ئاردێكی خراپ دابەش كراوە

:: AM:11:38:27/06/2024 ‌
وەزارەتی بازرگانی دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە لەسەر دابەشكردنی ئاردێكی خراپ بەسەر هاووڵاتییان، ئەوەیش دوای بڵاوبوونەوەی چەندان هەواڵ لەسەر خراپیی ئەو ئاردە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 27ـی حوزەیران، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا هاتووە، لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر دابەشەكردنی ئارد، لە چەند پارێزگایەكی عێراق پێكهێنراوە كە كوالێـتیی هێندە خراپە، بە كەڵكی هیچ نایەت.

باس لەوەش كراوە، لە پارێزگای زیقار لێكۆڵینەوە لەسەر خراپیی ئەو ئاردە دەستی پێ‌ كردووە كە بۆ وەجبەی پێنجەمی ئاردی ئەمساڵ دابەش كراوە، دەركەوتووە كوالێتییەكەی زۆر خراپە.

روون كراوەتەوە، سەردانی بریكارەكانیان كردووە، نموونەی هەڕەمەكی وەرگیرا بۆ مەبەستی پشكنینی تاقیگەیی و پشكنینی زیاتر، هەر بریكارێك یان ئاشێك لە بەرهەمهێنانی ئەو ئاردە بەشداریی كردبێت، سزا دەدرێت.

عێراق بۆ مانگێكی بەرهەمهێنانی ئارد پێویستی بە حەوت ملیۆن فەردە ئارد هەیە، بۆ ئەمساڵیش بە گوتەی بەرپرسانی عێراق، سەرجەم ئەو ئاردەی بەرهەم دەهێنرێت لە بەرهەمی ناوخۆیە.


وشە - رامیار جەواد