زیلینسكی داوا لە هاوپەیمانانی دەكات لە لێدانی رووسیا ئازادی بكەن

:: AM:09:28:01/07/2024 ‌
بەمدواییە رووسیا بەهەموو تواناكانی هێرشی لە دژی ئۆكراینا چڕتر كردووەتەوە، لەوبارەیەوە سەرۆكی ئۆكراینایش داوا لە هاوپەیمانەكانی لە رۆژئاوا دەكات، لە لێدانی رووسیا و ناو خاكەكەی ئازادی بكەن، تا بتوانن هێرشەكانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەكەیان تا ئاستێك رابگرن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم یەكی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، ڤۆڵۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی، داوای لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانی كرد لەگەڵ ئەو هاوكارییە سەربازییانەی پێشكەشی وڵاتەكەی دەكەن، ئازادی بكەن لە لێدانی ناوەوەی خاكی رووسیا، نەك سنوور بۆ لێدانی ئەو وڵاتەی بۆ دیاری بكەن.

زیلینسكی دەڵێ، هەرچەند دنیا بە پەلە هاوكاریمان بكەن بەرانبەر ئەو هێرشە بەردەوامانەی رووسیا بە مووشەك دەیكاتە سەر وڵاتەكەمان، ئەوكات رەنگە بتوانین ئاستێك بۆ هێرشەكانی رووسیا دابنێین، ئەوەیش بەوە دەكرێ ئازادیمان پێ بدەن لە لێدانی رووسیا لەناو خاكەكەی خۆی.

ماوەیەكی زۆری سوپای ئۆكراینا داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەكات، ئازادی لە لێدانی ناوەوەی رووسیای پێ بدەن، تا بتوانن پێگە ئاسمانییەكانی ئەو وڵاتە و چەكە قورسەكانی مووشەك و بۆردمان بكەن، بەڵام ئەمەریكا و رۆژئاوا وێڕای ئەوە چەكی پێشكەوتوو و كەلوپەلی سەربازی دەدەنە ئۆكراینا، بەڵام بەكارهێنانیان سنووردار كردووە كە تەنیا دەتوانن لە بەرەكانی جەنگدا بەكاریان بێنن، بەڵام ئێستە  ئۆكراینا دەوا دەكات ئازادیی لە لێدانی ناوەوەی خاكی رووسیایان پێ بدەن.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د