شەڕی ئابووری یان بەكارهێنانی هێز؟

AM:11:29:15/08/2021 ‌
ئەوەی لە دنیا ڕوو دەدات، بەشێكیان گۆڕانكارییەكانی پاش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڤیدن كە چاوەڕوانكراو بوون، بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ترسناكە ئابووری وڵاتانی خستە مەترسی و بووە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی زیاتر لە دنیادا، هاوكات بێكاربوونی ژمارەیەكی زۆری كرێكار. ئەمەریكا وەك سوپەرپاوەر و زلهێز، دركی بەو مەترسییە زیاتر كرد، بۆیە پێدەچێت هەنگاوەكانی بە ئاراستەی بەهێزكردنی زیاتری ئابووری بێت بۆ ماوەیەك، ئەمەش وا دەكات لەمەودوا خوێندنەوەی تر بۆ پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمەریكا بكرێت. بەتایبەت بینیمان بایدن دوای ئاراستەكردنی ڕەخنەیەكی زۆر بۆ ئیدارەی تڕەمپ، بەڵام دواتر خۆی جڵەوی دەسەڵاتی گرت و لەسەر ڕێبازی ئیدارەی تڕەمپ بەردەوام بوو، ئەوەش پێمان دەڵێ، ئەوە ستراتیجیی ئەمەریكایە بۆ ئێستە. 

ئەمەریكا پێدەچێت بۆی دەركەوتبێ شەڕی ئابووری گرنگی زیاترە، بۆ ئەوەی لە هەردوو بواری هێز و ئابووری پێگەی خۆی بپارێزێ. ئەوەش پێویستی بە خۆكۆكردنەوەیە، بۆیە هێزە شەڕكەرەكانی دەكشێنێتەوە و داوا لە ئۆپیك دەكات نرخی نەوت دابەزێنن، ئەوەش نیشانەیەكی تری گرنگی ئابوورییە بۆ ئەمەریكا.

ئەمەریكا دەیەوێ گرنگی بە پێشككەوتنی تەكنەلۆجیا زیاتر بدات


لە بڕی ناردنی هێزی شەركەڕ، ئەمەریكا دەیەوێ گرنگی بە پێشككەوتنی تەكنەلۆجیا زیاتر بدات، بەمدواییە چین خۆی بە پێشبڕكێكار لەگەڵ ئەمەریكا دادەنا، بەڵام ئەمەریكا بەهۆی پێشككەوتنی لە بواری تەكنەلۆجیا و گەیشتن بە ئاسمانی دەرەكی، زیاتر خۆی لە ئاسمانی دەرەكی نزیك دەكاتەوە  outer spsce كە بەمدواییە ڕای گەیاند لە 2024 گەشت بۆ مەریخ ئەنجام دەدات، دوای دەركردنی یاسای بەكارهێنانی بازرگانی ئاسمانی دەرەكی لە ساڵی 2015 لەلایەن ئیدارەی تڕەمپ، هەرچەندە لەگەڵ ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكان ناكۆكی هەیە، بەڵام ئێستە ئەو تەكنەلۆجیایەی ئەمەریكا هەیەتی بۆ گەیشتن بە ئاسمانی دەرەكی، هیچ وڵاتێك نیەتی لەسەر گۆی زەوی، پشتگیرییەكانی ئەمەریكا بۆ گەورە سەرمایەدارانی لەم بوارە دەرخەری ئەو ڕاستییەن، ئەمەریكا پشتگیری سەرمایەدارانی گەورە دەكات لەم بوارەدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، بەتایبەتی دوای ئەوەی یاسای پێویستی بۆ دەركردن بۆ پاراستنی سەروەت و سامانیان كە دەیان بێت لە ئاسمانی دەرەكی، وەك "ئیلۆن ماسك و جۆن بیزۆس" كە دوو سەرمایەداری بەهێزن و هەوڵی ڕۆڵگێڕان دەدەن لەم بوارەدا، بۆیە بە ملیاران دۆلار تەرخان دەكات بۆ گەیشتن بە مەریخ.

 لەلایەكی ترەوە، لە ڕووی پێویستبوونی ناوچەكە بە مانەوەی هێزی ئەمەریكا، وەك هێزێكی ناپێویست و خۆشنەویست لە ناوچەكەدا، خەریك بوو ناوی دەردەكرد، بۆیە دەیەوێ پێشانی خەڵكەكە و دەسەڵاتەكان بدات كە بوونی هێزی ئەمەریكی چەندە گرنگە، بەتایبەتی لە عێراق، دوای كوشتنی دوو سەركردەی وەك قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندیس، ئەمەریكا ڕووبەڕووی ڕەخنە و دژایەتی زۆر بووەوە لەلایەن شەقامی عێراقی، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی پەلەی ڕێكخست و بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكانی دا، هێرش بە شێوازی جیاجیا و بە درۆن دژی ئەمەریكاییەكان زیادی كرد.

چاوەڕوان ناكرێ لە غیابی ئەمەریكا ناوچەكە سەقامگیرتر بێت، بەتایبەتی عێراق كە لە ناوخۆ لەت لەت بووە، ئەمەریكا باش ئاگاداری بارودۆخەكەیە، بەڵام ئایا ئەمەریكا هەر خۆی دەكشێتەوە؟ 

نموونەی ئەفغانستان پێمان دەڵێ، ئەمەریكا لە دوای كشانەوەی، هێزە بیانییەكانی تری بەدواوە دەبێت وەك بەریتانیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا، كەنەدا، ئەمەش لە قازانجی عێراقییەكان نابێت. بەتایبەتی هێزە عێراقییەكان لە ئاسمان ئەو شەڕەیان پێ ناكرێت كە هاوپەیمانان دەیانكرد دژی داعش، بەمەش مەیدان بۆ داعش كراوە دەبێت كە لە شەڕی هێزە عێراقییەكان زیاتر چالاك بن، دیسانەوە پێگەی ئابووری عێراقیش لاوازتر دەبێت لەبری هەنگاونان بەرەو گەشەسەندن و ئابووری بەهێز، دەبێت بودجەی زیاتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش تەرخان بكات.

ئاماژەكان پێمان دەڵێن، ئەمەریكا بەرەو ئابوورییەكی بەهێزتر هەنگاو دەنێت، لایشی گرنگ نییە وڵاتانی تر چۆن دەیگوزەرێنن، بەتایبەتی دوای پێشككەوتنە جیهانییەكان لە بواری تەكنەلۆجیا. ئیتر ئەمەریكا نایەوێ لە ئاستی پێشككەوتنی تەكنەلۆجیای پێویست نەبێت، لەبەرئەوەی ئارەزووەكانی زۆر زیاترە لەوەی كە ئێستە هەیە، بۆیە ماوەیەك لە سەرئێشەی جەنگ دوور دەكەوێتەوە، لەو ماوەیەدا ڕەنگە ئەمەریكا لە دوورەوە چاودێری هاوپەیمانەكانی بكات و بە پلانی نوێ لە داهاتوودا بگەڕێتەوە ناوچەكە و وەك هێزی ڕزگاركار پێشوازی لێ بكرێت.

شەڕی بایۆلۆجی، ئەمەریكا بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەو ڤایرۆسە، پێشتریش چینی بە بڵاوكردنەوە ڤایرۆسی كۆڤید تۆمەتبار كرد، ڕەنگە ئەو جۆرە شەڕە ترسناكتر بێت لە ڕێیە كلاسیكییەكە، لەگەڵ ئەوەی ڕێپێدراویش نییە بەگوێرە‌ی ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكان، ئەمەش هۆكارێكی تری ساردبوونەوەی ئەمەریكا لەو شەڕە كلاسیكەی كە هەیە.

لەلایەكی تریشەوە شەڕی درۆن تێچووی زۆری بۆ ئەمەریكاییەكان دروست كردبوو، خەریك بوو هێزەكانی ماندوو دەكرد، بۆیە ئەمەریكا دەیەوێ بە تەكنەلۆجیای تر ڕووبەڕووی درۆنەكان ببێتەوە و بە كەمترین تێچوو، ئەوەش دیسانەوە پێویستی بە كاتە.

مامۆستای زانكۆ 
پسپۆڕ لە بواری یاسای ئابووری نێودەوڵەتی