مەسیحییەكان و گەرداوی گۆڕانكارییەكانی سووریا

PM:02:05:02/05/2018 ‌
زوبێر ڕەسووڵ چۆمانی

بە درێژایی ڕۆژگار لە سەرجەم جەنگە نەتەوەیی و ئاینییەكان، كۆمەڵێك سڤیل دەكەونە بەر هەڕەشەی كوشتن و تۆقاندن و مێژوو پێمان دەڵێت كەمینە نەتەوەیی و ئاینییەكان سەرقافڵەی قوربانی و زیان لێكەوتووانن.
دوای ئەوەی ساڵی 2011 ئاگری شەڕ و ناكۆكی ناوخۆیی بەربووە دارستانی دەوڵەتی سووریا، هەلومەرجی ژیان بۆ كەمینە نەتەوەیی و ئاینییەكانی ئەو وڵاتە بەرەو سەختی ڕۆیی. بەجۆرێك زۆر لە خەڵكی سووریا بەگشتی و كەمەنەتەوەیی و ئاینییەكانی ناچار بە كۆچكردن بوون.
سووریا وڵاتێكی فرە پێكهاتەیە (عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە و كورد و عەلەوی و ئێزیدی و مەسیحی و یەهوودی) تێیدا دەژین، یەكێك لەو كەمینە ئاینییانەی ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەی كوشتن و لەناوچوون بوونەتەوە مەسیحییەكانن. ئەوان بە یەكێك لە كۆنترین  پێكهاتەكانی نیشتەجێی شام یان ڕوزنتر بڵێین سووریای ئێستەن.
مەسیحییەكانی سووریا پێك هاتوون لە (ئەرمەنی و مارونی و ئەرسەدۆكسی و كلدانی و ئاشووری) ئامارەكان دەرخەری ئەوەن كە نیشتەجێبوونیان لەو وڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی  یەكی زاینی، ئەوان لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەم یەك لەسەر سێی دانیشتووانی سووریایان پێك هێناوە، بەڵام بەهۆی كەوتنە بەر شەپۆلی چەوساندەوە و هەڕەشەی بەردەوام، ناچار بەرەبەرە كۆچیان كردووە و ژمارەیان كەمی كردووە، بەشێوەیەك ئێستە كەمتر 10%ی دانیشتووانی سووریا پێك دێنن، كە دابەش بوونە بەسەر شارەكانی حەلەب و دیمەشق و حمس و حەسەكە و لازقیە. لەم نێوەندەدا شاری حەلەب خاڵی بەیەكگەیشتنی جیۆگرافی بەیەكگەیاندنی مەسیحییەكانی ئەو وڵاتەیە.
مەسیحییەكان لەگەڵ هاتنە سەركاری حزبی بەعس لە ساڵی 1963 بەشێكی زۆریان لەگەڵ "میشێل عەفلەق" دامەزرێنەری بەعس كەوتن و بەپێچەوانەی كورد، ئەوان بەشێكی دیار لە پۆست و پلەكانی سووریایان گرتە دەست. هەر لەگەڵ دەستپێكی جەنگە ناوخۆیییەكانی وڵاتەكە، مەسیحییەكان كەوتنە بەر هەڕەشەی گرووپە توندڕۆ ئیسلامییەكان و بەشێكی زۆریان بەرەو لبنان و ئەوروپا كۆچیان كرد. بۆیە ئێستە ئەو مەسیحییانەی لە سووریادا ماون، بەسەر سێ بەرەدا دابەش بوون:
- بەشێكیان لەگەڵ بەشار ئەسەدن و لەو بڕوایەدان مانەوە لە پاڵ حكوومەتێكی سیكۆلار مافەكانیان مسۆگەرتر و بەرجەستەتر دەكات و دەتوانن ژیانێكی ئارامتر بژین.
- بەشێكی تریان لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆنن و بەبۆچوونی ئەوان خۆری بەشار بەرەو ئاوابوونە و ناكرێت ببن بە گۆچان بۆ دەستێكی لەرزۆكی سەر لێواری مەرگ، دەبێت ئەو ڕژێمە كۆتای پێ بهێنرێت و هاووڵاتییان لە ڕێی هەڵبژاردنێكی ئازادەوە حكوومەتی خۆیان دروست بكەنەوە و تێیدا مافەكانیان دەستەبەر بكات.
- بەشی سێیەمیان نە لەگەڵ دەستەڵاتی بەشار ئەسەد و نە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندان، ئەمان لەو بڕوایەدان كە ناكرێت كێشەی ئەوان تێكەڵ بە كایە سیاسییەكانی وڵاتەكە بكرێت.
ئەو مەسیحییانەیشی بەرەو دەرەوە كۆچیان كردووە و نایەنەوێت ئێستە بگەڕێنەوە وڵات بەهۆی نالەباری بارودۆخەكە.
بەبڕوای چاودێرانی سیاسی یەكێك لە هۆكاری بەكارهێنانی توندوتیژی دژی مەسیحییەكان ئەو كاردانەوەیەیە كە گرووپە ئیسلامییە توندڕۆكان وەك تۆڵەسەندنەوەیەك لە بەرانبەر دەستوەردانی وڵاتانی زلهێز لە كاروباری ناوچەكە و یەكلاكردنەوەی ململانێی زلهێزەكان  بەكاری دێنن. مەسیحییەكانیش كەوتوونەتە سەر سنوورەكانی توركیا و عێراق و بەشێكی زۆر لە خاكەكەیان كەوتووەتە باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەوڵەمەندە بە نەوت و بە پیتە لە ڕووی كشتوكاڵەوە، بۆیە بەهانەیەك بەسە بۆ ئەو گرووپانە تا چەپۆكی دڕندانەی خۆیان بوەشێنن.
گرووپە توندڕۆكان قورئان وەك هۆكارێك بۆ دەربڕینی ڕق و تووڕەیی خۆیان دژ بە كەمینەی ئێزیدی كورد و مەسیحییەكان بەكار دێنن و خەڵك هان دەدەن بۆ كوشتن و توندوتیژیی دژی ئەوان.
نالەباریی بارودۆخی ناوچەكە، شەڕ و ململانێی وڵاتانی ناوچەكە و یەكلاكردنەوەی كێشەكانیان لەسەر خاكی سووریا، ململانێی وڵاتانی زلهێز لە سووریا و ململانێی پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی ناو وڵاتەكە خۆی، ئاگری شەڕ و ناكۆكی گەورەتر كردووە و تا ئاگری ناوچەكەش بەتینتر بێت هاووڵاتییانی سووریا بەگشتی و كەمینە نەتەوەیی و ئاینییەكان بەتایبەت، زیاتر دەبنە سووتەمەنی .