"بڕیارەكەی عێراق بەڵگەیە بەوەی نەیانتوانی ئەوە بكەن كە لە كوردستان كراوە"

:: PM:05:49:27/04/2020 ‌

چەند رۆژێكە بە فەرمانێكی ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو بەشە پارەی وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە دێت، وەستێنراوە، هاوكات لەگەڵ بوونی تەنگژەیەكی سەختی ئابووری لە دنیا بەهۆی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان ئاماژە دەكات، دەیانەوێ لە رێگەی برسیكردنی گەلی كوردستان، حكوومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لاواز بكەن.
ئەو سەركەوتنەی لە هەرێمی كوردستان هەیە لە عێراق بوونی نییە
شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت، لەبارەی ئەو هەڵمەتەی بەغدا بۆ سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە"، گوتی، ئەو گوشارانەی حكوومەتی عێراق و بەشێك لە هێزە سیاسییەكانی لە هەرێمی كوردستان و گەلەكەی دەیكەن، لە برسیكردنی هاووڵاتییانی و ئاوارەكانیش كە لێرە حەواونەتەوە، كارێكی رەتكراوەیە و پێشێلكاریە و تاوانە دژی مرۆڤ و مافی مرۆڤەوە.

زیاتر گوتی، ئەگەڕ ناكۆكی لە نێوان هەردوو حكوومەت یان هێزە سیاسییەكان هەبێت، پێویستە لە نێوان خۆیان چارەی بكەن، گەلی كوردستان پێوەندی بەو ناكۆكییانەوە نییە، بۆیە پێمان وایە پێویستە بەغدا ئەو پارەی رێككەوتنی لەسەر كراوە رەوانەی بكات، ئەگینا تاوانێك لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم ئەنجام دەدات، چونكە برسیكردنی گەلێك، كارەساتە.

حوێت دووپاتی كردەوە، هەرێمی كوردستان بە چەندان تەنگژەدا تێپەڕیوە، لەوانە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، ئەو تەنگژەی نێوان حكوومەتی حەیدەر عەبادی و هەرێمی كوردستان كە گەیشتە رادەی رووبەڕووبوونەوە، كەچی هەرێمی كوردستان چەندان ملیار دیناری لە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا خەرج كردووە و بەردەوامیشە لە حەوانەوەی هەزاران ئاوارە، كە لەوەتەی جەنگی داعشەوە دەیانحەوێنێتەوە، كەچی حكوومەت لەژێر گوشاری چەند هێزێكی سیاسی سەر بە وڵاتانی ناوچەكە، گوشار دەخەنە سەر هەرێمی كوردستان، ئەوە كارێكی رەتكراوەیە.

"ئەو مووچەی لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان دێت، دەگاتە هەموو ئەوانەی لەسەر خاكی هەرێم دەژین، بۆیە وەك ئاوارە عەرەبەكان لە كەمپەكان، ئەو مووچە لە رێگەی خەڵكەكە و كاركردن و یارمەتی رێكخراوەكان و حكوومەت بەوانیش دەگات، بۆیە بڕینی مووچەی خەڵكی هەرێم، تاوانێكی گەورەترە لەوەی داعش ئەنجامی دا"، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان وای گوت. 

حوێت دووپاتی كردەوە كە ئەوەی روودەدات، گوشاری ئێرانە بۆ سەر حكوومەتی عێراقی، بۆ گوشاركردن لەسەر حكوومەتی هەرێم، جیا لەوە لەوانەیە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی لەو بابەتە دووربێت، بەڵام گوشاری زۆری لەسەرە لەلایەن هێزە سیاسییەكانی شیعەوە، ئەوەی رووی دا پێشبینیمان دەكرد، ئەوكاتەی هەرێم چەند كاندیدێكی ئەوانی رەت كردەوە، بۆیە ئەوان حیسابەكان بەو شێوەیە یەكلا دەكەنەوە، ئەو سەركەوتنەی لە هەرێمی كوردستان هەیە لە عێراق بوونی نییە، لە رووی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزارییەكان، لە 2003ەوە حكوومەتی عێراق بەدەست بوونی گەندەڵی گەورەوە دەناڵێنێت.

ئەو گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكان ئاماژەی كرد، كەچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵسۆزانە كار دەكات، بۆیە ئەو جەنگەی چەند لایەنێك لە بەغدا دژی هەرێم دەیكەن، گەورەترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی دەیانەوێت كوردستانیش وێران بكەن و حكوومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لاواز بكەن، لە رێگەی برسیكردنی گەلی كوردستان، بە كورتی ئەوان نەیانتوانی ئەوە بكەن كە لە كوردستان كراوە.

بەپێی زانیارییەكان، بەغدا لە 2019 تا مانگی ڕابردوو، بۆ هەر مانگێك بودجەی دیاریكراوی بۆ هەرێم، بە قەبارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ رۆژێك بە نرخی 61 دۆلار بڕیوە. واتە ئەو قسانەی هەیە بەوەی نەوت رادەست نەكراوە و بودجەیش وەك خۆی هاتبێت، راست نییە. ئەو بڕە پارەی هاتووە، تەنیا بەشی مووچەی نیوەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بووە كە دەكاتە 383 ملیۆن دۆلار، لە كاتێكدا كۆی مووچەی هەرێم مانگانە 755 ملیۆن دۆلارە. كە حكوومەتی هەرێم مانگانە بڕی 372 ملیۆن دۆلاری خستووەتە سەر، تا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات. 

ئەوەی ئێستە بەغدا لە ڕێگەی كابینەیەكی دەستلەكاركێشاو داوای دەكات، رادەستكردنی هەموو نەوتی هەرێمە لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆ، ئەوجە ئەوان ئامادەن تەنیا مووچەی نیوەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن. ئەمەیش گوشارێكی سیاسیی شیعەكانە، كە پێش هەموو شتێك سزادانی هەرێمە بۆ قبووڵ نەكردنی بابەتی دەركردنی هێزە ئەمەریكییەكان.

چەند رۆژێكە بەغدا بڕیاری راگرتنی ئەو نیوە مووچەیەی داوە كە مانگانە بە كوردستانی دەدا، ئەوە لە كاتێكدا لە یاسای بودجەی 2019 ئەوە جێگیر كراوە كە مووچەی كوردستان نەبەسترێتەوە بە هیچ كێشەیەكی سیاسییەوە، ئەمەیش یەكەمجار نییە و لە مانگی شوباتی 2014 بۆ ماوەی چوار ساڵ كۆی بودجەكەیان بڕی و بەردەوام بۆ سزادانی گەلی كوردستان مووچە وەك كارتی سیاسی و نەتەوەیی دژی كورد بەكار دێنن، بەڵام ئەوەی زۆر جێی نیگەرانی خەڵكی كوردستانە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ، كە لەو دۆخەدا بە بڕینی مووچەی فەرانبەران، خۆشحاڵ دەردەكەون.

    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل