شارەزایان: پێكهێنانی حكوومەت كاریگەریی لەسەر بازاڕ دەبێت

:: PM:05:39:19/01/2025 ‌
شارەزایان باس لەوە دەكەن، زوو پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاریگەریی لەسەر جووڵەی بازاڕ و پڕۆژەكان دەبێت، و حكوومەت دەست دەكاتەوە بە خزمەتكردن و پڕۆژەكانی.

ئەنوەر سەعید خاوەنكاری كەلوپەلی بیناسازی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی كە بازاڕ دەجوڵێنێت و جووڵەی فراوان لە بازاڕ دروست دەكات پڕۆژەكانی حكوومەتە، كاتێك پڕۆژەكان دەست بە كار بكەن و حكوومەت پارە خەرج بكات، خەڵكیش دەكەوێتە خۆی.

روونیشی كردەوە، ئێستە هەمووان چاویان لەوەیە كابینەی نوێ پێك بێت و حكوومەت پڕۆژەكانی بخاتە بواری جێبەجێ كردن، بەهۆیەوە بازاڕ ببوژێتەوە و هەلی كاری فراوان دروست بێت و مامەڵەكان دەست پێ بكەنەوە.

لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل شارەزای ئابووری، بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەموو دنیا كاتێك كابینەیەكی نوێ پێك دەهێنرێت كاریگەریی لەسەر بازاڕ و جووڵەی كەرتەكانی ئاوەدانكردنەوە و پڕۆژە و خزمەتكردن دەبێت، چونكە ئەو حكوومەتە دەست دەكات بە جێبەجێ كردنی بڕیار و بەڵێنەكانی كە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە خەڵكی داوە، خەڵكیش چاوەڕێی ئەوە دەكات كە حكوومەتی نوێ پێك بێت و دەست بكرێت بە خزمەتكردن و پرۆژە بكات و كاری خزمەتگوزاری پێشکەش بکات.

جێی ئاماژەیە، ئێستە هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە تا كابینەی نوێی حكوومەت خێراتر پێك بهێنرێ‌. 


وشە/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم