بزووتنەوەی گۆران و یاریی ماروپەیژە

PM:02:40:05/09/2017 ‌
د. فەرسەت سۆفی


خوێندنەوەیەك بۆ بەلاغی كۆبوونەوەی بزووتنەوەی گۆران و كۆمەڵی ئیسلامی

دوو ساڵە بزووتنەوەی گۆران داوای كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكات بەبێ مەرج, دوای ئەوەی ئەم داخوازییەی گۆران بێ كەم و زیاد جێبەجێ كرا, ئینجا وەك یاریی ماروپەیژە هاتەوە خواری خوارەوە و هەر رۆژەی بەیانێك و هەڵوێستێكی دژبەیەك رادەگەیەنن, گوتاری گۆران ٣٦٠ پلە هەڵگەڕاوەتەوە و ئێستە دەڵێن دەبێ لەسەر هەموو جیاوازییەكان رێك بكەوین ئینجا پەرلەمان كارا دەكەینەوە, لە كاتێكدا پێشتر گوتاری فەرمی گۆڕان بریتی بوو لە كارابوونەوەی پەرلەمان ئینجا گفتوگۆ و دانوستان. 

ئەو گۆڕانەی تا دوێنێ دەیگوت دەبێ هەموو پرسەكان بچنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و لەوێ بڕیاریان لەسەر بدرێت, ئێستە دەڵێن دەبێ لەسەر هەموو شتێك رێك بكەوین ئینجا دەچینەوە پەرلەمان, لە كاتێك دەزانن پەرلەمان تەنیا دوو مانگی تەمەنی ماوە. لە دواین راگەیەنراوی كۆبوونەوەی نێوان گۆڕان و كۆمەڵ لە رۆژی ٤/٩/٢٠١٧ كە زیاتر لە بەیاننامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەچێت، تەنیا داڕشتنەوەكەی گۆڕاوە, دەمانەوێت ئەم سەرنج و تێبینییانەی خوارەوە بخەینە روو:
باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆی دەكەن، ئەم دەستەواژەیە پێشتریش لە بەیاننامەی جڤاتی نیشتمانی گۆران هاتبوو, بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە بۆچی ئەم بابەتە ئاراستەی پارتی دەكرێت؟ لە كاتێكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە هاوكات سەرۆكی پارتیشە، لە كاتی خۆی بە مەرسوومێك ١/١١ی وەك وادەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان دیاری كردووە و كۆمسیۆنیش وەڵامی داوەتەوە و ئامادەكارییەكان دەست پێ كراوە.
 ئەم بابەتە لە كاتێك بەها و بایەخی دەبوو كە وادەكەی دیاری نەكرایە, بەڵام پێش ئەوەی ئەوان بە یەك وشەیش باسی ئەم پرسە بكەن، سەرۆكی هەرێم بابەتەكەی یەكلا كردووەتەوە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەیاندا هاتووە: ریفراندۆم دوا بخرێت بۆ كاتێكی گونجاو لە رێی پەرلەمانەوە بڕیار و یاسای بۆ دەربكرێت.
أ‌- بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە رۆژی ٧/٦/٢٠١٧ لە كۆبوونەوەی سەرجەم حزبە سیاسییەكان درا جگە لە گۆران و كۆمەڵ, ئەو حزبانەی لەو كۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون نوێنەرایەتی ٨١ كورسیی پەرلەمان دەكەن, لەلایەكی ترەوە سەرۆكی هەرێم بە مەرسوومێك رۆژی ٢٥/٩ی وەك رۆژی ریفراندۆم دیاری كرد و كۆمسیۆن كە نوێنەری هەر پێنج حزبەكەی تێدایە بە زۆرینە پەسندی كرد، لە كاتێك پارتی لە كۆی نۆ كۆمسیار تەنیا سێ ئەندامی هەیە.
ب‌- هەر پێوەست بە ریفراندۆم، سەرۆكی پەرلەمان نامەیەكی بۆ كۆمسیۆن نووسیوە و داوا دەكات ریفراندۆم و هەڵبژاردنەكانیش لە پێش مانگی 11 ئەنجام بدرێن, دیسان كۆمسیۆن وەڵامی نامەكەی سەرۆكی پەرلەمانیشی داوەتەوە. مەگەر سەرۆكی پەرلەمان گۆڕان نییە؟ ئەگەر كات گونجاو نەبوو بۆ داوای راپرسی كرد.
ت‌- رۆژی ٣/٧/٢٠١٤ سەرۆكی هەرێم هاتە پەرلەمان و داوای كرد پەلە بكەین لە دەركردنی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژارن و راپرسی بۆ ئەوەی لە زووترین كات راپرسی ئەنجام بدەین, بۆیە پەرلەمان لە ٢٠/٧/٢٠١٤ یاساكەی پەسند كرد و سەرجەم لایەنەكان بەشدار بوون لە دەركردنی ئەو یاسایە و گۆڕانیش ئەوكات پێی وابوو كات گونجاوە, بۆچی دەبێ ٢٠١٤ كات گونجاو بووبێت كە تازە بودجە بڕابوو, كەس نەوتی كوردستانی نەدەكڕی و لە ئاوەكانی نیویۆرك باخیرەكەمان دەسووڕایەوە و نەیاندەهێشت لەنگەر بگرێت, تازە دەستپێكی شەڕی داعش بوو.. هتد، بەڵام ئێستە بەسەر داعش سەركەوتووین و خەریكە لە كۆتای تەنگژەی دارایی نزیك دەبینەوە و پێگەی هەرێم و پێشمەرگە زۆر لەوكات بەهێزترە و نەوتی كوردستان كڕیاری زۆرە و 100 هێندەی ئەوكات، ئێستە زیاتر لە عێراق بێ ئومێد بوون هەیە و.. هتد. 
سەرەرای هەموو ئەمانە، دەبێ لە گۆڕان بپرسین پێی وایە كەی كات گونجاوە؟ ئایا ئەو میلەتانەی ریفراندۆمی سەربەخۆیییان كردووە هیچ كامیان بە دوای كاتی گونجاوی نموونەییدا گەڕاون؟, لە ساڵی ١٨٦٠ یەكەم راپرسی سەربەخۆیی كراوە تا ئێستە كە ٦٠ راپرسی تێپەڕاندووە, كامەیان گوتیان دەبێ دەوڵەتانی دەوروبەر چەپكە گوڵی پیرۆزبایی پێشوەختەمان بۆ بنێرن؟, كامەیان رێیان بۆ تەخت كرابوو؟ ئێوە لەلایەك دەڵێن ئەم راپرسییە بە پشتیوانی توركیایە لەلایەكی تریش دەڵێن سنوورەكان دادەخرێن, خۆتان پێمان بڵێن كامەتان باوەڕ پێ بكەین یان خۆتان باوەڕتان بە كامیانە؟.
پ‌- لەبارەی ئەو بڕگەیەی دەڵێن دەبێ لەلایەن پەرلەمان یاسای بۆ دەرچێت، بفەرموون وەرنە پەرلەمان یاسای بۆ دەربكەن، كێ رێگری لێ كردوون؟ ئەوە ئێوەن خۆتان لە خەمی كاراكردنەوەی پەرلەمان نین و دوو ساڵە تەنیا بۆ ململانێی حزبی و چەواشەكردنی خەڵكی كوردستان شین بۆ ئەم پەرلەمانە دەگێڕن.
لە بڕگەیكی تردا هاتووە: ئاساییكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بە جۆرێك كە كارەكانی یاسادانان و چاودێری خۆی بكات. بە راستی ئەم دەربڕینە زۆر نالۆجیكی و كاڵفامانە هاتووەتە داڕشتن, نەدەبوو لە راگەیەنراوی دوو حزب دەستەواژەیەكی وا بنووسرێت, چونكە نە پارتی و نە هیچ لایەنێكی تر باسی گۆڕینی وەزیفەی یاسایی پەرلەمانیان نەكردووە تا بیخەنە دانوستان.
لە دەربڕینێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە: هەردوولا دووپاتیان كردەوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە و چاككردنی گوزەرانی خەڵك. كامە لایەنی سیاسی دووپاتی لەمە نەكردووەتەوە, ئایا ئەمە بە دووپاتكردنەوە چارەسەر دەبێت یان وەزیرەكانتان بێنەوە و لەگەڵ حكوومەت بەیەكەوە كاری لەسەر بكەن و لە پەرلەمانیش هەموومان پێكەوە بیكەین بە خەمی هاوبەش. بۆچی دەبێ ئێوە لە خەمی مووچەی خەڵك بن و ئێمە خەممان نەبێت؟ ئەی ئێوە نەتاندەگوت پارتی و یەكێتی ئەو خەڵكەیان دامەزراندووە و ئەندام و لایەنگری خۆیانن, بۆیە باسكردن لە باشكردنی بژێوی خەڵك بە قسە و موزایەدە نابێت, بفەرموون ئەگەر لە خەمی خەڵكدان مل بدەنە بەر باری بەرپرسیاریەتی و لەگەڵ ئەم تیمانەی حكوومەت هاوكار بن كە سەرقاڵی پێداچوونەوەی مووچەی خەڵكی كوردستانن.
لە كۆتای راگەیەنراوەكەدا هاتووە: كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەیی خۆیان نوێ كردەوە بۆ گفتوگۆی رژد لەپێناو چارەسەركردنی تەنگژەكان. كاتێك پارتی لە هەولێرە و بە شاندێكی باڵا كە لە سكرتێر و حەوت ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێك هاتبوون دەچێتە سلێمانی و شەش خاڵ بۆ گفتوگۆ پێشكەش دەكات، چواریان لەگەڵ بەیاننامەكەی جڤاتی گۆڕان هاوبەشن و یەك مانگ و سێ رۆژ تەحەمول دەكات كە گۆڕان وەڵامی بداتەوە، بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە و دەست لە هەموو مەرجەكانی خۆی هەڵدەگرێت, ئەگەر ئەمە گفتوگۆی رژد نییە، بفەرموون پێمان بڵێن گفتوگۆی رژد چۆنە؟ ئەوە ئێوەن ناتانەوێت گفتوگۆ رژد بێت ئەگەر نا كەس لە گفتوگۆ مەرجی پێشوەختە دانانێت ئەگەر مەبەست رێككەوتن بێت, كامە گفتوگۆی رژد ئەو رۆژەی شاندی پارتی هاتە لاتان لە هەموو رۆژەكان زمانی راگەیاندنتان زبرتر بوو, ئایا رژدیی ئەوەیە فەرزی ئیرادە بەسەر هەموو لایەنەكان بكەیت و لە رێی بەیاننامە و میدیا مەرج بسەپێنن؟.