ئایا مەسروور بارزانی لە چوار ساڵی حوكمڕانیدا سەركەوتوو بوو؟

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، چوار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی كوردستانی پڕ لە قەیران و كێشە و ململانێ و مەترسی پاشماوەی داعش و بیركردنەوەی شۆڤینییەتی عێراق و ململانێ ناوخۆی لایەنەكان وەرگرت، یار و نەیاری گرەوی سەركەوتن و دۆڕاندنیان لەسەری دەكرد.

بارزانی بە باوەڕێكی تەواو نیشتمانییانە دەستی بە بەرنامەی حكوومەتەكەی كرد، هەموو كاتێك چاوی لەوە بوو ئەو بەڵێنانەی داویەتی بە خەڵكی كوردستان، وەك خۆی جێبەجێیان بكات، بۆیە بە ڕژدی هەنگاوی دەنا و هەنگاو بە هەنگاو بەسەر قەیرانەكاندا سەر دەكەوت و ئاوڕی بۆ دواوە نەدەدایەوە، داوای لە هاوبەشەكانی لە حكوومەت دەكرد بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدا بن كە خەڵكی كوردستان پێیانی داوە، بەڵام دواتر هاوبەشەكانی لە بری هاوكاری، دژایەتیی حكوومەتیان كرد كە خۆیان پۆستی باڵایان هەبوو، ئەوەش لە هیچ هاوبەشییەكی حكوومەتی ئیتیلافی نەبووە و نەبینراوە لە دنیای حوكمڕانیی دەوڵەتەكان.

بارزانی توانی بەردەوام بێت لە هەنگاوەكانی و ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەرز بكاتەوە و پڕۆژەكان لە شارەكان بۆ خزمەتی گشتی لە بواری جێبەجێكردندا بوون، حزب و گرووپ و هاوپەیمانیی ساختە، بەردەوام بوون لەوەی چۆن بتوانن ڕێگریی لە بەردەم حوكمڕانییەكی باش دروست بكەن، چونكە لە بەرژەوەندیی ئەوان نەبوو، بۆیە لە حكوومەت دەڕۆیشتنە دەرەوە و بە لێشاو پارەیان بۆ میدیای خۆفرۆش خەرج دەكرد تا دژایەتیی حكوومەت بكەن و هەموو كارە باشەكان بە خراپ وێنای بكەن لە بەرچاو هاووڵاتییان.

یەكێك لەو هەنگاوە گەورانەی مەسروور بارزانی نابووی و خۆشحاڵیی لای خەڵك دروست كرد، ئەوەبوو مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەم كرایەوە، لە خولەكانی داهاتووشدا هەر پەرلەمانتارێك خزمەتی پێویستی فەرمانبەری نەبێت و تەمەنی ٤٥ ساڵ نەبێت، ئەوە خانەنشینی نایگرێتەوە، سەتان پلەی باڵا هەڵوەشانەوە كە لە دەرەوەی ڕێنوێنییەكان بۆیان كرابوو، هەزاران دوو مووچە و زیاتر مووچەیان بڕا و خەرجیی ناپێویست كەم كرایەوە و داهات بەرچاو زیاد كرا، حكوومەتەكەی بەبێ قەرزكردن و لێبڕینی مووچە و پشتبەستن بە بەغدا، مووچەی مانگانەی دابەش دەكرد.

ئێستە ڕێككەوتنێك لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە لەسەر نەوت و شایستە داراییەكانی كوردستان، بۆ یەكەم جار بوو بەغدا وەك حكوومەتێكی فیدراڵ، ڕێككەوتنی نووسراو لەگەڵ هەولێر واژوو بكات، پاش ئەو بڕیارەی دادگای پاریس دژ بە نەوتی كوردستان، دژبەرەكانی سەرۆك وەزیران چاوەڕێی كەوتنی حكوومەتەكەی بوون، بەڵام بارزانی لە بەغداوە لەگەڵ هاوتاكەی رای گەیاند، ڕازی نابن یەك مافی دەستووریمان پێشێل بكرێن و سوورین لە وەرگرتنی مافەكانی گەلەكەمان، چاوەڕێ دەكرێ سێ ساڵی ئایندە، سێ ساڵی باشبوونی دارایی كوردستان باشتر ببێت، خەڵك دڵیان بە ڕێككەوتنەكە خۆش بووە و ستایشی هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانەكەیان دەكرد.

ئەوەی هەیە ئەگەر چوار ساڵی تر لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، حوكمڕانییەكی باش دەبێت بۆ كوردستان و ئەو ڕێكخستنەوەیەی حوكمڕانی لەم چوار ساڵی پێشتر، دەبێتە بناغەیەكی زۆرباش بۆ چوار ساڵی ئایندە، كوردستانێكی بەهێز هەنگاو بۆ بەهێزتر دەنێت و هەموو بڕواكان ئەوەن كە مەسروور بارزانی توانی چوار ساڵی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی كوردستان لە بەغداوە، دابەزینی نرخی نەوت بۆ سفر و نەخۆشیی كۆرۆنا و مەترسییەكانی پاشماوەكانی تیرۆریستانی داعش و گرفتەكانی ناوخۆ، موعجیزەئاسا تێبپەڕێنێت.

پاش چوار ساڵ لە دەسەڵاتەكەی دەتوانین بڵێین، مەسروور بارزانی توانی سەركەوتوو بێت، ئەوانەشی گرەوی كەوتنی حكوومەتەكەیان لێ دەكرد و بە كردەنیش كاریان بۆ كەوتنی كرد، دۆڕان و بەچەندان شێواز لە ڕێی میدیاكانیانەوە دەیانەوێت پەردەپۆشی دۆڕانەكەیان بكەن، بەردەوامن لە چەواشەكاری و وەك سەرۆك وەزیران گوتی، ئەوانەی دژی منن كەمینەن، بەڵام دەنگیان بڵندە، ئەوانەن كە دەیانەوێ گەندەڵی بكەن و خیانەت بكەن و كەسیش لێیان نەپرسێتەوە، ئەوەش بۆ ئێمە شانازییە ئەو جۆرە كەسانە دژایەتیمان بكەن.