شانەدەر، قووڵایی مێژووی نەتەوەی کورد

AM:11:13:07/05/2024 ‌
یەكەم/ داپیرە زێد 

تیمێکی لێکۆڵەر و پسپۆڕان لە زانکۆی کامبرێجی بەریتانی ساڵی 2018 سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە دەستبەکار دەبن. دواتر چەند ئێسکوپروسکێک دەدۆزنەوە و لە تاقیگەی زانکۆدا لە بەریتانیا دووبارە بەشێوەی سێڕەهەندی بنیاتی دەنێنەوە و دەرەنجام رای دەگەیەنن کە کەلەسەرەکە خاوەندارێتی مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ دەکات لە رەگەزی مێ و لە تەمەنی 40 ساڵیدا کۆچی کردووە و لە ئەشکەوتی شانەدەری سەر بە پارێزگای هەولێر نێژراوە. 

دیارە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئەوەی دەرخستووە، ئەو مرۆڤە نیاندەرتاڵە 75 هەزار ساڵ بەر لە زاین لەو ناوچەیە ژیاوە و دوو تایبەتمەندی هەبووە: 

یەکەم، بە زمانی ئاماژە گفتوگۆ و پێوەندییان لەگەڵ یەکتردا کردووە. دووەم، مردووەکانیان ناشتووە. 
بە بەڵگەی ئەوەی ئەو کەلەسەرەی دۆزراوەتەوە نێژراوە و دواتریش لە ڕێگەی ماددەیەکی تایبەتی ناو ددانەکانییەوە بە چەند راستی و بەڵگەیەک گەیشتوون. دیارە ئەوەی روو دەدات ئاماژەیە بۆ هەبوونی شارستانیەت لە کوردستان و بە دیاریکراویش ئەوەی پێی دەگوترێت بناری چیای زاگرۆس یان ناوچەی زاگرۆس یان زاگرۆسییەکان. 

ئەوەی دۆزراوەتەوە و ناو نراوە "نەنە زێد" بە داپیرە گەورەی کورد وەک نەتەوە دادەنرێت و گوزارشت و نوێنەرایەتیی شارستانیەت و ژیار و تێگەیشتن و ئاوەدانی نەتەوەی کورد دەکات لە ناوچەکەدا. هاوکات ئەو بەرهەم و لێکۆڵینەوە زانستییەی توێژەر و زانکۆ بەریتانییەکە بە خێرایی دەبێت بە فیلمێکی بەڵگەیی و لە پێگەی جیهانی نێت فلێکس بەردەست دەبێت. ئەمەیش گرنگی و قورسایی و بایەخی کارەکە و شوێن و پێگەی ستراتیجی کوردستان و کورد دەردەخات، لە مێژووی شارستانێتی جیهان و دیرۆکی مرۆڤایەتی و کەلەپووری جیهانیدا. 
کورد بەپێی هەموو بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان، خاوەن شارستانیەت و رابردوو و ئاوەدانی و ژیانە لە نەخشەی شوێنەوەرناسی جیهاندا.  

دووەم/ باکوری عێراق یان هەرێمی کوردستان 

هەر لە چرکەساتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم دۆزینەوە و توێژینەوە زانستییەوە، بەشێکی تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی لە عێراق، سەرنجیان خستە سەر هەواڵەکە و وەک بەشێک لە شارستانیەتی عێراق ناویان هێنا و هەرێمی کوردستانیش بوو بە باکوری عێراق لە دەربڕین و گوزارشت و هەواڵەکانیاندا. دیارە ئەم جۆرە تێگەیشتنە رەهەند و پاڵنەری زۆری هەیە و دەکرێت ئەم گوتاری باکوری عێراقە لەبری هەرێمی کوردستان، لەلایەن رای گشتی یان تۆڕەكانی کۆمەڵایەتیی عێراقییەکانەوە بە چەندان شێوە و جۆر لێک بدەینەوە. 

سەرەتا هەرێمی کوردستان ناو و ناونیشانێکی دەستووری و یاساییە و لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا لە 2005 کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان پێ داوە، کوردستان وەک هەرێمی کوردستان ناوی هاتووە نەک باکوری عێراق، دەوڵەتی عێراقیش بە سیستم و شێوەی فیدڕاڵی رێکخراوە و ئاماژەی بۆ کراوە، فیدڕاڵیزم واتە دابەشکردنی دەسەڵات و بوونی هەرێم و حکوومەت و دامەزراوەی فیدڕاڵی. 

بە شێوەیەکی گشتی، هێشتا عەقڵیەتی زاڵی عێراقی، هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی شارستانی و کولتووری و فەرهەنگی و جیۆگرافی تەواوکەر دەبینێت بۆ شارستانیەتی ناوچەکە و بە تایبەتیش عێراقی، لە کاتێکدا رابردوو و مێژوو و ژیار و شوێنەوارناسی کورد، زۆر جیاوازە لە شارستانیەتەکانی تری ناوچەکە. 

راستە ئەمڕۆ لە ڕووی سیاسی و دەوڵەتی و دامەزراوەیی و سەروەرییەوە، هەرێمی کوردستان بەشێکی تەواوکارە لە عێراق، بەڵام لە ڕووی ژیار و کەلەپور و شوێنەوار و رابردوو و ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگییەوە، دوو شارستانیەتی جیاواز و ناچوونیەکن و توێژینەوەی زانستی زانکۆی کامبرێج و توێژنەوەکانی تر، زیندووترین بەڵگەی ئەو ئارگیۆمێنت و بۆچوونەی ئێمەن و هاوکات بۆچوونەکەشمان پاڵپشت و پشت ڕاست دەکەنەوە.  

سێیەم/ شوێنەوار وەک هێزی نەرم 

شوێنەوار و رابردوو دەکرێت وەک قووڵایی ستراتیجی بنیاتنانی نەتەوە و پڕۆسەی نەتەوەسازی و تەنانەت هێزی نەرم، وێنا بکرێت و بەگەڕ بخرێت، بە تایبەت لە ڕێگەی کەرتی گەشتیاری و بازاڕسازی و راکێشانی نەتەوە و گەلانی تر و گەشتیاری بیانییەوە. 

دیارە فراوانکردن و زیادکردنی سەرچاوەکانی هێزی نەرم بێ ئەندازە و یەکجار بە نرخ و گرنگن، بە تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان کە جۆرێک لە سەربەخۆیی و حکومڕانی تێدا ئامادەیە و دەتوانێت باشتر ئەم سەرچاوانەی هێزی نەرم پێڕەو بکات و بەکار بهێنێت. شوێنەوار و رەگەزەکانی تری شارستانی یەکێکە لە پاڵنەرەکانی نەتەوە و بیانییەکان بۆ سەردان و تەنانەت بنیاتنانی پێوەندی دبلۆماسی لە ئاستی جەماوەریدا. 
راستە ئەشکەوتی شانەدەر و مرۆڤی نیاندەرتاڵ و پێگەی مێژوویی ناوچەکەی ئێمە زۆر گرنگن، بەڵام لەوە گرنگتر پاڵپشتی و پشتگیری و ساغکردنەوەی ئەو رووداو و راستییە مێژووییانەیە لەلایەن ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانی رۆژئاواوە و بە تایبەتیش وڵاتێکی وەک شانشینی یەکگرتووی بەرتیانیا و زۆر بە دیاریکراویش زانکۆی کامبرێج کە بە پێشەنگی زانست و زانیاری و داهێنان و یەکلاکردنەوەی راستییە زانستی و مێژوویەکان دادەنرێت لە جیهاندا. 

دەکرێت ئەم رووداوە مێژووییە بۆ ئێمەی کورد و هەموو پارچەکانی کوردستان، ببێت بە وەرچەرخان و قۆناغ و وێستگەیەکی تازە لە گفتوگۆ و پێوەندیکردن بە جیهانی دەرەوە و گەلانی تر و لەمەودوا لە ڕێگەی بازاڕسازی و گوتارێکی تازەی گەشتیاری و دبلۆماسییەوە، ئەم پرسە بکەین بە چەقی شارستانی و ژیاری نەتەوەکەمان و سەرنجی ئەوانیتر و دەوروبەر و جیهان، لەڕێگەی ئەم کەلەپورە مێژووییەوە زیاتر رابکێشین، وەک زۆر وڵاتی تری دنیا.