سبەی لە كەركووك دژی گەندەڵییەكان خۆپێشاندان دەكرێت

:: PM:01:12:18/01/2020 ‌
بڕیارە سبەی لایەنە سیاسییەكانی كورد لە كەركووك لەگەڵ قوتابیانی ناڕازی دانەمەزراو، خۆپێشاندانێك ئەنجام بدەن و داوای دووبارە پڕكردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن بكەن.

لە دژی ئەو نایەكسانی و گەندەڵییەی لە دامەزراندن لە كەركووك ئەنجام دراوە
ئەمڕۆ شەموو 18ـی كانوونی دووەم، ڕێبوار هادی نوێنەری قوتابیانی بەشدار لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كورد لە كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە سبەی خۆپێشاندانێكی فراوان ئەنجام بدەین لە دژی ئەو نایەكسانی و گەندەڵییەی لە دامەزراندن لە كەركووك ئەنجام دراوە.

ئەو قوتابییە گوتی، لە خۆپێشاندانەكەی سبەی داوای دووبارە دابەشكردنەوەی فۆڕم دەكەین، چونكە بەڵگەی تەواو هەیە كە گەندەڵی تێدا كراوە و بەرپرس هەیە دوو منداڵ و دوو برازای دامەزراندووە لەسەر میلاكی پەروەردە لە كاتێكدایە بڕوانامەكەیان پێوەندی بە پەروەردەوە نییە.

ئاشكرای كرد، بڕیارە نوێنەری سەرجەم حزبە كوردییەكان لەگەڵماندا بەشداری بكەن و بەرپرسانی پارتیش پشتگیریی داواكەیان كردووین هەرچەندە ئەوان لە شارەكەدا نین و نەگەڕاونەتەوە.

ئەو خۆپێشاندانە لە كاتێكدایە بە بڕیاری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك، لە كۆی  دوو هەزار و 885 پلەی وەزیفی پەروەردەی كەركووك، هەزار و 850 پلەی وەزیفی بە پێكهاتەی عەرەب دراوە 500 پلەی وەزیفی بە كورد درا.



وشە - رامیار جەواد