بۆ ئابووریی سەربەخۆ وەبەرهێنان لە قەرزەكانی حكوومەت

سۆران ئەحمەد سۆفی

 وەبەرهێنان وەك هەنگاوێك شانبەشانی هەنگاوی چاكسازی و ڕێوشوێنە دارایی و كارگێڕییەكان, لەلایەن كۆمەڵگە و هەرێم و وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و روو لە گەشە بۆ ئابوورییەكی سەربەخۆ، كاریگەریی و شوێنی گرنگ دادەنێت لە هەنگاونان بۆ داهاتوو, ساڵانی پێشوو لە كوردستان وەبەرهێنان گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بواری نیشەجێبوون پلەی یەكەم و زۆرترین ڕێژەی بەركەوت لەو گەشەیەدا. بەڵام بوارەكانی خوێندن و تەندروستی و كشتوكاڵ و پیشەسازی و بانكی، لەگەڵ ئەوەی وەبەرهینانی تیادا كرا، بە ڕێژە و شێوازی جیاواز و كەمتر گرنگییان پێ درا بەراورد بە نیشتەجێكردن.

لەبەرئەوەی وەبەرهێنان كارێكی تازە بوو لە كوردستان بێ ئاستەنگ و هەڵە و كەموكورتی نەبوو. لەگەڵ بوونی هەوڵی تاكلایەن و چەندان پڕۆژە بۆ ڕیكخستنەوەی، تا ئێستەیش وەك پێویست ڕێك نەخراوەتەوە، بۆیە یاسای وەبەرهێنان لەگەڵ جێبەجێكردنی بوو بە سەرچاوەی خێرای دەوڵەمەندبوونی لە ناكاوی كۆمەڵێك كەس و كۆمپانیای ناوخۆ و دەرەكی و بردنە دەرەوەی پارەیەكی زۆری كوردستان، بەتایبەت بە سوودوەرگرتن لە ناوەڕۆكی یاسای وەبەرهێنان لە ڕێی وەرگرتنی پێشینەی نیشتەجێبوون و هێنانە ناوەوەی كەرەستەی بیناسازی و بەكارئاسانی یاساكە و بەخشین لە باج و گومرگ و ڕسوومات.

لە ڕاستیدا وەبەرهێنان مانایەكی گەورەتر و چوارچێوە و سنووری كاری فراوانترە، بیرمەندانی ئابووریی سەربەخۆی دەوڵەت  وەبەرهێنان دەكەن بە هاوكار و سەرچاوەیەكی دارایی یارمەتیدەر بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەكان و گەشەسەندنی زیاتری وڵات، لە هەموو بوارە پێویستەكانی ژیان و كۆمەڵگەدا.

لە كوردستان كۆمەڵێك بانك و كۆمپانیا وەك وەبەرهێنەر و گەشەپێدەری ئابووری خۆیان ناساندووە و تۆمار كراون و كار دەكەن، ئەمانە بوونەتە خاوەنی پڕۆژەی زەبەلاحی ئابووریی قازانج خێرا بۆ خاوەن پڕۆژەكان و هێنانی دەستی كاری دەرەكی بۆ ناوخۆ و بەدەر لە خستنەسەر كاری ژمارەیەكی كەمیی دەستی كاری ناوخۆ. سەرەڕای سوودمەندبوونیان لە یاسا و بڕیارە كار پێكراوەكانی هەرێم. بەڵام نەك هاوكار نین، زۆربەیان قەرزاری حكوومەتن و قەرز و پارەكانی حكوومەتیش ناگێڕنەوە و لەم تەنگژە سەختەی داراییدا لە بری هاوكاری حكوومەت و گێڕانەوەی پێشینە و قەرزەكانی حكوومەت، كەچی دەستیان داوەتە تەواوكردنی ئەو پڕۆژە بازرگانییانەی زەوییان بۆ تەرخان كراوە بە بڕە پارەی خەیاڵی، لە بەرامبەر گێڕانەوەی قەرزی حكوومەتیش، داوای پشوودرێژی و چاوپۆشی لە حكوومەت دەكەن.

لە دۆخێكی وادا پێویستە حكوومەتی هەرێم لە ڕێی كەمكردنەوەیەكی ئاشكرا و بەڕێوشوێنێكی شووشەیی "شەفاف" قەرزەكانی حكوومەت بخاتە ڕوو بۆ وەبەرهێنان و چەند مەرجێكی یاسایی بخاتە ڕوو لەلایەن پسپۆڕانی قەرزی حكوومی و پسپۆڕانی یاسایی و وەبەرهێنان، بەو شێوەی خوارەوە

1-كەمترین ڕێژەی داشكاندن لە قەرز لەلایەن حكوومەتەوە بۆ بەرهێنەر، هەروەها بەرهێنەر ناچار بكرێ كۆی قەرز دوای داشكاندن بگێڕێتەوە بە كاش بۆ حكوومەت، لە ماوەیەكی پێوانەیی كە حكوومەت خۆی دیاری بكات.

2-  وەبەرهێنەر بەشێوەی قەرزی درێژخایەن قەرزەكان لە هاووڵاتییان وەربگرێتەوە بەهەمان مەرج و ماوەی قەرزی حكوومی لەسەر هاووڵاتییان و فەرمانبەران بە ڕەچاوكردنی باری دارایی خەڵك و مووچەخۆر.

3-دەكرێ حكوومەتی هەرێم لە ڕێی پڕۆژەی جیاوازەوە و لەگەڵ پێشكەشكردنی هەر پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان لە هەر شار و شارۆكە و شارەدێیەك، بەپێی تێچووی گشتی پڕۆژەكە، لە بری دەستەبەری دارایی كۆمپانیاكان، پێشنیاری وەبەرهێنان لە قەرزی یەكێك لە كەرتە خزمەتگوزارییەكانی شاری خانەخوێی پڕۆژەكە بكات بۆ وەبەرهێنەر و مەرجی پێدانی مۆڵەت لەسەر وەبەرهێنانی لە بوارێكدا بسەپێنێت بەپێی پلانێكی ئابووری یاسایی تۆكمە.

لە كۆتادا دەكرێت لە ڕێی ناوەندی جیاوازەوە، كار لەسەر بە یاساییكردنی پڕۆژەكان بكرێت و لە پڕۆژەیاسایەكدا ڕێك بخرێن یاخۆ لە گۆڕانكاری داهاتووی هەمواری یاسای وەبەرهێناندا، ئەم بابەتە جێ بكرێتەوە بە جۆرێك كوردستان و ئابووریی سەربەخۆ و خزمەتكردنی هاووڵاتییان لەلایەن كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان سەنتەر و ناوەندی یاساكە بێت.