بەشێک لە فڕۆکەخانەی نیودەهلی داڕما

:: AM:11:38:28/06/2024 ‌
سەربانی بەشێک لە فڕۆکەخانەی نیودەهلیی پایتەختی هیندستان بەهۆی بارانی بەلێزمە رووخا و بەهۆیەوە ژمارەیەک قوربانی لێ کەوتووەتەوە.

بارانەکە ئەوەندە بەهێز بووە کە یەکێک لە ستوونەکانی فڕۆکەخانە بەسەر کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلدا کەوتووەتە خوارەوە و بەشێک لە سەقفی فڕۆکەخانەکە داڕماوە.

بەگوێرەی بی بی سی، بەهۆی رووداوەکە کەسێک گیانی لەدەست داوە  و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون کە لەو کاتەدا لە ناو فڕۆکەخانەکە بوون و ویستوویانە گەشت بکەن.

هەر لەگەڵ رووداوەکە تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە وەستان و ئەمڕۆ پێشوازی لە هیچ گەشتیارێک ناکرێت. بەرپرسانی هیندستان دەڵێن رووداوەکە سەعات پێنجی بەیانی بووە.

فڕۆکەخانەکە لە کاتێکدا داڕماوە کە هەموو سێ مانگ نابێت بە گوژمەی ملیاران رووپیە نۆژەن کراوەتەوە و بەرپرسانی شارەکە قردێلەی سووریان بڕیبوو.

لە دوێنێ پێنجشەمەوە بارانی بەلێزمە لە پایتەختی هیندستان دەبارێت و هەرچەندە هۆکار بووە لەوەی پلەکانی گەرما دابەزن بەڵام زیانی بە هەندێک شوێن گەیاندووە و ئاو لە بەشێک لە شەقامەکانی پایتەخت کۆ بووەتەوە.

پێشبینی کراوە تا کۆتایی هەفتە بارانی بەلێزمە لەو شارە بەردەوام بێت و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت زیانی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت.


وشە - سلێمان تاشان