ئەیاد عەلاوی: شەڕێكی رانەگەیەندراوی ناوخۆیی لە عێراق هەیە

:: PM:09:53:27/06/2024 ‌

ئەیاد عەلاوی، سیاسەتوانی دێرینی عێراق و سەرۆك وەزیرانی پێشووتر ئاماژە دەكات كە ئێستە عێراق لەناو شەڕێكی رانەگەیەندراوی ناوخۆیی لەنێوان پێكهاتەكانیدا دەژیت، ئەو رەخنە لە ئەمەریكا دەگرێت بەوەی كاری بۆ پاراستنی ئەزموونی دیموكراسی لە عێراق نەكردووە.

عەلاوی لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی "زە ناشیۆناڵ"، گوتی، بەندیخانەكانی عێراق بوونەتە شوێنێكی لەبار بۆ گەشەسەندنی بیری توندڕۆیی، پێشتر ململانێ لە نێوان سوننە و شیعە بوو، ئێستە هۆز و ناوچە و پارێزگانیشی گرتووەتەوە، بۆیە ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، شەڕسی ناوخۆیی تەواوی وڵات دەگرێتەوە. 

روونی كردەوە، كرتووخانەكان بوونەتە شوێنی زیادبوونی داعشەكان و ئەو گرووپە لەپەرەسەندندایە، چارەسەرێكی ئەو بابەتە پاككردنەوەی زیندانەكانە لەوانەی تۆمەتی سیاسییان دراوتە پاڵ و پێویستە لێبوردنیان بۆ دەربكرێت، ئەو باسی 20 ساڵی رابردووی عێراقی كرد و وا وەسفی كرد كە گەندەڵی و تایفیەیی بەسەر كایەی سیاسیدا زاڵە و حزبە ئەتنی و تایفییەكان دزیان كردووەتە ناو وەزارەت و پۆستە حكوومەتییەكان.

عەلاوی دووپاتی لەوەش كردەوە كە رەنگە وا دەركەوێ كە پشێوی لە عێراق كۆتایی هاتووە، بەڵام خەریكە لەپشت پەردەوە ئاڵۆزییەكان توندتر و وێرانكەرتر لە جاران دەردەكەون، ئێستە شەڕێكی رانەگەیەنراوی ناوخۆیی هەیە، كاتێك دەبینین شیعە بەرانبەر بە سوننە وەستاون و شیعەش بەرانبەر بە یەكتر و سوونەش بەرانبەر بە یەكتر، بۆیە تا ئێستە سوننە ناتوانن سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێرن. 

ئەو سیاسەتوانە عەلمانییە شیعە باسی هێرشی سەر چێشتخانەكانی بەغدا دەكا و بە لەكۆنترۆڵدەرچوونی میلیشیاكانی دەبەستێتەوە، ئەو دەڵێ ئەگەر هێرشەكان بەردەوام بن، ئەگەری زۆرە بۆ كردنەئامانجی ئەمەریكییەكان لە عێراق پەرە بستێنن، دووپاتی كردەوە كە لە حاڵەتی بەردەوامبوونی ناكۆكیی هێزە سیاسییەكان ئەگەری دابەشبوونی عێراق هەیە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل