حكوومەتی عێراق رێوشوێنەكانی دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی نەینەوا دەوەستێنێت

:: PM:05:23:03/07/2024 ‌

دوێنێ ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا لە دانیشتنێكدا بە ئامادەبوونی تەنیا 16 ئەندام، دەنگی لەسەر گۆڕینی سەرۆكی یەكە ئیدارەییەكانی پارێزگەی نەینەوا دا، كە فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكگرتووی نەینەوا بە پێشێلكاریی یاسایی و دوور لە سازانی سیاسییان دانا، ئەمڕۆ حكوومەتی عێراق لە نووسراوێكدا رێوشوێنەكانی دانیشتنەكەی راگرت.

ئەمڕۆ چوارشەم لە نووسراوێكدا دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاكان سەر بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران عێراق، رێوشوێنەكانی دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای بۆ گۆڕینی سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگاكەی راگرت، داوای كرد پەلە لە گۆڕینی سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان لەو پارێزگایە نەكرێت. 

لە دەقی نووسراوەكەدا هاتووە، بۆ نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاماژە بۆ بڕیارەكەتان لە 2ی تەمووزی 2024 تایبەت بە گۆڕینی ژمارەیەك لە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان لە پارێزگای نەینەوا، ئاماژەش بۆ نووسراوی ئێمە لە 5ی ئاداری 2024، كە داوای پەلەنەكردنمان لە گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێكان كردبوو تا كاتی گەیشتنی وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ پرسیاری ئێمە تایبەت بە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاكان لە 2018، بەپێی یاسی ژمارە چواری 2023، وەك سەرەتای خولێكی نوێی هەڵبژاردن پێوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان لەسەر بنەمای بڕگەی سێی مادەی هەشتی یاسای پارێزگا نارێكخراوەكان بە هەرێم لە ساڵی 2008 دەكات، بۆیە:

دووپات لە پێویستی پەلەنەكردن لەو بابەتە دەكەینەوە تا گەیشتنی وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت، پێشتریش سەرۆكیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی لەنێوان پارێزگاكان لە دووەم كۆبوونەوەی ئەمساڵی دەستەی باڵای هاوئاهەنگی لەنێوان پارێزگاكان رێنوێنی دەركردبوو بە پێویستی ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانە بەر لە وەرگرتنی رێوشوێنی گۆڕینی سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان، ئەوەش لەلایەن لیژنەی تایبەتی پیشەگەر ئەنجام بدرێت.

ئەو نووسراوەی حكوومەتی عێراق دوای ناڕەزایەتییەكی گەورە لەلایەن هەردوو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی یەكگرتووی نەینەوا هات، كە خاوەنی 13 كورسین لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، وەك كاردانەوەیەكیش بەرانبەر بەو گۆڕانكارییە نایاساییانەی هاوپەیمانی دوارۆژی نەینەوا، كە خاوەنی 16 كورسییە و لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەوە نزیكە، هاوپەیمانی یەكگرتووی نەینەوا داوای لادانی ئەحمەد حاسوود، سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و دوو جێگرەكەی كرد، جیا لەوە نووسراوەكەی حكوومەتی عێراق سەرزنشتێكی ئاشكرای بۆ ئەنجوومەنەكە تیادایە و بەبیریان دێنێتەوە كە پێشتریش سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاگەداری كردوونەتەوە بەوەی ناكرێ بێ هەڵسەنگاندن گۆڕانكاری بكەن.    







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل