هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم لە پێناو ئابوورییەكی بەهێز

AM:11:40:26/06/2021 ‌
كشتوكاڵ و پیشەسازی تەواوكەری یەكترن و ئابوورییەكی بەهێز بەرهەم دێنن، بۆیە كوردستان پێویستی بە هەنگاوە بوێرانەكانە و بەمدواییە كردنەوەی كارگەی جیپسی فینگەر لەلایەن سەرۆكی حكوومەت، هەنگاوێكی گرنگی ئابوورییە لەپاڵ هەبوونی ژمارەیەك كارگەی تر كە بەرهەمی خۆماڵی بەرهەم دێنن لە هەرێمی كوردستان، گرنگە ئەمە ببێتە سەرەتایەك بۆ شۆڕشێكی پیشەسازیی فراوانتر، ئەم كارگەیە توانای ساغكردنەوەی ڕێژەیەكی بەرچاوی بەرهەمی كشتوكاڵی هەیە، بۆیە بە هەنگاوێكی ئەرێنی و پێویستی دەزانین و كاری لەم چەشنە پێویستە بەردەوام بێت.

ئەم هەنگاوانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێی دەستخۆشین، لە هەمان كاتدا دەبێ بەپێی یاسای پاراستنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان، چاودێرییەكی باش بۆ سەر كەرتی پیشەسازی هەبێت، بۆ ئەوەی كارگەكانمان بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆ بگۆڕن بۆ بەرهەمی پیشەسازیی، تا هانی جووتیار بدرێ بگەڕێنەوە گوندەكان و ترسیان لە ساغنەبوونەوەی بەرهەمەكانیان نەبێت، بەمەش بەرهەمی كشتوكاڵی زیاتر دەبێت كەرتەكە بەرەوپێش دەڕوات و گەشە دەسێنێت، نەك كارگەكانمان بەرهەمی كشتوكاڵی لە وڵاتی تر هاوردە بكەن، لە كاتێكدا لە ناوخۆ ئەو بەرهەمانە بەرجەستەن و دووبارە جووتیار سارد بكەینەوە لە كاری كشتوكاڵی. 

لەم بوارەدا بە خۆشحاڵییەوە لەمدواییە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەستا بە دەركردنی یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان ژمارە دووی ساڵی 2021 كە لە بڕگە 12 و 13 و 14ی مادەی یەكەمی یاساكە ئاماژەی بەو بابەتە كردووە. 

لەلایەكی ترەوە دەبێ چاودێری كەرتی پیشەسازی بكرێت بۆ ئەوەی ڕێژەیەكی بەرچاو لە بێكارانی خەڵكی ناوچەكان و كوردستان دابمەررێنن بەگوێرەی داهاتەكانیان، ئەمەش سوودێكی تری كەرتی پیشەسازییە و دەبێ حكوومەتی هەرێم بە هەندی وەربگرێت، لە بەرانبەریشدا ئەو كارگانە بپارێزرێن بە رێكاری تۆكمە و بەهێز، بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان پێشبڕكێ لەگەڵ بەرهەمی وڵاتان بكەن و توانای پێشبڕكێیان هەبێت، نەك بەرهەمی هاوردەكراو زاڵ بێت بەسەر بەرهەمی ناوخۆ كە لە كۆتادا لە كاركەوتنی كارگە خۆماڵییەكانی لێ بكەوێتەوە و خەڵكێكی زۆر بێ كار بن، بە خۆشحاڵییەوە یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی ساڵی 2021 زۆر بەڕێكی ڕێی لەو كارە گرتووە، ڕێكاری پێویستی دیاری كردووە كە بەرهەمهێنەری ناوخۆ دەتوانێ بیگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرهەمەكەی كە لە مادەی سێیەم باسی لێ كراوە.

لێرەدا دەتوانین بڵێین لەكاتی چالاكبوونی كەرتی پیشەسازی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ لە دەستدرێژی و نوقمبوون، كەرتی كشتوكاڵی چالاكتر دەبێت، لە هەمان كاتدا ڕێژەی بێكاری كەم دەبێتەوە، چ ئەوانەی لە كارگەكان دادەمەزرێن و چ ئەوانەی دەگەڕێنەوە سەر كاری كشتوكاڵی، ئەوەش خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دەگەڕێنێتەوە كە ئەركی حكوومەتە داهاتی تاك بەرز بكاتەوە و خۆشگوزەرانی بەدی بێنێت.

لێرەدا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەپلەی یەكەم ئەركە قورسەكە دەكەوێتە سەرشانی، وەك لە یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵی 2021 ئاماژەی پێ كردووە، وەزارەتی  بازرگانی و پیشەسازی دەسەڵاتی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی هەیە لەكاتی دروستبوونی مەترسی بۆ سەر بەرهەمی ناوخۆ، دەتوانن ڕێكاری پێویست بگرنەبەر كە لە یاساكەدا هاتووە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و پلاندانان، دەبێت ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ سەرخستنی پلانی حكوومەت، بەدواداچوون بكەن بەشێوەیەكی بەردەوام ئەگەر پێویست بكات ڕێنوێنیشی بۆ دەربكەن.
مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین، پسپۆڕ لە یاسا و بازرگانی نێودەوڵەتی