بانگەشەی هەڵبژاردن پێویستی بەفەتوا و هاتوهاوار نییە

AM:11:33:06/10/2021 ‌
هەڵبژاردن تاكە مافی هاووڵاتییە بۆ ئەوەی بتوانێ نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی دیاری بكات، لە وڵاتانی پێشكەوتوو و دیموكراسییەكان، خەڵك بەبێ گوێدانە فەتوای هیچ كەسێك و حزبی ئاینی و هاشوهووشی هەڵبژاردن، دەنگ بە لیست و كاندیدەكان دەدات، بەڵكو لەسەر بنەمای خزمەتكردن و لێهاتوویی كاندیدەكان دەنگ دەدەن، ئەوەی سەیرە لەلای خۆمان كاتێك هەڵبژاردن دێتە پێش، كۆمەڵێك  فەتوای سەیروسەمەرە گوێبیست دەبین، بۆ نموونە ئەگەر دەنگ بە فڵان كەس و لایەنی ئیسلامی نەدەیت، گوناهبار دەبیت، یان هەندێك كاندید دەڵێت ئەگەر دەربچم بۆ پەرلەمان، مووچەكەم دەبەخشمە هەژاران. كاری پەرلەمانتاری نەكاری خێرخوازی و دەزگای ژن و ژنخوازییە، بەڵكو شوێنی دەركردنی یاسایە، بۆیە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن نە بەفەتوا دەكرێت، نە بە بەڵێنی ناتەندروست و هاشوهووشی بێ بنەما.

مێژووی فەتوادان كۆنە و تازە نییە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی یەكەم كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی یەكەم خولی پەرلەمان، هەندێك لایەن پێیان وابوو چوونی خەڵك بۆ پەرلەمان حەرامە و نابێت پەرلەمان هەبێ، ئەم برادەرانە لە بیریان چووە كە لەبری خوای گەورە حەرام و حەڵاڵ دیاری دەكەن، چونكە حەرامكردن تەنیا لەلای خوای گەورەیە و حەڵاڵكردنیشی بەهەمانشێوە، حەرام و حەڵاڵ كارێكی فیقهی نییە، بەڵكو سەوابتە و نەگۆڕە لە ئاینی ئیسلامدا.

 پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێت دەفەرموێت، حەرام ڕوونە و حەڵاڵیش ڕوونە، بۆیە بۆ حەرامكردن و گوناهباركردن پێویستی بە فەتوای كەس نییە، ئێستە روون بووەتەوە لەگەڵ بەڕێوەچوونی كات، ئەوانەی فەتوای حەرامكردنی پەرلەمانیان دەدا، ئێستە خەریكی شەڕی كورسی و بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەمان، فەتوای ڕابردوویان لە بیر چووە. هەندێك خەڵكیش ئەوەندە زاكیرە خراپن، وەك شەهابە شێتی لای خۆمان بەهەموو ئاوازێك هەڵدەپەڕن، بەناوی ئاین و دینداری كە نمایش دەكرێ، ئەگەر  بەناو یوتوب بگەڕێیت، بەدەیان فەتوای جیاوازی ئەو برادەرانە دەبیستیت كە ئێستە فەتوای ئەوە دەدەن ئەوەی دەنگیان پێ نەدات گوناهبارە.

جگە لە فەتوای هەندێك كەسی بەرژەوەندخواز، خەڵكانێكی هەرزەكار بەهاشوهووش بەبێ خوێندنەوە بۆ مێژووی پڕ سەروەریی میلەتەكەمان و بەبێ ئەوەی چاویان شتە جوانەكانی هەرێم ببینێت، دێن دەست بەهاشوهووش دەكەن، قسە و لێدوانەكانیان وەك كەفی سەر دەریایە، تەنیا بۆ چەند كەسێكی خۆشباوەڕ نەبێ كەسی تر باوەڕیان پێ ناكات، 10ی ئەم مانگە ڕاستییەكان ئاشكرا دەبن، هەرزەكارەكان بەناوی سەربەخۆ هاتوون و وەك پاڵەوان خۆیان نمایش دەكەن، بەبیانووی ئەوەی لە خولی ڕابردوودا توانیویانە لە بەرەی گەل بن، بەڵام لە بیریان چوو ئەوانە لە بەرەی گەلن كە خەریكی خزمەتكردن و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانین بۆ هەرێمی كوردستان. گەل باش دەزانێت ئەوان لایەنگری عەرەبە شۆڤینییەكان و بڕینی قووتی هاووڵاتییان بوون، هەرزەكارەكان لە بیریان چوو بە چەواشەكاری هەندێك حزب و لایەن، چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان، جارێكی تر خەون بەچوونەوەی ناو هۆڵی پەرلەمان دەبینن، دڵنیام ئەمجارەیان تەنیا خەونە و هیچی تر، چونكە ڕاستییەكان بۆ میلەتەكەمان ئاشكرا بووە.

بۆیە هەڵبژاردن پێویستی بە فەتوا و و هاشوهووش نییە


میلەتی زیندوو دەنگ بەو كەسانە دەدات كە لە خەمی خەڵك و خاكن، بۆیە هەڵبژاردن پێویستی بە فەتوا و و هاشوهووش نییە، بەڵكو خزمەتكردن و خۆشگوزەرانی دەبێتە شایەتێك بۆ ئەوانەی خزمەتیان كردووە، جا لای هاووڵاتییانی هەرێم كوردستان ڕوونە كام حزب و لایەن لە خەمی خەڵك و خاكی هەرێم بوون كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆیە  پێویستە دەنگ بە بەربژێرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدرێت،  بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان بەرجەستە بكەن، بەتایبەت لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە، ئەوەی لە ڕابردوو پەرلەمانتارەكانی پارتی كردوویانە، ئەركێكی مێژوویی و ئەخلاقی خۆیان پیادە كردووە و نەچوونە ژێرباری هیچ لایەنێك، بە پێچەوانەی پەرلەمانتارە كوردەكانی تر كە لە پاڵ لایەنە عەرەبییە شۆڤینییەكان دەوەستان و هەندێكیان لە دژی بەرژەوەندیی باڵای كورد كاریان دەكرد.

هەڵبژاردن ئومێدێكی تر دەداتە لایەنە سیاسییەكان، ئەویش كاركردنە لەسەر بەدەستهێنانی كۆدەنگی لایەنە كوردییەكان لەناو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەمەشیاندا پەرلەمانتارەكانی ڕابردوو هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆریان داوە بۆ بەدیهێنانی كۆدەنگی، بەڵام دروستكردنی بەرەیەك لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەم هەوڵەی پەرلەمانتارە كوردە ڕەسەنەكانی لەبار برد، جا بۆ ئەوەی كورد یەكدەنگ و یەكڕەنگ بێت و ئامانجە ڕەواكانی میلەتەكەمان بەدی بێت، پێویستە دەنگ بە بەربژێرەكانی پارتی بدرێت و هەموو تاكێكی دڵسۆزی كوردستان كار بۆ سەرخستنیان بكات.