هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان پەسەند كرا

:: PM:03:49:19/01/2025 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، دەنگ لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دراوە و چاوەرێ‌ دەكرێت لە دانیشتنی گشتیی ئەمڕۆی پەرلەمان بڕیار لەسەر هەناردەكردنی نەوت بدرێتەوە. 

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی كانوونی دووەم، نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رای گەیاند، "لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی دەنگماندا بە پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای بودجە (مادەی دوانزە/ دووەم/ ج) تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و چاوەڕوان دەكرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەنگی لەسەر بدرێت و بەوەیش دەستبكرێتەوە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم".

" بەپێی هەموارەكە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت وەك سلفە دەدرێتە هەرێم بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە تا ئەو كاتەی كۆمپانیایەكی پسپۆر (كە لەماوەی 60 رۆژ دەستنیشاندەكرێت بە رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا) خەملاندنێكی دادپەروەرانە دەكرێت بۆ تێچووی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم" نەرمین مەعرووف وای نووسیوە.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی هەرێم دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بكات یان لەرێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاریبێنێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم