لە یۆنان 26 كەس لە باوەشی یەكتردا سووتان

:: AM:09:41:25/07/2018 ‌

ماوەی سێ رۆژە ئاگرێكی گەورە بەربووەتە یۆنان و ئاگرەكەش بە كارەساتی نیشتمانی هەژمار كراوە. دوێنێ كارەساتی ئەو رووداوە سروشتییە، دوای ئەوە زیاتر خەڵكی یۆنانی تاسەبار كرد كە 26 كەس لە باوەشی یەكتردا سووتان.

بەپێی دوایین ئاماری فەرمی تا ئێستە لە یۆنان بە هۆی ئاگرەكە 74 كەس گیانیان لە دەست داوە و 187 كەسی تر بریندار بوون.

ئەو بایەی بە خێرایی 100 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا هەڵی كردووە، گرنگترین هۆكاری پەرەسەندنی زیاتری ئاگرەكە و دەستەوەستانی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە لە كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" سەدان خانوو و ئۆتۆمبێل بە هۆی ئاگر سووتاون و هەزاران كەسیش ماڵەكانیان جێ هێشتووە. دوایین ئاگركەوتنەوە لە یۆنان رووی دابێت بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە كە بە هۆیەوە 77 كەس گیانیان لە دەست دا.

حكوومەتی یۆنان داوای فریاكەوتنی نێودەوڵەتی كردووە بۆ ئەوەی رێ لە زیاتر فراوانبوونی ئاگرەكە بگرێت. ئێستە سەدان فەرمانبەری ئاگركوژێنەوە خەریكی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن و ئەو خەڵكەش ماڵ و گوندەكانیان لە ئاگرەكە نزیكە ناچار لە ناوچەكە دوور كەوتوونەتەوە.

سەرۆك وەزیرانی یۆنان سەرجەم گەشتەكانی خۆی هەڵوەشاندەوە و بۆ میدیاكان گوتی، هەرچەندە كارێكی زۆر قورسە، بەڵام هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە دەدەن و داوای لە وڵاتانی تریش كرد هاوكاری یۆنان بكەن.

لەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاو كراونەتەوە، دەردەكەوێت دووكەڵ بەری ئاسمانی گرتووە و خەڵك لە شوێنی نیشتەجێبوونیان را دەكەن. حكوومەت داوای لە وڵاتانی تری ئەوروپا كردووە هەلیكۆپتەری ئاگركوژێنەوەیان بۆ رەوانە بكات.

ئاگركەوتنەوەكە تەنیا یۆنانی نەگرتووەتەوە، بەڵكو ئەمە لە سویدیش رووی داوە و هەریەك لە وڵاتانی پۆڵۆنیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا فریای سوید كەوتوون .




وشە - سلێمان تاشان