ئیسرائیل فەرماندەیەكی مەیدانیی حزبوڵای كوشت

:: PM:06:39:03/07/2024 ‌

گوشارەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵای لبنانی بۆ وەستانی هێرشەكانی لە بەرەی باكور و ناچاركردنی بۆ رێككەوتنێكی ئاگربەست و كشانەوە لەسەر سنوورەكانی بەردەوامە، جیا لە هەڕەشەكانی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر لبنان، لە كوشتنی فەرماندە مەیدانییەكانی حزبەكە لە باشووری لبنان بەردەوامە.

ئەمڕۆ چوارشەم سوپای ئیسرائیل لە هێرشێكی ئاسمانی لە رێگەی درۆنەوە لە نزیك شارەدێی حۆش لە ناوچەی سوور لە باشووری لبنان، ئەبو نیعمە، فەرماندەی یەكەی عەزیزی سەر بە حزبوڵای كوشت و كوڕەكەشی بریندارە، ئەوان لەناو ئۆتۆمبێلەكەیان بوونە و بۆردمان كراون.

دوای هێرشەكە حزبوڵای لبنانی كوژرانی فەرماندەی مەیدانی محەمەد نیعمە ناسر ناسراو بە "حاجی ئەبو نیعمە"ی لە هێرشەكەی ئیسرائیل راگەیاند، بەپێی هەواڵەكان ئەو فەرماندە كوژراوە پلەیەكی باڵای لەناو حزبەكە هەیە و هاوتای پلەی ئەبو تاڵیبە، كە ئیسرائیل بەر لە چەند هەفتەیەك ئەویشی كوشت. 

بەوەی ئەمڕۆ دووەم فەرماندەی باڵای حزبوڵایە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەكوژرێت، دوای ئەوەی لە 11ی حوزەیرانی رابردوو تاڵب عەبدوڵای فەرماندەی یەكێك لە سێ بەرەكەی شەڕ لە باشووری لبنان لە ناوچەی جویا كوشت، لە ماوەی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی هەشت مانگی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل، 494 كەس لە لبنان كوژراون، كە 307یان سەر بە حزبوڵان، لەوكاتەی 26 ئیسرائیلی كوژراون. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل