژدیان دانا بۆ لەباربردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی نەیاران. 

پارتی لەم هەڵبژاردنەدا پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بووە خاوەنی 33 كورسیی پەرلەمان، واتە هەشت كورسیی زیاد كردووە لە چاو هەڵبژاردنی 2018، كەچی ئەوانەی هەمیشە دژی كوردستانن و لەرێی پارتییەوە رقەكەیان دەڕێژن، بۆ ئەوەی لە بایەخی كورسیی كەم بكەنەوە، كەمیی بەشداری دەنگدەر دەكەنە بیانوو، هەر ئەوەندە بەسە بڵێم هەڵبژارنەكە هی عێراقە و خەڵك لە هەموو لایەكەوە كەم چوونە سەر سندووق، بەڵام خۆ دەركەوت لە كەم و زۆر پارتی هەر یەكەمە، دەشكرێ خۆیان لە ڕووی حزبییەوە لەوە بكۆڵنەوە كە بۆچی دەنگدەرەكانیان كەمتر چوونەتە سەر سندووق.  

دەنگدەری سلێمانی و هەڵەبجە پەیامێكیان گەیاند.
ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا ئاماژەیەكی تازەیە، ئەوەیە كە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بەگشتی، بێزار بوون لەو جۆرە حوكمڕانییەی دەیان ساڵە بەڕێوەیان دەبات بە خراپی، بۆیە هەلیان بۆ بڕەخسێ پشت لەو حزبانە دەكەن، شكستی هاوپەیمانی كوردستانی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی، رێك ئەو پەیامەی لە پشتەوەیە. كەچی پارتی توانی لەناو ئەو تیرۆرە فكرییەی لەو سنوورەدا هەیە، سێ كورسیی پەرلەمان بباتەوە و هەردوو كاندیدی هەڵەبجە و ڕاپەڕینیشی بە چەند سەت دەنگێك دەرنەچوون. ئەوە پێمان دەڵێ خەڵكی ئەم ناوچەیە ڕوو لە پارتین و چاوەڕوانن لە داهاتوودا زیاتر بەدەمیانەوە بچێت بۆ ئەوەی ئەنجامەكەی لە هەڵبژاردنەكانی تردا زیاتر رەنگ بداتەوە.

لە بانگەشەدا باسی ئەو كارانەی دەكرد ئەنجامی داون و بەرنامەی ئایندەی دەخستە بەردەم جەماوەر


پارتی پێچەوانەی حزبەكانی تر، لە بانگەشەدا باسی ئەو كارانەی دەكرد ئەنجامی داون و بەرنامەی ئایندەی دەخستە بەردەم جەماوەر، بەڵام ڕكابەرەكانی تاكە بەرنامەیان بۆ خەڵكی ئەوەبوو هاوسەنگی دەگەڕێنینەوە و جنێویان بە پارتی دەدا، ئەوەتا بینیمان پارتی سەركەوت و ئەوانیش دۆڕان، واتە ئاستیی هۆشیاری دەنگدەر زۆر بەرز بووەتەوە و فریو نادرێن.                                   

هاوپەیمانی كوردستان بە دوو حزبەوە 17 كورسی لە دوای پارتییەوەن، لە كاتێكدا پێشتر یەكێتی و پارتی چەند كورسییەكی كەم جیاوازییان هەبوو، كەواتە نەك هاوسەنگی هێزیان نەگەڕاندەوە، بگرە بەیەكجاری پارتی بوو بە هێزی یەكەم و سەردەست و هیوادارم دۆڕانەكەیان نەكەن بە كۆسپ لە بەردەم كاروبارەكانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانیدا، تا حكوومەتی هەرێم لەمەودوا وەك یەك زۆن حوكمی هەموو كوردستان بكات و ئەوەش بۆ هەموو لایەك ئەزموونێكی جوان دەبێت.