دكتۆر فرسه‌ت سۆفی
ئێمه به بوێرییه‌وه شان ده‌ده‌ینه به به‌رپرسیاریه‌تی و له رۆژه تاڵ و ناخۆشه‌كان له كاتی ته‌نگژه و كاره‌ساته‌كان پشت ناكه‌ینه میلله‌تی خۆمان و به ده‌نگێكی دلێر و به وێژدانێكی ئاسووده ددان به هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه‌كانمان داده‌نێین. ئێمه راستگۆیانه به میله‌تی خۆمان ده‌ڵێین له ماوه‌ی ساڵانی رابردوو رێڕه‌وی حوكمڕانیمان هه‌ڵه و كه‌موكوڕی و گه‌نده‌ڵی زۆری تێدابووه, چۆن بوێری ئه‌وه‌مان تێدایه ددان به كهموكورتییهمان دابنێین به هه‌مانشێوه شیانی ئه‌وه‌شمان هه‌یه رێی راست بۆ به‌ڕێوه‌بردن و حوكڕانی بدۆزینه‌وه. ئێمه چۆن جوانییه‌كانمان ده‌بینین, رووه‌كه‌ی تریش كه ره‌ش و ناشیرینه ده‌یبینین.
ئه‌وان هه‌میشه له به‌رپرسیاریه‌تی راده‌كه‌ن و له ده‌ستكه‌وت شه‌ریك و له شكستیش ته‌ریك, ئه‌وان به قه‌د هه‌موو دنیا گه‌نده‌ڵی و خێچ و خواریان هه‌بێت، ته‌نیا جوانییه‌كانیان ده‌بینن.
ئێمه ساڵانێكه به‌رپرسیاریه‌تی دۆسیه‌ی ئاسایش و پارێزگاری له ئارامی كوردستان‌مان له شانه، توانیومانه ئاسیش و ئارامی بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌مان دابین بكه‌ین, ژماره‌ی هه‌موو كرده تیرۆرستییه‌كانی له ساڵی ١٩٩١ تا ئێسته له كوردستان كراون هه‌مان ئه‌و ژماره له كرده‌ی تیرۆرستی له ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته له به‌غدا كراون.
ئێمه سه‌ركردایه‌تی دۆسیه‌ی دیپلۆماسی و پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌مان كردووه و به شانازییه‌وه هه‌رێمی كوردستان له‌م ماوه‌یه به‌ره‌و لووتكه هه‌ڵكشا. كاتێكیش له به‌ره‌نجامی پیلانێكی ناوخۆیی و عێراقی و هه‌رێمی هه‌نگاوه‌كانی لاوازكردن و ته‌نانه‌ت له باربردنی ئه‌زموونی هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌ستیان پێ كرد, هه‌ر ئێمه پێشه‌نگی شكاندنی گه‌مارۆكان بووین و جارێكی تر به‌هێزه‌وه گه‌ڕاینه‌وه. ئێمه ده‌ستمان به قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه گرت و هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه‌ی ئه‌وانمان به ناكامی ناشت كه ده‌یانویست جارێكی تر كوردستان پارچه بكه‌نه‌وه و حه‌شد و سوپای پاسدارانیشمان به گیانی خۆمان وه‌ستاند.
ئێمه پێشڕه‌وایه‌تی مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی كوردستان‌مان كرد و تاهه‌تایه تاپۆیه‌كی ره‌شمان بۆ میلهتهكمان نه‌خشاند و دیواری ترس و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانمان رووخاند.
ئێمه كوردستان‌مان له وڵاتێكی وێران كه هێشتا بۆنی خه‌رده‌ل و كیمیایی و ئه‌نفال و زینده‌به‌چاڵی لێ ده‌هات، گه‌یانده وڵاتێك كه دوورترین گوند كاره‌با و قوتابخانه و بنكه‌ی ته‌ندروستی لێ بێت, ده‌یان زانكۆ, فڕۆكه‌خانه و تونێل, به‌رزه‌پرد و رێی ستراتیجی, وه‌به‌رهێنان و نیشته‌جێكردن, ئه‌مانه و چه‌ندانی تر دیوه گه‌شه‌كانی ئێمه بوونه و ده‌شزانین ده‌یان خاڵی ره‌ش و ده‌یان و بگره سه‌دان گه‌نده‌ڵیش له هه‌مان رێی حوكمڕانی ئێمه سه‌ریان هه‌ڵداوه, به‌ڵام ئێمه سوورین زوو یان دره‌نگ به‌ربه‌سته‌كان راده‌ماڵین و به ئیراده‌ی پڕ باوه‌ڕمان هاوشێوه‌ی شه‌ڕی داعش به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیشدا سه‌رده‌كه‌وین. ئێمه سه‌ركردایه‌تی گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنمان كرد به‌سه‌ر تیرۆر و به‌سه‌ر داعش, له‌م پێناوه‌ش هه‌زاران شه‌هید و قوربانیمان به‌خشی و سه‌ربه‌رزانه له پێناوی نیشتمان پله‌ی شه‌هاده‌تیان وه‌رگرت.
ئێمه هه‌میشه له ناو تاریكدا رووناكیمان دۆزیوه‌ته‌وه و سه‌دان هه‌ورازی سه‌ختمان تێپه‌ڕاند و له ناو بێهیوایدا گه‌وره‌ترین هیوامان دروست كردووه‌ته‌وه. ئێمه په‌یامی ئاشته‌وایی و زمانپاكی و كولتووری یه‌كتر قبووڵكردن و كوردایه‌تیمان په‌خش كردووه.
ئه‌وان به‌بێ سڵه‌مینه‌وه, به بێ پشوودان ساڵانێكه كار ده‌كه‌ن بۆ به‌خشینه‌وه‌ی بێ هیوایی, بۆ له ناوبردنی متمانه, بۆ زاڵكردنی كولتووری ناشیرینكردنی یه‌كتر و شكاندنی پیرۆزییه‌كان. بۆ رواندنی تۆوی دووبه‌ره‌كی, بۆ گه‌وره‌كردنی دوژمن و خۆ بچووككردنه‌وه, بۆ شارچیه‌تی و ناوچه‌گه‌ری, به‌ڵی هه‌موو ئه‌مانه فه‌رهه‌نگی ئه‌وان بوون كه له چاوی به‌رته‌سكی حزبدا سه‌یری هه‌موو دنیایان كردووه.
ئێمه به كردار كاروانی رێگه‌كه‌مان درێژه‌ی ده‌بێت و تا نه‌گه‌ینه لووتكه كۆڵ ناده‌ین و به شههامهتیشهوه رووبه‌ڕووی خاڵه لاوازه‌كانی حوكمڕانیمان ده‌بینه‌وه، به گیانیكی تازه بۆ به‌یانییه‌كی رووناك چاوه‌ڕوانی پشتیوانی گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین.