پەرلەمان شوێنی خۆكردنە پاڵەوان نییە لە سۆشیال میدیاوە

PM:01:50:28/10/2021 ‌
كاتێك باسی پەرلەمان دەكرێ، ڕاستەوخۆ دەبێ باسی بنەماكانی دیموكراسی بكرێت، چونكە پەرلەمان پرۆسەیەكی دیموكراسییە و حزبەكان و كەسانی سەربەخۆ كێبەركێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین كورسیی پەرلەمانی. ئەندامانی پەرلەمان لە دوو بەرەی سەرەكی پێك دێن، یەكێكیان پشتگیری لە حكوومەت دەكات، چونكە ئەو كەس و لایەنەی زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە، بەشداری لە حكوومەت و پێكهێنانی دەكات، بەشەكەی تر دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، هەردووكیان یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش یاسادانان و چاودێریكردن بەسەر حكوومەت و دەنگدانە بە پڕۆژەیاسای بودجە، هەوڵ دەدەن چاكترین و باشترین یاسا دەربكەن بۆ ئەوەی خەڵك لەژێر چەتری یاسادا سوودمەند بێت و زۆرترین خزمەت بكرێت .

ئەگەر بۆ شیكردنەوەی وشەی پەرلەمان بگەڕێینەوە، وشەیەكی فڕەنسییە بە مانای شوێنی  گفتوگۆ دێت بەشێوەیەكی زانستییانە و مەدەنییانە. لە سەردەمی نوێدا پەرلەمان وەك كۆنگرەیەكی فەرمی پێناسە كراوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكات لەسەر كاروباری تاكی كۆمەڵگە لەرێی ئەو نوێنەرانەی كە لەلایەن گەلەوە هاتوونەتە هەڵبژاردن. بەكورتی پەرلەمان بەشداریكردنی گەلە لە دروستكردنی حكوومەتێكی بەهێز و دەرچوونی یاسا.

لە هەرێمی كوردستاندا مێژووی پەرلەمان نوێیە و زۆر كۆن نییە، چونكە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 دروست بوو، هەر لەوكاتەوە تا ئێستە پەرلەمان هەوڵی داوە چاكترین و باشترین یاسا دەربكات و خزمەتێكی گەورە پێشكەش بەكۆمەڵگای كوردی بكات، دەیان و سەتان یاسای باش دەركراون و چەندان یاسا هەموار كراونەتەوە كە دژ بوون بە بنەماكانی دیموكراسی، توانراوە خزمەتێكی گەورە پێشكەش بە خەڵكی كوردستان و پێگەی هەرێمی كوردستان بكرێت. بەڵام ئەوەی جێی داخە لەگەڵ كرانەوەی كوردستان بەڕووی دنیا و زاڵبوونی سۆشیال میدیا بەسەر تاكی كورد، بەهەمانشێوە پەرلەمانیش كەوتە ژێر كاریگەریی سۆشیال میدیا و گۆڕانكاریی تەواو لە كاری پەرلەمانتاری دروست بووە، بەتایبەت دوای دروستبوونی بەرەیەك بەناوی ئۆپۆزسیۆن، ئەم بەرەیە نەیتوانیوە بە ئەركی خۆی هەڵبستێت و بەشێوەیەكی دیموكراسییانە ئەركەكانی جێبەجێ بكات، چونكە كاری ئۆپۆزسیۆن چاودێریكردنی حكوومەتە و هەوڵ دەدات باشترین و چاكترین پڕۆژەی پێشكەش بكات، بۆ ئەوەی بتوانێ لە خولی داهاتوو پارێزگاری لە كورسییەكانی بكات و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بكات.

بەڵام لە پەرلەمانی كوردستاندا ئۆپۆزسیۆنبوون تاكە كاری ئەوە بووە كەشوهەوای ناو هۆڵی پەرلەمان تێكبدات، بەشێوەیەكی بەردەوام لە ژێر تای هەڵبژاردن ژیان گوزەر دەكات. ئێستە كاری ئۆپۆزسیۆن بووەتە خۆنمایشكردن لە سۆشیال میدیا. ئەگەر ورد بینەوە لەم خولەدا زۆرترین بەركەوتن هەبووە بە بەراورد لەگەڵ خولەكانی ڕابردوو، كەمترین یاسا دەرچووە، ئەم بەركەوتنە بەركەوتنێكی تەندروست نەبووە. كاری ئۆپۆزسیۆن بووەتە هۆی ئەوەی پەرلەمان بەشێوەیەكی سست هەڵسێت بەئەنجامدانی كارەكانی. ئۆپۆزسیۆن وا خۆی نمایش دەكات لە بەرەی گەلە و بە هات و هاوار و قیڕەقیڕ، دەیەوێ بەگەلی كوردستان بڵێت ئێمە پشتیوانی ئێوەین، بەڵام لە بیری چووە گەلی كورد هۆشیارە و بەشێوەیەكی مەدەنییانە چاودێریی پەرلەمانتارەكان دەكات، بە هات و هاواری پەرلەمانتاران فریو ناخوات، ئەمش بەكردەوە بینرا.

تووشی سزایەكی قورسی دەنگدەران بوون و نەیانتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەست بهێنن


 لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، هەندێك لایەن كە خۆیان بەداهێنەری ئۆپۆزسیۆن نمایش دەكرد،  تووشی سزایەكی قورسی دەنگدەران بوون و نەیانتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەست بهێنن،  یان بوونە خاوەنی یەك دوو كورسی. ئەم برادەرانەی ئۆپۆزسیۆن ئەركی خۆیان لە بیر كردووە، بۆیە پێویستە  بەكار و ئەدای خۆیان بچنەوە و لە ئێستەوە نەكەونە ژێر كاریگەریی بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان، چونكە گەلی كورد هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ دەنگەكانی دەكات و باش دەزانێ كێ خزمەتی دەكات و كێ لە خەمی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستاندایە. لەسەر ئەو پەرلەمانتارانەی كە بوونەتە پاڵەوانی سۆشیال میدیا، پێویستە ژیرانە بیر لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بكەنەوە و لە هەوڵی پاراستنی ئەم ئەزموونەدا بن، نەك لە خەمی ئەوەدا بن پارێزگاری لە كورسییەكەیان بكەن، كورسییەك ئەگەر سوودی بۆ میلەت نەبێ و لە خەمی خاك و نیشتمان نەبێ، رێسوابوون و شكستی بەدواوەیە.

 ئەوەمان بەچاوی خۆمان بینی لە دواین هەڵبژاردندا، كۆمەڵێك پەرلەمانتار بەشێوەیەكی بەردەوام، وەك پاڵەوان خۆیان نمایش دەكرد، بەڵام كاتێك گەل سزای دان، خۆشیان چاوەڕوانییان نەدەكرد و نەیانتوانی پارێزگاری لە كورسییەكانیان بكەن. جا هەر كەسێك و پەرلەمانتارێك دەیەوێ ببێتە پاڵەوانی سۆشیال میدیا، دەبێ چاوەڕوانی سزای گەل بكات، چونكە پاڵەوانانی سۆشیال میدیا تەنیا وەك ئەكتەرانی نمایشی جلوبەرگ وان، هەر ڕۆژە و بە دەمامكێك خۆیان نمایش دەكەن، دواجار ڕووی ڕاستەقینە ئاشكرا دەبێت و هەریەكە و بەشێوازێك تووشی شكست دەبن كە نەتوانن جارێكی تر هەستنەوە، بۆیە ئەركی پەرلەمان چاودێری و یاسادانانە، نەك خۆڵكردنە چاوی میلەت لەرێی كردنەوەی لایڤ و سۆشیال میدیاوە.