پێنج سەركردەی پارتێكی كوردستان ڕفێنران

:: AM:09:46:02/07/2024 ‌
سەرچاوەیەك لە قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان راگەیاند، هەریەك لە محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، فەیسەڵ یوسف گوتەبێژی ئەنەكەسە، سلێمان ئۆسۆ سەرۆكی ئەنەكەسە، عەبدولسەمەد خەلەف برۆ و نیعمەت داود ئەندامانی سەركردایەتیی ئەنەكەسە ڕفێنراون.

سەرچاوەیەكی باڵای ئەنەكەسە، بە "وشە"ی راگەیاند،  ئێوارەی دوێنێ دووشەم یەكی تەمووز، هەریەك لە سلێمان ئۆسۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ئەنەكەسە، محەمەد ئیسماعیل عەبدولسەمەد خەلەف برۆ، فەیسەڵ یوسف و نیعمەت داود ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرۆكایەتیی ئەنەكەسەن، لەگەڵ تاهیر حەساف ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنەكە لەلایەن چەكدارانی پەیەدەوە بەرەو شوێنێكی نادیار ڕفێنران.

بەپێی سەرچاوەكە، ڕووداوەكە لە میانی خۆپێشاندانێكدا بووە كە لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان، لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە چوو، بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە بەرانبەر گرتن و بێسەروشوێنكردنی چالاكانی سیاسی و مەدەنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی پەیەدەوە، كەچی چەكدارانی پەیەدە ژمارەیەكی بەرچاو لە سەركردەكانی ئەنەكەسەی لەناو خۆپێشاندانەكەدا رفاندووە.

ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا، سەركۆنەی هێرشكردنە سەر خۆپێشاندەران لە قامیشلۆ دەكات و دەڵێت، دەیان چەكداری جوانێن شۆڕگێڕ، بە كوتەك، دار و بەرد پەلاماری خۆپێشاندەرانیان دا. هاوكات داوا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات سەركۆنەی بكات.
 
سەعات شەشی ئێوارەی دوێنێ دووشەم،  ژمارەیەك دانیشتووی قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، لە دژی گرتنی چەند كەسێك لەلایەن هێزەكانی سەربە پەیەدە گردبوونەوە، بەڵام گرووپی جوانێن شۆڕشێگر هێرشیان كردنە سەر و بەتوندترین شێوە پەلاماریان دان.

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، ئەنجوومەنەكەیان داوای كردووە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە قامیشلۆ بكرێ.   
 
وەك ئەنجوومەنەكە باسی دەكات، "ئامانج تێیدا سەركۆنەكردنی ڕفاندنی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی بوو لەلایەن پارتی یەكێتیی دیموكراتی پەیەدە، كە لە ناویاندا رۆژنامەنووس هەیە. هەندێكیان زیاتر لە سێ مانگە گیراون، بەبێ ئەوەی كەسوكاریان هیچ زانیارییەك لەبارەی چارەنووس و شوێنیانەوە بزانن".
 





وشە - سۆران عەزیز