راوێژكارێكی حكوومەتی عێراق: دۆلار هێزی بەرزبوونەوەی نەماوە

:: PM:04:16:29/03/2025 ‌
راوێژكاری ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای دەگەیەنێت، بانكی ناوەندی سەركەوتوو بوو لە ئاسانكاری گواستنەوەی دینار بۆ دۆلار، دەڵێت دۆلار هێزی بەرزبووەنەوەی نەماوە.

ئەمڕۆ شەموو، 29ی ئادار، مەزهەر محەمەد راوێژكاری ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، بانكی ناوەندی بەردەوامە لە رێكارەكانی دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار، هەروەها سەركەوتوو بوو لە ئاسانكاری گواستنەوەی دۆلار بەرانبەر بە دینار لە رێگەی 132 هەزار بۆ هەر 100 دۆلارێك.

هەروەها گوتی، دابینكردنی دۆلار بۆ گەشتیاران لە رێگەی هەڵگرتنی كارتی پارەدان و بەكارهێنانی بە متمانەیەكی زۆرەوە لە دەرەوەی وڵات، هەروەها نرخی ئاڵوگۆڕی 132 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار، بازرگانیی نافەرمی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئەودیوی سنوورەكان بە توندی سنووردارە، بە پێچەوانەی پێشتر.

روونی كردەوە، تا رادەیەك رێگریكردن لە بردنی دۆلاری قاچاخ بۆ دەرەوە، ئەوەش كاریگەری هەبووە و چاومان لەوەیە لە داهاتوودا زیاتر نرخی دۆلار دابەزێت، چونكە ئێستا دۆلار هێزی بەرزبوونەوەی نەماوە.

لای خۆیەوە خالید حەیدەر پسپۆڕی ئابووری، بە "وشە"ی راگەیاند، بابەتی سزادانی ئەو بانكە عێراقییانە كە لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە لایەن ئەمەریكا سزادران كاریگەریی لەسەر دابەزینی دۆلار هەبوو، چەند دۆخەكە سەقامگیر بێ لە بەرژەوەندیی دینارە.

وشە/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم