شاندەكەی هەرێم لەگەڵ سوودانی و تەیف سامی كۆ دەبنەوە و باسی چی دەكەن؟

:: AM:09:24:20/01/2025 ‌
ئێوارەی دوێنێ شاندێكی حكوومەتی هەرێم گەیشتنە بەغدا، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، بڕیارە شاندەكە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی فیدراڵ كۆببنەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، ئێوارەی دوێنێ شاندێكی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێ كەوتوون.

 وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش كردووە، ئامانج لە سەردانەكە گفتوگۆكردنە لەسەر هەمواری خشتەكانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2025 و چارەسەركردنی ئاستەنگەكانی بەردەم مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە شاندەكەی كوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵ كۆ ببنەوە.

لە كۆبوونەكانیاندا داهات و خەرجیی ساڵی 2024 یەكێك لە تەوەری گفتوگۆكان دەبێت، بەوپێیەی لە چەند رۆژی رابردوودا هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ بەچەند راپۆرتێك وەڵامی یەكتریان دایەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" لە چەند سەرچاوەیەكەوە وەریگرتووە، شاندی هەرێم داوای گواستنەوەی چەند گوژمەیەكی مووچە دەكات، بۆ ئەوەی هاوشێوەی ساڵی 2024، مووچەی مانگی 12 لە ساڵی 2025 كێشەی بۆ دروست نەبێت.

ئەمە لە كاتێكدایە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێن: یاسای بودجە كە لە پەرلەمان دەنگی پێ دراوە، 213 تریلیۆن دینار بووە، تەنیا بودجەی ساڵی 2024، بڕەكەی 156 تریلیۆن دینار بووە كە پێكهاتووە لە بودجەی حاكیمە و سیادی و وەبەرهێنان و بەكارخستن، بەغدا بەپێی ئەوە پارەی بۆ هەرێم ناردووە.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ بەغدا بەپێی خەرجیی فیعلی پارەی بۆ هەرێم ناردووە، كۆچەر دووپاتی كردەوە، وەزیری دارایی عێراق دەڵێ ناردوومانە، هەرێمیش دەڵێت: پارەی تەواومان بۆ نەهاتووە، لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان خەریكی ئەوەن بزانن ئەو بابەتە چییە؟

كێشەكانی ساڵی ڕابردووی نێوان هەولێر و بەغدا كەڵەكە بوون، هەموو ئەو ڕێككەوتنانەی پێشتر هەبوون لەبارەی مووچە، تایبەت بوون بە ساڵی 2024، بۆیە پێویستە ڕێككەوتنێكی نوێ بكرێت، بەتایبەت ئێستە كێشە بۆ مووچەی مانگی یەك دروست بووە و هیچ بڕیارێك بۆ ناردنی نییە.

شاندەكەی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئامادەكاری بۆ ڕێككەوتنی نوێ و دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ ناردنی مووچەی مانگی یەك و كۆی مووچەكانی ئەمساڵ دەكەن. گفتوگۆش لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و شایستە داراییەكان دەكەن، لەگەڵ ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ و هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان و بابەتەكانی تری پێوەست بە مووچەی فەرمانبەران.



وشە - سۆران عەزیز