11 حاڵەتی نوێی تووشبوونی كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار كران

:: PM:11:01:20/05/2020 ‌

دوای ئەوەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوو و لەوكاتەی سەرانسەری دنیا رووبەڕووی شەپۆڵێكی بەهێزی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتەوە، هەرێمی كوردستان توانی لە رێگەی رێوشوێنە خۆپارێزییەكانی حكوومەتی هەرێم پێڕەوی كردن، سەركەوتنێكی باش بەسەر پەتاكە بەدەست بێت، بەڵام بەهۆی سووككردنی رێوشوێنەكان و پابەندنەبوونی كەسانێك بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی، لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند حاڵەتێكی تووشبوون لە هەرێمی كوردستانی سەری هەڵداوەتەوە.
بەركەوتەی تووشبووانی پێشترن
ئەمڕۆ چوارشەم وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە لە بەردەوامی پشكنین و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، 11 تووشبووی نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19، لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەستنیشان كران.

روونی كردەوە، هەشت تووشبووانی هەولێر بریتین لە ئافرەتێكی تەمەن 45 ساڵ و دوو كچی تەمەن 22 و 11 ساڵان و چوار كوڕ تەمەنیان 25 و 22 و 14 و شەش ساڵان، كە هەموویان ئەندامی خێزانی تووشبووەكەی ئەمڕۆی هەولێرن لە كۆمەڵگەی شاوەیس، جیا لە پیاوێكی تەمەن 42 ساڵ، كە برای  تووشبووەكەی ئەمڕۆی هەولێرە كە دانیشتووی (هەولێر سیتی)یە، واتە هەموویان بەركەوتەی تووشبووەكانی دوێنێ و ئەمڕۆن.

وەزارەتەكە لە راگەیندراوێكی تردا ئاماژەی كرد كە لە بەردەوامی پشكنین و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، سێ تووشبووی نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشان كران، بریتین لە دوو ئافرەتی تەمەن 45 و 22 ساڵ و پیاوێكی تەمەن 29 ساڵ، یەك لە تووشبووان بەركەوتەی تووشبووانی پێشووە و دوو تووشبووەكەی تر نیشانەی نەخۆشیان هەیە و دەستنیشان كران، هەموویان دانیشتووی ناو شاری سلێمانین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل