رووسیا و ئەمەریكا و فڕەنسا وریایی لەبارەی دۆخی لبنان دەدەن

:: PM:08:55:27/06/2024 ‌

تا ئێستە بۆردمانی یەكتر لەسەر سنوورەكان لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لبنانی روو لە پەرەسەندن و هەڵكشانە، ئەوەش وای كردووە مەترسیی رژد لە هەڵگیرسانی شەڕێكی كراوە لە نێوان هەردوولا هەبێت، بەتایبەتی كە لە ماوەی دوایی ئیسرائیل چەند بەرپرسێكی باڵای حزبوڵای لە قووڵایی خاكی لبنان كوشت و هەڕەشەی هێرشكردنە سەر لبنانیش دەكات، ئەوە وای كردووە ئەمەریكا و رووسیا و فڕەنسا وریایی بدەن، كەنەداش خۆی بۆ هێنانەوەی هاووڵاتییانی لە لبنان ئامادە بكات.

دەستەی پەخشی كەنەدی لە فەرماندەیەكی سەربازیی ئەو وڵاتەی گواستەوە كە سوپای كەنەدا خۆی بۆ هێنانەوەی 20 هەزار هاووڵاتیی كەنەدی لە لبنان ئامادە دەكات، هاوكات باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بیرووت هاووڵاتییانی لە گەشتكردن بۆ لبنان وریا كردەوە، بەر لەویش رووسیا داوای لە هاووڵاتییانی كرد تا هێوربوونەوەی دۆخەكە نەچنە لبنان.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو هەریەك لە مەكدۆنیا و كەنەدا و ئەڵمانیا و كوێت داوایان لە هاووڵاتییانیان كرد سەردانی لبنان نەكەن و ئەوانەشی لەوێن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، لای خۆیەوە ئەمڕۆ پێنجشەم فڕەنسا نیگەرانیی توندی خۆی بۆ دۆخی لبنان پێشان دا و داوای لە هەریەك لە ئیسرائیل و حزبوڵا كرد ددان بەخۆیاندا بگرن.

كریستۆف لۆموان، یاریدەدەری گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا رای گەیاند كە وڵاتەكەی داوای جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە لبنان دەكات، دووپاتی كردەوە كە ئەوان پابەندی تەواوی رێگەگرتنن لەهەر پەرەسەندنێك لە هێڵی شین و گەیشتن بە چارەسەرێكی دیپلۆماسیانە بۆ ململانێكە. 

شایەنی باسە هێڵی شین كە فڕەنسا و ئەمەریكا دووپاتی لەسەر دەكەنەوە، بریتییە لەو هێڵە سنوورییەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نێوان لبنان و ئیسرائیلی دیاری كردووە، بەپێی راپۆرتەكانی هەواڵ ئێستە جیا لە ئەمەریكا و ئێران، فڕەنسا لە هەوڵی رژددایە بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی دۆخی لبنان، كە خۆی لە دۆخێكی خراپی ئابووری و سیاسیدایە و ئەگەر بكەوێتە شەڕ دۆخەكەی یەكجار شلۆق دەبێت.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل