هاوسەنگی هێز دەگەڕێنینەوە

ساڵی 2009 كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتیی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتەی سلێمانی لە دایك بوو، بانگەشەی ئەوە دەكرا كە هاوسەنگی هێز ڕاست دەكەنەوە و ناكرێ هەموو بڕیارەكان لە هەولێرەوە بدرێت. چما هەولێر پایتەختی 40 ملیۆن كورد نییە؟

لەو ساڵەوە هەموو بانگەشەکانی هەڵبژاردنی یەكێتی و گۆڕان ئەوە بووە كە هاوسەنگی هێز دەگەڕێننەوە، میلەتیش دەپرسێ هاوسەنگی هێز لەگەڵ هەولێر دەگەڕێننەوە یان لەگەڵ بەغدا؟ دەكرێ بگوترێت دەمانەوێ بەهێزەوە لە بەغدا بین، تا هاوسەنگی هێزی كوردستان بپارێزین، بەڵام هەڵەیە بگوترێ دەمانەوێت هاوسەنگی لەگەڵ هەولێر و پارتی ڕاست بكەینەوە، چونكە هەولێر پایتەختی سلێمانیشە.

لە هەموو ئەو بانگەشانەی ئەو هێزانە كردوویانە بۆ هاوسەنگكردن و ڕاستكردنەوەی هێز لەگەڵ هەولێر و پارتی، سەعاتی كۆتایی دەنگدان دەركەوتووە، ئەوان نەك نەیانتوانیوە هاوسەنگی ڕێك بكەنەوە، بگرە ناهاوسەنگتر بوون بەرانبەر حزبی ڕكابەریان و هەولێر، تا وای لێهات هەم هەڵبژاردنە دڵنیای کردن کە تەنانەت رکابەریش نین.

تەنیا بۆ ئەوەی پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لاواز بكەن.


لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یەكێتی و گۆڕان هاوپەیمانی هاوبەشیان پێكهێنا، لێكتێگێشتنی تەواویشیان هەبوو لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی كە لە بازنەكان دەنگ بە یەكتر بدەن، تەنیا بۆ ئەوەی پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لاواز بكەن.

دروشمی سەرەكیی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان ئەوە بوو، بەدەنگی بەرز لەناو جەماوەری یەكێتی و گۆڕان هاواری دەكرد، هاوسەنگی هێز دەگەڕێنینەوە، باشە كاكە قوباد تۆ جێگری سەرۆكی حكوومەت نیت؟ بۆ تۆ خاوەنی هێز و بڕیار نیت، ئایا لەگەڵ هەولێرتە یان بەغدا؟ ئاخر نابێ تۆ جێگری سەرۆكی حكوومەتەكە بیت و باسی هاوسەنگی هێزیش بكەیت.

لە سەعاتی كۆتایی دەنگدان دیسان دەركەوت نەك یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو نەیانتوانیوە هاوسەنگی هێز بگەڕێننەوە، بە پێچەوانەوە تەرازووەکە زیاتر بە لای پارتیدا شكایەوە.

هاووڵاتییانی كوردستان جارێكی تر متمانەی خۆیان بە پارتی دایەوە، لە 25 كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بەرزیان کردەوە بۆ 33، بەڵام هاوپەیمانییەكەی گۆڕان و یەكێتی تەنیا 16 كورسییان بەدەست هێنا، واتە ناگەن بە نیوەیشی. كۆمەڵ تەنیا كورسییەكی بەدەست هێنا، یەكگرتووی ئیسلامی چوار كورسی کە سیانیان سەربەخۆ خۆیان هەڵبژاردبوو، نەوی نوێ نۆ كورسی. واتە كۆی حزبەكان 30 كورسی و پارتی بەتەنیا 33 كورسی. ئەوەیە دەڵێ چاكی مەكە با خراپ نەبێت.

ئێستە حزبەكانی كوردستان دەبێ چاویان لە سەبەتەكەی پارتی بێت چەند لەو پۆستانەی كورد بەری دەكەوێت لە بەغدا، بەشیان بدات، دیارترینیان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقە كە ئەگەر بەپێی دەنگ و كورسی بێت، پشكی پارتییە و ئەو حزبە دەبێ بڕیار بدات بازەكە لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە.

بۆ چوار ساڵی ئایندە، تەواوی بڕیاری كورد لە عێراق و ناوچەكە و دنیا لە ڕێی پارتییەوە دەدرێت، دەبێ هەموو حزبەكانی تریش پابەندی ئەو بڕیارانە بن كە پارتی دەریان دەكات، هەرچەندە پارتی هەمیشە ئەو حزبە بووە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و یەكگرتوویی ناوماڵی كوردستان، قوربانیی بە خۆی داوە.

پێویستە لە هەموو كاتێكدا هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بیر لەوە نەكەنەوە هاوسەنگی لە نێوان سلێمانی و هەولێر بەرز و نزم یێ، چونكە هەولێر پایتەختی كوردستانە و دەبێ بەهێز بێت، هەموو كار بۆ ئەوە بكەن قەوارەی هەرێمی كوردستان لە هەولێری پایتەختەوە بەهێز بێت بەرامبەر بەغدای عەرەب، هیچ هەڵەیەك نەكەین، وەك ئەوەی لە ڕابردوودا كۆمەڵێك پەرلەمانتاری خۆفرۆش و كۆمەڵێك كەسی خاكفرۆش كردیان، بۆ لاوازكردنی هەولێر بەرانبەر بەغدا.