راپۆرتێك: شەڕی غەزە بەو شێوەیە بەردەوام بێت ئێران سەركەوتووە

:: PM:05:54:02/07/2024 ‌

زۆرێك لە شارەزایان پێیان وایە كە هێرشە كتوپڕەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023 بە پلانی ئێران بووە و باڵی سەربازیی حەماس جێبەجێی كردووە، بەتایبەتی یەحیا سنوار، بەرپرسی حەماس لە غەزە، مەبەستی ئێران هەر ئەوەندە نەبووە، بەڵكو مەبەستی دروستبوونی كاردانەوەی ئیسرائیل و هەڵگیرسانی شەڕی غەزە بووە، بۆ ماندووكردن و لاوازكردنی سوپای ئیسرائیل و سەرقاڵكردنی بە شەڕەكە و دوورخستنەوەی لەخۆی، راپۆرتێك ئاماژە دەكا ئەگەر شەڕەكە وەك ئەوەی ئێستە بەڕێوە بچێت ئێران سەركەوتووە.  

بەپێی راپۆرتەكە ئێستە ئێران خۆشحاڵە بە سەركەوتن و بەڕێوەچوونی پلانەكانی لە ناوچەكە، توانیویەتی شەڕێكی لاوازكردنی درێژخایەن و هێواش بۆ ئیسرائیل لە كەرتی غەزە دروست بكات، جیا لەوەی لە باكوری ئیسرائیل لەلایەن حزبوڵاوە لە سنوورەكانی لبنان هەیە، بۆیە ئەوەی ئێران بە ئیسرائیلی كرد هەمان ئەوەیە لە 10 ساڵی رابردوو ئیسرائیل ویستی بە ئێرانی بكات كە شەڕێكی رانەگەیەنراوی لە دژی ئێران لەناو خاكی سووریا لەگەڵ هێزەكانی ئێران هەبوو، ئێستەش ئەگەر شەڕی غەزە و بۆردمانەكانی حزبوڵا لە لبنان بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئێران دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بكا كە سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر ئیسرائیلدا بەدەست هێناوە. 

رۆژنامەی "جۆرزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی ئاماژە دەكا كە ئێستە ئێران لە رێگەی میلیشیاكانی لە عێراق گوشار لە ئەمەریكا دەكات بۆ ئەوەی ئیسرائیل هێرش نەكاتە سەر حزبوڵای لبنانی، بۆیەش ئاستی هەڕەشەكانی ئەو میلیشیایانەی كە ئێران پاڵپشتییان دەكات لە رۆژانی دوایی توندتر بووە، پەرەسەندنەكانیش بە دوو ئاراستەن. 

یەكەمیان پێوەستە بە بەردەوامیی سوپای ئیسرائیل لە شەڕی غەزە و دووەمیان پێوەستە بە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لبنانی و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە لە نێوانیان، بۆیە هەڕەشەی میلیشیاكان روو لە ئەمەریكایە بە كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق.

لەوكاتەی میلیشیاكان لە دوای هێرشەكەی كانوونی دووەمی رابردوو بۆ سەر بنكە سەربازییەكەی ئەمەریكا لە ئوردن، كە سێ سەربازی ئەمەریكی تیادا كوژرا، میلیشیاكان بە فەرمانی ئێران هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا وەستاند، بەڵام ئێستە كە ئیسرائیل هەڕەشەی پەرەسەندنی هێرشەكانی بۆ سەر حزبوڵا دەكات، ئێران داوا لە میلیشیاكانی دەكات هەڕەشەكانیان بۆ سەر ئەمەریكا زیاد بكەن، كە لە چەند هەفتەی رابردوو لە بەغدا و چەند پارێزگایەك هێرش كرایە سەر ژمارەیەك چێشتخانەی براندی ئەمەریكی. 

راپۆرتەكە بەردەوام دەبێت و دەڵێت، ئاژانسی فەرمیی ئێران "ئێرنا" هەڕەشەكانی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی بەرگریكاری لە عێراق بۆ ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكە گواستەوە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر حزبوڵا، بەوەی هێرشەكانیان دەست پێ دەكەنەوە و فرەوانتری دەكەن، جیا لە هەڕەشەی كردنەئامانجی بۆری گواستنەوەی نەوتی عەقەبە- بەسرە بەوپێیەی دەروازەیەكە بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل.  

راپۆرتەكە ئەو هەڕەشانەی میلیشیاكان بە بەشێك لە جموجۆڵەكانی ئێران بۆ رێگرتن لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵای لبنانی دادەنێت، چونكە تاران نایەوێ ئەو هێرشە رووبدات و شەڕەكە فرەوان بێت و بریكارە سەرەكییەكەی لە ناوچەكە، كە حزبوڵایە، لەناو بچێت و زیانی پێ بگات و بشكێت، بۆیە دەیەوێ دۆخەكە وەك ئێستە بە هێرشی رۆژانە و سنوورداری حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل بمێنێتەوە و بەردەوام بێت، هاوكات ناشیەوێ ئیسرائیل هێرشەكەی ئەنجام بدات.

راپۆرتەكە پێی وایە ئێران هانی میلیشیاكانی دەدا بۆ توندكردنی هەڕەشەكانیان بۆ ئەمەریكا لە عێراق، بۆ زانینی ئاخۆ ئەمەریكا گوشار لە ئیسرائیل دەكات بۆ ئەنجامنەدانی هێرش بۆ سەر حزبوڵای لبنانی، بۆیە ئێران بە پلانەكەی ئێستەی لە ناوچەكە خۆشحاڵە، كە شەڕێكی لاوازكردنی درێژخایەن و هێواشی بۆ ئیسرائیل لە غەزە دروست كردووە، لە باكوری ئەو وڵاتەش حزبوڵای لبنانی هێرشی رۆژانە دەكاتە سەر ئیسرائیل، ئەوەی ئێران بە ئیسرائیلی دەكات لە غەزە، هەمان ئەوەیە كە لە 10 ساڵی رابردوو ئیسرائیل لە سووریا بە ئێرانی دەكات، بۆیە ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئێران دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بكات كە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە.  

سەرەڕای كێشە ناوخۆییەكانی، ئێران توانی ئیسرائیل ناراستەوخۆ و لە رێگەی بریكارەكانی لە ناوچەكە تووشی شەڕێكی لاوازكردن بكات، هاوكات وا خۆی پێشان دەدات كە دۆخەكە بەدڵی ئەو نییە و ئیسرائیل ستەم لە فەلەستینییەكان دەكات، بۆ لابردنی شەرمەزاریش لەسەر خۆی كە بۆچی بۆ بەهاناچوونی فەلەستینییەكان و راگرتنی ستەمی ئیسرائیل لەسەریان ناچێتە ناو شەڕەكەوە، دووپات لەوە دەكاتەوە ئەو توانای هەیە لە ئیسرائیل بدات، بەڵام دەستی بەستراوە.

دوێنێ ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزەكانی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران لەبەردەم ژمارەیەك لە خێزان كوژراوانی شەڕی غەزە كە سەردانی ئێرانیان كردووە گوتی، ئێستە دۆخەكە بۆ هێرشكردنی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل لەبار نییە، دەستمان بەستراوە و لە دۆخێكی ئاوا نین رێوشوێن بە رانبەر تەلئەبیب وەربگرین، نۆ مانگە بەدیار تاوانەكانی سوپای ئیسرائیلین، بۆ ئێمە ئەو دیمەنانە قێزەون و زۆر تاڵن، هێزمان هەیە بۆ وەڵامدانەوە، بەڵام دەستمان بەستراوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل