كورد "دایكە زوڵێخا"یشی هەیە

PM:03:19:22/12/2016 ‌

دایكە زوڵێخا بەو پارەیەی كۆی كردبووەوە بۆ ئەوەی سەردانی ماڵی پەروەردگاری پێ بكات، لە رێگەی خزمەتكردنی پێشمەرگەوە توانی سەردانی دڵ و ویژدانی هەموو كەسێك بكات كە لە دژی تاریكی دەجەنگن.
دایكە زوڵێخا نموونەیەكە لە هەزاران ئافرەتی تر كە بەردەوام بەشێك بوونە لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و لەسەر دەستی ئەوان و قوربانییەكانیان كە بەشێكن لە قوربانییەكانی پێشمەرگە، ئەوڕۆمان دروست بووە.
لە كاتێكدا دایكە زوڵێخا بەجێی هێشتین كە ژمارەیەك ئافرەتی كورد كە دەبوو ئەوانیش رۆڵی دایكایەتی ببینن و نوێنەرایەتی داخوازی و جەرگ سووتان و فرمێسكی دایكە شەهید و پێشمەرگەكانی كوردستان بكەن، نەك بە لێدوان و هەڵوێستەكانیان سووكایەتی بە هاوسەری شەهیدان بكەن و ناوی پێشمەرگە بكەن بە كاڵایەك بۆ سازشكردن لەسەر چۆنیەتیی ڕادەستكردنەوەی نیشتمان بە داگیركەران.
دایكە زوڵێخا كە پێشمەرگە ناسناوی "دایكی پێشمەرگە"یان پێ بەخشیبوو، وەك خۆی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا دەڵێ :"ئەو پارەی لۆ حەج و عومرەی دامنابوو، گۆتم خزمەتی پێشمەرگەی پێ بكەم باشترە".
ئەو بەو شێوەیە دایكایەتی پێشمەرگەكانی كردە پیشە و هەموو رۆژێك خواردنی دەستی ئەو و كچەكەی دەگەیشتە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، دایكە زوڵێخا لەو تۆمارە ڤیدیۆیە ئەوەش دەڵێ :"دەزانم پێشمەرگە پێویستیان بە خواردنی من نییە، بەڵام هەر خۆشە" ئەو خۆیشی خۆی لە نزیكبوونی لە كوڕەكانی دەبینییەوە لەوەی كە سەنگەرەكان پڕ لە بۆن و هەست و سۆزی دایكایەتی بكات.
دایكە زوڵێخا چۆن بە كارەكانی لە دوو ساڵی رابردوودا حەقیقەتی ئافرەتی كورد و گیانی خۆڕسكانەی بەرەنگاریی دوژمنان و بەرگریكردنیان لە وڵات نیشان دا، بە هەواڵی كۆچی دواییشی ئەوەیان بە بیر خەڵك هێنایەوە كە هێشتا دنیا خێری تێدا ماوە و لە نێو ئەو گێژاوەی كە كەسانی وەك سروە عەبدولواحید و ئاڵا تاڵەبانی خەبات و خۆڕاگری ئافرەتانی كوردیان خستووەتە ژێر هەزاران پرسیار و گومانەوە، لەوەی ژنی كورد بە پێچەوانەی مێژوو ئەو جارەیان ئەوان ببنە خزمەتكار و ئەڵقە لە گوێی داگیركەران، ئەوە گەورەیی و شكۆی دایكە زوڵێخا توانی سێبەری خێر بگەڕێنێتەوە سەر حەقیقەتی خەبات و بەرخودانی ئافرەتانی كورد بەتایبەتی لەو قۆناغە هەستیارەی ئێستەدا كە بە هەموو شێوەیەك بەشێكن لە خەباتی گەلی كوردستان لە پێناو وەدەستهێنانی مافەكانی نەتەوەیی و نیشتمانی، لە رێگەی بەرزڕاگرتنی یادی دایكە زوڵێخاوە یادی هەموو ئەو ئافرەتانە دەكەینەوە كە پێشمەرگانە بۆ كوردستان تێكۆشاون و نەفرەتیش لەوانە دەكەین لە ناو و خەبات ئافرەتان بە كردەوە ناشیرینەكانیان، لەكەدار دەكەن.

نارین ساڵح