ئەندامێتی عێراق لە ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی و كاریگەریی لەسەر كوردستان

PM:01:33:15/07/2021 ‌
عێراق ماوەیەكە هەستاوە بە پەسندكردنی كۆمەڵێك ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی، بەشێكیان تایبەتن بە بواری ئابووری و هۆكارەكەی بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و بەهێزكردنی ئابووری وڵاتە، وەك ڕێككەوتننامەی هاوكاری لە بواری داهێنان Patent  كە جۆرێك لە خاوەنداریەتیی هزری و بە ڕێككەوتننامەی PCT ناسراوە، نزیكەی مانگێكە یاسای پەسندكردن و چوونە پاڵی پێ دەرچووە. پەسندكردنی ڕێككەوتننامەی نیویۆڕكی ساڵی 1958 تایبەت بە جێبەجێكردنی حوكمی ئەجنەبی، ئەمەش گۆڕانكارییەكی گەورەی ترە و بە كرانەوەی عێراق دادەنرێت بەڕووی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ملكەچبوون بۆ بڕیاری دادگای ئەجنەبی. چەندان ڕێككەوتننامەی تریش كە پێوەندییان بە پاراستنی ژینگە و بواری ترەوە هەیە. 

 بەڵام چوونە پاڵ ڕێككەوتننامەكان و بوون بە ئەندام تێیاندا، بەبێ ئەوەی ژینگەی گونجاو بۆ جێبەجێكردنیان دروست بكرێت، زیاتر دروستكردنی پابەندبوونە لەسەرشانی دەوڵەت، لە ئەگەری پابەند نەبوون پێیانەوە، زیانی ئابووری بە وڵات دەگەیەنن و قەرەبوو دەكەوێتە سەرشانی دەوڵەت، بۆیە ژینگەی گونجاو دەبێت لەم بوارانە بێتە ئاراوە.
هەڕێمی كوردستان دەبێت ئاگاداری ئەو گۆڕانكارییانە بێت

 هەڕێمی كوردستان دەبێت ئاگاداری ئەو گۆڕانكارییانە بێت كە ڕەهەندی ئابووری و تا ئاستێكیش سیاسییان لە پشتە. لێرەدا حكوومەت و پەرلەمان پێویستە ڕۆڵیان هەبێت. دەبێ حكوومەتی عێراق ئاگاداری حكوومەتی كوردستان بكاتەوە، پێش ئەوەی پڕۆژەیاساكانی پەسندكردنی ڕێككەوتننامەكانی نێودەوڵەتی بۆ پەرلەمانی عێراقی بنێرێت. هەروەها كۆمەڵێك وەزیری كوردستانی بەشدارن لە پێكهاتەی حكوومەتی عێراقدا، دەتوانن ئەم ڕۆڵە بگێڕن، تا هەڕێمی كوردستانیش وەك بەشێكی عێراق، ئامادەسازیی بكات بۆ پابەندبوون بەو ڕێككەوتننامانە، بۆ ئەوەی هەڕێم تووشی زیان نەبێت، خۆی یان بازرگانانی قەرەبوویان بكەوێتە سەرشانیان. چونكە هەر ڕێككەوتننامەیەك كۆمەڵێك ئەرك لەسەر دەوڵەت دروست دەكات و دەبێت پێیانەوە پابەند بێت، لە دوای پەسندكردنی ڕێككەوتننامەكانیش لەلایەن پەرلەمانەوە، لە وڵاتدا دەكەونە بواری جێبەجێكردن و كارییان پێ دەكرێت وەك یاسا. 

 هەرچەندە لەبارەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكان لە هەرێمی كوردستان، دوای پەسندكردنیان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، جێی مشتومڕی یاساناسانە بەهۆی نەبوونی دەقێك لە دەستووری عێراقدا تایبەت بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی لە هەرێمەكاندا، چونكە ئەمە لە دنیادا بە دەقی لەم چەشنە بوونی هەیە، بۆ نموونە دەستووری وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە مادەی شەش، ئاماژە بەوە دەكات هەر ڕێككەوتننامەیەك لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكاوە پەسند بكرێت بە ڕەزامەندی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران، بەسەر هەموو ویلایەتەكاندا جێبەجێ دەبێت وەك یاسای باڵای وڵات، هەتا پێچەوانەی دەستووری ویلایەتێكیش بێت. بێ ئەوەی پێویست بە دەرچوونی یاسا بكات بۆ جێبەجێكردنیان لەلایەن هەرێمەكانەوە، بۆیە لە هەموو بارێكدا وا باشترە هەرێمی كوردستان ئاگاداری گۆڕانكارییەكان بێت و لێیان بێ ئاگا نەبێت.

لێرەدا پەرلەمانتارە كوردستانییەكانی عێراق دەبێت ڕۆڵیان هەبێت، هاوئاهەنگی باش بكەن لەگەڵ حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان بۆ ڕەخساندنی ژینگەی لەبار بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتننامانە كە عێراق پەسندی كردوون، یاخۆ پەسندیان دەكات لە داهاتوودا و دەبێتە ئەندام تێیاندا.