دیموکراتەکان کەسێکی نوێ لە شوێنی بایدن دادەنێن

:: PM:12:35:28/06/2024 ‌
دوای دیبەیتەکەی دوێنێ شەو لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، ناوماڵی دیموکراتەکان تێکچوو، ئەمەیش دوای ئەوەی بایدن ئاستێکی خراپی بەرنابەر ترەمپ پێشکەش کرد و لە زۆرینەی پرسەکاندا شکستی هێنا و نەیتوانی بەرگری لە سیاستەکانی بکات، ئێستە لە ناو ماڵی دیموکراتەکان دەنگۆی گۆڕینی بایدن گەیشتووەتە چڵە پۆپە.
 
ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیران پێگەی ''نیویۆرک تایمز'' بڵاوی کردەوە، دوای دیبەیتەکەی دوێنێ شەو لەگەڵ ترەمپ، ئەو کەسە دەوڵەمەندانەی پارە دەدەنە کەمپینی دیموکراتەکان و بەشدارن لە سەرخستنی، بیریان لەوە کردووەتەوە هاوکارییەکانیان ڕابگرن، چونکە متمانەیان بە بایدن نییە بۆ جارێکی تر ببێتەوە سەرۆکی ئەمەریکا و ترەمپ شکستی پێ دەهێنێت. 

لە ناو دیموکراتەکان هەوڵ خراوەتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ بایدن، تۆماس فرێدمان نووسەری بەناوبانگی ئەمەریکی و هاوڕێی بایدن لە دوای تەواو بوونی دیبەیتەکە بڵاوی کردەوە، بەڕێز بایدن سەرۆک و کەسێکی باشیت، بەڵام تکایە واز لە خۆ پاڵاوتن بهێنە و ئێستە کاتی نییە. 

کۆمارییەکان بە ئەنجامی دیبەیتەکە دڵخۆش بوون، لە دوای دیبەیتەکە بڵاو کرایەوە، ترەمپ بە ڕێژەی %67 متمانەی بینەرانی بەدەست هێناوە لە بەرانبەردا بایدن تەنیا %33 بینەرانی ڕازی کردووە، بەو دەرەنجامەش چانسی ترەمپ بۆ بوون بە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا زیاترە، بۆیە ئێستە دیموکراتەکان بیر لە بژاردەیەکی نوێ دەکەنەوە. 


وشە - ئارا هێمن