هەسەدە و دیمەشق رێككەوتنێكی تەناهی بۆ حەلەب دەكەن

:: PM:01:04:01/04/2025 ‌

لە دوای رێككەوتنەكەی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا و و مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە دیمەشق، رەشنووسی دەستووری كاتی و پێكهاتەی حكوومەتی كاتی سووریا هاتنە راگەیاندن كە پێكهاتەكانیان فەرامۆش كردبوو لەوانەش كورد، بەپێی روانگەی مافی مرۆڤی سووریا هەسەدە و دیمەشق رێككەوتنێكی تەناهییان لەبارەی حەلەب و دەوروبەری كردووە.

بەپێی روانگەی مافی مرۆڤی سووریا، زانیاری هەیە بەوەی رێككەوتنێكی تەناهی لە نێوان ئیدارەی نوێی سووریا و هەسەدە لە حەلەب و دەوروبەری بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا كراوە، بەپێی رێككەوتنەكە ئاسایشی هەسە لە هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب دەخرێنە سەر ئاسایشی گشتیی دیمەشق و لە رووی ئیدارییەوە سەر بە بەڕێوەبەری خۆسەری دەبن، ئەوەش بۆ رێكخستنەوەی دۆخی تەناهیی ناوچەكە.

روانگەكە دەڵێت، هەر بەپێی رێككەوتنەكە 170 گیراوی هەسەدە و ژمارەیەك تەرمی كوژراوانی بەرانبەر بە 400 گیراوی ئاسایشی گشتی و گرووپەكانی تر و تەرمەكانیان ئازاد دەكرێن، ئەو لێكگەیشتنەش بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا كراوە و چاوەڕوانی راگەیاندنی بە فەرمی دەكرێت.

لەبەرانبەردا ئاوارەكانی شاری عەفرین داوای گەرەنتی بۆ گەڕانەوەیان بۆ شارەكەیان دەكەن، كە پێویستە ئەندامانی گرووپی سوپای نیشتمانیی سووریا لە شارەكە بچنە دەرەوە و لە بری ئەوان ئاسایشی گشتی بڵاو ببنەوە.

لە لایەكی تر ژمارەیەك سیاسەتوانی كوردی سووریا ئەحمەد شەرعی سەرۆكی كاتیی سووریایان بە دوورخستنەوەی سیاسییانەی كورد لە پێكهاتەی ویزاری تۆمەتبار كرد، بەوەی رەچاوی رێككەوتنەكەی شەرع و عەبدی نەكردووە و دوور لە هێزە سیاسییە كوردییەكان كراوە، بەردەوامبوونی سیاسەتی فەرامۆشكردنی پێشووی دیمەشقە و دەبێتە هۆی زیادبوونی ناكۆكییە ناوخۆییەكان، هاوكات بە هەڕەشەیان بۆ سەر رێككەوتننەكەی شەرع و عەبدی لە قەڵەم دا.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل