لە ماوەی تەنیا چەند رۆژ و هەفتەیەكدا هەرێمی كوردستان دابەشكردنی مووچە و هاتنی جەژنەكانی نەورۆز و بەهار و جەژنی رەمەزانی بەخۆیەوە بینی، ئەوانە وایان كرد چ لە ناوخۆ و چ لە بواری هاتنی گەشتیارێكی زۆر بۆ پارێزگاكانی كوردستان بووژانەوەیەكی باش لە گەشەی ئابووری دروست ببێت، وەك شارەزایان ئاماژەی بۆ دەكەن.
ئەزموون ئەوە دەسەلمێنێت كە هەرێمی كوردستان خاوەن بنەمایەكی تۆكمە و بەهێزی ئابوورییە، چەندان كەرتی گرنگی هەیە كە ئەگەر سوودیان لێ ببینرێت، دەبنە بنەمای بەهێز بۆ بنیاتنانی قەوارەیەكی بەهێز و جیاواز لە عێراق، رەنگە هەر ئەوەش بووبێت وای لە بەغدا كردووە كە بەربەستی جیاواز بۆ هەرێم دروست بكات و سەرنج و چاوی خەڵكەكەی ببەستێتەوە بخاتە سەر تەنیا مووچە، كە بە دەستی خۆی قۆرخی كردووە.
لە پشووەكانی جەژنی رەمەزاندا هەرێمی كوردستان هاتەوە ناو كەشوهەوای سروشتی خۆی، كاتێك هەزاران خێزان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق روویان لە شار و هاوینەهەوارەكانی كوردستان كرد بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش لە سایەی ئەو ئارامی و كەشوهەوا بەهارییەی هەیە، بەپێی ئامارەكان لە ماوەی تەنیا دوو رۆژی رابردوودا هاتنی زیاتر لە 200 هەزار گەشتیاری بەخۆیەوە بینیوە، كە لە پاڵ دابەشكردنی دوو مووچە، وایان كرد دۆخی ئابووریی هەرێم روو لە بووژانەوە بكات.
فەرمان حوسێن شارەزای ئابووری دەڵێت، دابەشكردنی دوو مووچە و هاتنی ئەو رێژە زۆرەی گەشتیاران جووڵەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیان بووژاندەوە، پشووی ئەم جەژنە لە كەشوهەوایەكی گونجاوی بەهاری هات، بووە هۆی بووژانەوەی چەند كەرتێكی گرنگ كە بەهۆی تەنگژەی داراییەوە تووشی سستی بووبوون، لەوانە هوتێل و چێشتخانە و بازاڕی چەرەزات و شیرینی.
روونی كردەوە، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو جموجۆڵێكی گەورەی هاووڵاتییان لە هاوینەهەوارەكان هەبوو و گەشتیارێكی زۆر روویان تێ كردبوون، ئەوانەش جوولەی ئابووری دەبووژێننەوە و سیولەی دارایی دابین دەكەن.