وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی لە بەریتانیایە بۆ بەشداری لە لووتكەی ئاسایشی سنوور و لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری ناوخۆی فڕەنسادا كۆبووەوە و لایەنی فڕەنسی پاڵشتی حكوومەتی فڕەنسا و گەلەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ دووشەم 31ی ئاداری 2025، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لوتکەی ئاسایشی سنوور لە بەریتانیا، لەگەڵ "بغونو ریتالیۆ" وەزیری ناوخۆی فڕەنسا کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، لە کۆبوونەوەکە رێبەر ئەحمەد سوپاسگوازاری حکوومەت و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی پێشکەشی وەزیری ناوخۆی فڕەنسا کرد بۆ پێوەندی مێژوویی و پاڵپشتی بەردەوامی دەوڵەتی فڕەنسا لە دۆزی رەوای کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ، لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، رێبەر ئەحمەد باسی لە پاڵپشتی گرنگی فڕەنسا کرد بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رووبەرووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم لە راگەیەنراوەكەیدا لەبارەی هەڵوێستی وەزیری ناوخۆی فڕەنساوە ئەوەی روون كردووەتەوە كە وەزیری ناوخۆی فڕەنسا خۆشحاڵی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و پاڵپشتی حکوومەت و خەڵکی فڕەنسای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و رۆڵی گرنگی کوردستان لە شەڕی داعش و تیرۆریستان و تۆڕەکانی تاوان بەرز نرخاند.