هەسەدە لە لێكنزیكبوونەوەی سووریا و توركیا زۆر نیگەرانە

:: PM:06:32:01/07/2024 ‌

ئێستە رووسیا بە پاڵپشتیی ئێران و چین هەوڵی رژد دەدات لە رێگەی عێراقەوە توركیا و سووریا لێك نزیك بكاتەوە، بەكورتی لە سایەی سەرقاڵیی ئەمەریكا بە هەڵبژاردن دۆخی ئەو وڵاتە بەرەو ئاقارێكی تر ببات و یاریكەرەكان لەسەر خاكی ئەو وڵاتە كەم بكاتەوە، ئەو هەنگاوەش هەسەدەی نیگەران كردووە، بۆیە چەند رۆژێكە دەروازەكانی لەگەڵ حكوومەتی سووریا داخستووە.

چەند رۆژێكە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری سەر بە هێزەكانی سووریای دیموكرات، كە كۆنترۆڵی زۆرینەی ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا دەكات، دەروازەكانی ئەو ناوچانەی لەگەڵ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریای داخستووە، كاتێك گەشتیاران دووپاتیان كردەوە لە شەمووی رابردووەوە هاتوچۆی نێوان هەردوو ناوچە وەستاوە، تەنیا بۆ قوتابی و نەخۆشەكان نەبێت، تا ئێستەش هیچ بەیاننامەیەكی فەرمی لەلایەن هەردوولا سەبارەت بەو داخستنە دەرنەكراوە، كە هاوكاتە لەگەڵ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لە ناوەڕاستی ئەم مانگە و هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی خۆسەری لە 11ی مانگ.

نێوانی هەردوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و حكوومەتی سووریا سێ دەروازە هەیە، ئەوانیش ساڵحییە و تەبەقە و تایهەن، كە جیا لە هاتوچۆی خەڵك، بۆ ئاڵوگۆڕیی بازرگانیش بەكاردێن، ئێستە لە میدیاكان باسی هەوڵ و ئامادەسازیی لێكنزیكبوونەوەی توركیا و سووریا لە رێگەی عێراق هەیە، جیا لە بوونی چەند رێوشوێنێكی مەیدانی لە باكوری سووریا كە بەرجەستەی ئەو لێكنزیكبوونەوە و فەرامۆشكردنی گرووپە چەكدارەكان بەگشتی دەكات.

لە حاڵەتی دەست پێكردنی گفتوگۆكانی ئەو دووو وڵاتە، ئۆپۆزسیۆنی سووریا و لەوانەش هەسەدە دەكەونە بەردەم بژارەیەكی سەخت، بۆیەش داخستنی دەروازەكان لەلایەن هەسەدەوە پێوەندی بەو بابەتەوە هەیە، سەرچاوەیەك لە خۆسەری بە ماڵپەڕێكی سووری راگەیاندووە كە هەسەدە لە لێكنزیكبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق نیگەرانە و ترسی لێ نیشتووە، بۆیە چەند هەنگاوێك دژی بەو لێكنزیكبوونەوەیە و دیمەشق دەنێت لە حاڵەتی بەردەوامبوونی، لەوانە بەربەستكردنی رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا. 

هەسەدە هەست بە نیگەرانییەكی گەورە بەرانبەر لێكنزیكبوونەوەی توركیا و سووریا و كاریگەریی لەسەر ناوچەكانی دەسەڵاتی لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا دەكات، شەمووی رابردووش ئەو هەنگاوەی بە پیلان لە دژی گەلی سووریا لەقەڵەم دا، بەتایبەتی لە سایەی هەڕەشەی بەردەوامی توركیا بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دژی ناوچەكانی دەسەڵاتی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل