فەرماندەیەكی پاسداران: بەرانبەر بە ئیسرائیل دەستمان بەستراوە

:: PM:11:53:01/07/2024 ‌

سەرەڕای كێشە ناوخۆییەكانی، ئێران توانی ئیسرائیل ناراستەوخۆ و لە رێگەی بریكارەكانی لە ناوچەكە تووشی شەڕێكی لاوازكردن بكات، هاوكات وا خۆی پێشان دەدات كە دۆخەكە بەدڵی ئەو نییە و ئیسرائیل ستەم لە فەلەستینییەكان دەكات، دووپاتیش دەكاتەوە ئەو توانای هەیە لە ئیسرائیل بدات، بەڵام دەستی بەستراوە، وەك فەرماندەیەكی پاسداران وا دەڵێت.

ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزەكانی بۆشایی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران لەبەردەم ژمارەیەك لە خێزان كوژراوانی شەڕی غەزە كە سەردانی ئێران دەكەن گوتی، ئێستە دۆخەكە بۆ هێرشكردنی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل لەبار نییە، دەستمان بەستراوە و لە دۆخێكی ئاوا نین رێوشوێن بە رانبەر تەلئەبیب وەربگرین. 

زیاتر گوتی، نۆ مانگە بەدیار تاوانەكانی سوپای ئیسرائیلین كە بە پاڵپشتیی ئەمەریكا و ئەوروپا ئەنجامیان دەدات، بۆ بەرپرس و گەلی ئێران ئەو دیمەنانە قێزەون و زۆر تاڵن، لەوكاتەی هێزمان هەیە بۆ وەڵامدانەوە، بەڵام دەستمان بەستراوە. 

ئەو فەرماندەی پاسداران دووپاتی كردەوە، لە چەكی دەستی خۆشەویستانمان لە فەلەستین و لبنان و شوێنەكانیتر دیارە كە ئێران یارمەتی ئەوان دەدات، بۆیە كەمتەرخەمیمان نەكردووە و نایكەین لە ئەنجامدانی ئەوەی پێمان دەكرێت، وەك ئەوەی دەتوانین پاڵپشت بۆ بەرگریكاران و گەلی فەلەستین دەمێنینەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل