"بافڵ تاڵەبانی بە بەردەوام باس لە هەڵبژاردن دەكا و سوور دەزانێ كە لەو وادەیە بەڕێوە ناچێت"

:: PM:09:06:16/05/2024 ‌

مامۆستایانی زانكۆ و نووسەر و توێژەران پێیان وایە كە بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە ناچێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كە باسی ئەوە دەكات هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بەڕێوە دەچێت، هاووڵاتییانی كوردستان و ئەندام و لایەنگرانی خۆی چەواشە دەكات.

لەمبارەیەوە د. رێبین سەلام، مامۆستای زانكۆ بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بۆ هەموو لایەك و وڵاتانی ناوچەكە و دنیاش روون بووەوە كە هەڵبژاردن لە كوردستان بەبێ پارتی بەڕێوە ناچێت و نائاسایی و نایاساییە و ناتوانرێ لە كۆڵانێكیش هەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن بەبێ پارتی و پێكهاتەكان بەڕێوە چوو، رێژەیەكی زۆر كەم دەنگدەر دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، ئەو حكوومەتەش كە وا پێك بێت پووچەڵ و چرووك و ناتەندروستە.

روونی كردەوە، ئەو وادەی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان دانراوە، كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، واتە پارتی و حكوومەتیش هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ وادەكە نەبوو، بەڵام بە رێككەوتن و دانانی سیناریۆ و دیزاین یەكێتی وای كرد كە ئەو پرۆسەیە پەكی بكەوێ و بەداخەوە كە پێكهاتەكان لە كورسی و مافی خۆیان بێ بەش كران، لەكاتێكدا لەكاتی خۆی مام جەلال ئەم ماف و شایستەی پێ داون، بەڵام یەكێتی ئەوەی لەبەرچاو نەگرت.

"یەكێتی تا ئێستەش لای وایە هەڵبژاردن دەكرێت، بەڵام ئەوەتە كەمتر لە مانگێكی ماوە و هیچ دیار نییە، لە میدیاكانی دەڵێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دەكرێت، بەڵام بێ ئاگا لەوەی كە پرۆسەكە بەهۆی ئەوانەوە چووتە تونێلێكی نادیار، بۆیە تا ئێستەش یەكێتی دەیەوێ جەماوەری خۆی و هاووڵاتییان چەواشە بكات و یاری بە هاوكێشەكان بكات، تا ئێستەش ئاشكرای ناكات ئاخۆ لەم هەڵومەرجەدا هەڵبژاردن چی بەسەر دێت و چۆن ئەو پرۆسە بەڕێوە دەچێت؟، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە ئەم حزبە بێ ئاگایە لە رووداوەكان و گوتار و سیاسەتی ئاشكرا و راشكاوی نییە"، د. رێبین سەلام وای گوت.

هەر لەمبارەیەوە حامید گەوهەری، نووسەر و توێژەر بە "وشە"ی گوت، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن كارەكانی هەڵبژاردنی وەستاندووە، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن لە 10ی مانگی داهاتوو كرابووایە، ئێستە كوردستان بە ئاڵا و لۆگۆی حزبەكان دەڕازایەوە، بۆیە روون و ئاشكرایە كە پرۆسەكە لەو وادەیە بەڕێوە ناچێت و سازكردنی ئەستەمە.

ئەو نووسەرە روونی كردەوە، هەڵبژاردن كاتێك دەكرێت كە سەرۆكی هەرێم وادەی نوێی هەڵبژاردن دیاریی بكات، ئەوانەشی كە باس لە هەڵبژاردنی مانگی شەش دەكەن، بە كورتی و بە كوردی بۆ گاڵتەكردنیانە بە بافڵ تاڵەبانی لە سیاسەتدا، چونكە بە بەردەوام باس لە هەڵبژاردن لەو وادەیە دەكات و سووریش دەزانێ كە لەو وادەیە بەڕێوە ناچێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت