سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەژنی ئەكیتۆ پیرۆز دەكات

:: AM:09:51:01/04/2025 ‌

بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی كلدان و ئاشووری و سریان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و دنیا دەكات.

لە دەقی پیرۆزبایینامەكەدا هاتووە، بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی 6775ی بابلی ـ ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆوە،‌ گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەش بە هاووڵاتییانی خۆشەویستی كلدان و ئاشووری و سریان لە كوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان دەكەم، هیوادارم جەژن و پشوویەكی خۆش و ئارام بەسەر بەرن.

جەژنی ئەكیتۆ بۆنەیەكی مێژوویی و دێرینی شارستانیی بەهادارە، قووڵاییی ڕەگی كولتووری و مرۆییی یەكێك لە دێرینترین پێكهاتەكانی ناوچەكەمان نیشان دەدات كە لە بەرەبەیانی مێژووەوە بەشدارییان لە دروستكردنی شارستانییەتەكانی ناوچەكە و پاراستنی فرەڕەنگییەكەیدا، كردووە.

لەم بۆنەیەدا، جارێكی دیكە لە هەرێمی كوردستان جەخت لە پابەندیی هەمیشەییمان بە پاراستنی ماف و ئازادییەكان و برەودان بە كولتووری فرەڕەنگی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و یەكترقبووڵكردن لەنێو هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستاندا دەكەینەوە.

با ئەمساڵ جەژنی ئەكیتۆ دەرفەتێكی نوێ بێت بۆ پتەوكردن و بەهێزكردنی خۆشەویستی و ژیانی هاوبەش و ڕێزلەیەكگرتن لەنێو هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستاندا، هەروەها سەرچاوەی هیوایەك بێت بۆ داهاتوویەكی باشتری پڕ لە گەشەسەندن و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان، جەژنی ئەكیتۆ لە هەموو لایەك پیرۆز بێت، هەموو ساڵێك بە خۆشی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل