کاتێک رۆشنبیر رۆڵی کادرێکی حزبی دەبینێ! (وەڵامێک بۆ مەریوان وریا قانع)

PM:01:19:05/07/2017 ‌

ئارام ئیکرام

لەوەڵامێکدا بۆ رۆژنامەی باس مەریوان وریا قانع کۆمەڵێ قسەی لەبارەی ناوەڕۆکی کوڕی چەندمرۆژی رابردوی خۆی و ئاراس فەتاح کردووە، کە بەداخەوە بەمەبەست یان بێ مەبەست دەستی داوەتە ریزکردنی هەندێ قسەی بێ بنەماو چەواشەکاری لەسەر ئەو چەند کادرەی پارتی لەکۆڕەکەدا ئامادەبوون.
جارێ پێش هەر شت شەرم و شوورەییە کە کەسێک خۆی بەڕۆشنبیرو بیرمەند بزانێ و بوونی شەش حەوت کادری پارتی لەکۆڕەکەیدا پێ قبووڵ نەکرێ و درۆیان بەدەمەوە بکات و هەوڵی بەکەم وێناکردنیان بدات.

ئـەم برادەرە نووسیوویەتی "لە کۆڕەکەدا ٦ تا ٧ کەسی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی تێدابوو، کە چەند کەسێکیان نەک گەنج نەبوون بەڵکو کەسانێکی بەساڵاداچوو بوون، دیاریشبوو نێردرابوون بۆئەوەی بەرگریی لە پارتی و بارزانی بکەن."
نەمانزانی کە لەئەقڵی کاک مەریواندا تەنها گەنج مرۆڤەو خەڵکی بەتەمەن و بەساڵاچوو گرنگ نین و نابێ قسەیان هەبێ، ئەگینا نەماندەهێشت ئـەو تەنها پارتییە بەساڵاچووەش ئامادەی کۆڕەکەی بێت.

پاشان بەڵێ ئەو پارتییانەی لەوێ بوون بەرگریان لەبیرو باوەڕی خۆیان و حزبەکەیان کرد، ئەمە چی نەنگییەکی تێدایە؟ دەبێ مۆڵەت لەکێ وەربگرین بۆ ئەوەی بەرگری لەبیروباوەڕمان بکەین؟ ئەمە چی مەهزەلەیەکە کە داکۆکی کردن لەبیروباوەڕو حزبەکەت وەکو عەیبەیەک پیشان بدرێت؟

پاشان دەڵێ "جگە لەو چەند کەسەی پارتی کە بەھەمان زمانی تەخوین و سەرکردەپەرستیی پارتی قسەیان دەکرد......"! بەڕاستی سەیرە بەو ئاشکراییە درۆ و چەواشەکاری بڵاو بکەیتەوە، من بەتەحەداوە ئەڵێم یەک پارتی لەو کۆڕەدا بەزمانی تەخوین قسەی نەکردووەو کۆڕەکەش تۆمار کراوە بۆ راستی و درووستی ئەم قسەیە.
بەڵکو من و چەند کەسێکی تریش کە ئەو کەسانە پارتیش نین، رەخنەی ئەوەمان لەو دوو نووسەرە گرت کە ئەوانیش بەجۆرێک لەجۆرەکان دەستیان داوەتە تەخوین کردنی خەڵک.
ئەوان بەئاشکرا وتیان و نووسیوویانە کە هەر میدیاو قەڵەم بەدەستێک پشتگیری ریفراندۆم بکەن، ئەوا بەپارەی نەوت قاندراون و بەمانایەکی تر خۆیان فرۆشتووە! ئێ ئەمەش خۆ هەر جۆرێکی ترە لەتەخوین کردن کە ئەم نووسەرانە دەیکەن، کە بەم رەخنەیە خوودی مەریوان زۆر قەڵس بوو.

پاشان کۆمەڵێ پرسیارو قسەیان رووبەڕوو کرایەوە، بۆ نموونە پرۆسەی بەدەوڵەت بوونی چی نەتەوەیەک بێ مەترسی و کێشە بووە هەتا هی کورد وابێ؟
کام نەتەوەو نیشتیمان پرۆسەی بەدەوڵەت بوونیان وەکو هێلکە بۆ پاک کراوە هەتا بۆ کورد بکرێت؟
ئـەم هەموو ترسە لەڕیفراندۆم و کردنی بەدێوەزەمەو بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بۆچی؟
ئەوانەو زۆر شتی تریش رووبەڕووی ئەو نووسەرانە کرانەوە، مەریوان کە وەڵامی رۆژنامەی باس دەداتەوە ئاساییە، بەڵام نەدەبوو بەو شێوەیە قسە لەسەر ئامادەبووانی کۆڕەکەی بکات تەنها لەبەر ئەوەی پارتین، لەکاتێکدا پارتییەکان لەکۆڕەکەدا زۆر بەڕێزەوە قسەیان کردو رای خۆیان وت، بەڵام دیارە ئامادەبوونی چەند پارتییەک لەو کۆڕەدا کە لەپەنجەی دەست تێناپەڕن ئەم برادەرە (رۆشنبیرو ئەکادیمییە)ی تەواو بێتاقەت کردووە.