ئیسرائیل بەرپرسێكی حزبوڵای كوشت

:: AM:11:31:01/04/2025 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل لە هێرشێك بۆ سەر زاحیەی باشووری بەیرووت بەرپرسێكی حزبوڵای لبنانیان كوشت، لەوكاتەی سەرۆكی لبنان سەركۆنەی بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل دەكات، وەزارەتی تەندروستیی لبنان باسی كوژرانی سێ كەس و برینداربوونی حەوتی تر لە هێرشەكەن دەكات.

چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە حزبوڵای لبنانی ئاشكرایان كرد كە بەهۆی هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیًشەم بۆ سەر زاحیەی باشووری بەیرووت، یاریدەدەری بەرپرسی دۆسەی فەلەستین لە حزبوڵا و برای بەرپرسی راگەیاندنی جەنگی حزبەكە كوژراوە، ئەو بەرپرسە كە ناوی حەسەن بدێرە، لە كاتی هێرشەكە لەگەڵ خێزانەكەی لە ماڵەكەیدا بووە.

ئەفیگای ئادرعی گوتەبێژ بە ناوی سوپای ئیسرائیل لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكان هێرشیان كردە سەر ناوچەی زاحیەی باشووری بەیرووت، كەسێكیان كردە ئامانج كە لە ماوەی دوایی یارمەتی چەكدارانی حەماسی دابوو لە ئەنجامدانی هێرشێك لە ئیسرائیل.

تا ئێستە حزبوڵا بە فەرمی هیچی لەبارەی كوژرانی بەرپرسەكەی نەگوتووە، بەڵام جۆزێف عەون سەرۆكی لبنان و نەواف سەلام سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە سەركۆنەی هێرشەكەیان كرد و وەزارەتی تەندروستیی لبنانیش رای گەیاند كە لە هێرشەكەدا سێ كەس كوژراون و حەوتیش بریندارن، كە دووەم هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلە بۆ سەر زاحیەی باشووری بەیرووت لەوەتەی 27ی تشرینی دووەمی 2024 ساتی راگەیاندنی جێبەجێبوونی ئاگربەست لە لبنان. 







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل