بەغدا لە 2017 پشكی 17%ی بودجەی كوردستان دەنێرێت
پەرلەمانتارێكی كورد لە لێژنەی ئابووری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، لە پرۆژە یاسای بودجەی 2017 پشكی 17% بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، بەغدا دەبێ لە 2017 بڕی 17% بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.

نەجیبە نەجیب ئەندامی لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە پرۆژە یاسای بودجەی 2017ی عێراقدا، بەهەمان شێوەی ساڵی 2015 و 2016 بڕی 17% بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە.

هەروەها گوتی، هەمان رێككەوتنەكەی حكوومەتی عەبادی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2015 لە یاسای بودجە جێگیركرا، لە پرۆژە یاسای ئەمساڵیش جێگیر دەكرێ، لە بەرامبەر ناردنی 17% بودجەی عێراق بۆ كوردستان، پێویستە لەسەر هەرێمی كوردستانیش رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات.

لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014 حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی رێككەوتن، كە بەغدا 17%ی بودجەی عێراق بە هەرێمی كوردستان بدات، لە بەرامبەریشدا هەرێمی كوردستان لەسەریەتی رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لە رێی سۆمۆوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا بكات، لەو رێژەیە 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك و 250 هەزار بەرمیلیش نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت.

رێككەوتنەكە كەوتە بواری جێبەجێ كردنەوە تا مانگی شەش حوزەیران/یۆنیۆی 2015 بەهۆی نەناردنی بەشی 17%ی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، هەرێمی كوردستان دەستی كرد بە فرۆشتنی راستەوخۆی نەوت بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا.

هاوكات نەجیبە نەجیب ئاشكرای كرد، كە بودجەی ئەمساڵ بەبڕی 30 تریلیۆن دینار كورتهێنانی دەبێت و بری هەر بەرمیل نەوتێكیش بە 42 دۆلار خەملێنراوە و بودجەكەش زیاتر بۆ بواری ئاسایش و بەرگری تەرخان كراوە.

وشە/باز ئەحمەد.



PM:02:23:09/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 9413 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زیاتر ...