سەدر و سوودانی لە ڕێککەوتن نزیکن

:: PM:04:22:28/06/2024 ‌
سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد موقتەدا سەدر لە ڕێککەوتن نزیکە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمە لە کاتێکدا سوودانی سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە. 

ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیران بڵاوکرایەوە، سەرد و سوودانی لەوە نزیکن بگەنە ڕێککەوتن بۆ کۆنتڕڵکردنی سیاسەتی عێراق و پارسەنگکردنی دەسەڵات و کاریگەری هێزە شیعییەکانی تری نزیک لە ئێران، ئەم ڕێککەوتنەی نێوان سەدر و سوودانی دوای ئەوە دێت سەدر بە ڕەوتێکی نوێوە هاتەوە ناو سیاسەتی عێراق بە ناوی "رەوتی نیشتمانیی شیعە". 

سەدر ناوی "رەوتی نیشتمانیی شیعە"ی هەڵبژاردووە، وەك رەخنەیەك لە هێزەكانی تری شیعەی سەر بە ئێران، وەك هەوڵێكیش بۆ راكێشانی تەواوی بنكەی جەماوەری و شەقامی شیعە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق. 

زۆرینەی شارەزایان پێیان وایە پێویستە گەڕانەوەی سەدر توندوتیژی كەمتری پێوە دیار بێت و زیاتر بە رووی هێزە سیاسییەكانی تری شیعە كراوە بێت، بۆ ئەم مەبەستەشە ڕەخنەی توند لە حکوومەتەکەی شیاع سوودانی ناگرێت، بەتایبەتی كە حكوومەتی سوودانی توانی جۆرە هاوسەنگییەك لە نێوان ئێران و ئەمەریكا دروست بكات.

بە گوێرەی سەرچاوەکە، سەدر و سوودانی لە هەڵبژاردن و ڕووداوەکانی داهاتووی عێراق پاڵپشتی لە یەکتری دەکەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە شیعییەکانی نزیک لە ئێران بەو هەنگاوەی سوودانی و سەدر ڕازی دەبن؟


وشە - ئارا هێمن