هەلیكۆپتەرەكەی سەرۆكی ئێران چۆن كەوتووەتە خوارەوە؟

:: PM:09:47:21/05/2024 ‌

ئێوارەی یەكشەمی رابردوو ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران و ژمارەیەك بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە رووداوی تێكشكانی هەلیكۆپتەرەكەیان گیانیان لە دەست دا، ئێران دەستی بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی ئێران وەك شایەتحاڵێك وردەكاریی رووداوەكە و گەشتەكەی رەئیسی باس دەكات.

غولام حوسێن ئیسماعیلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی ئێران لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت، بەیانی رۆژی یەكشەم لە تارانەوە بەرەو تەبرێز بەڕێ كەوتین و سعات حەوتی بەیانی گەیشتین، بە فڕۆكەیەكی هەلیكۆپتەر سەردانی چەند پڕۆژیەكمان كرد و كەشوهەوا باش بوو، پلانمان هەبوو سەردانی ناوچەی تریش بكەین، سعات نۆی بەیانی بەرەو ناوچەی خدا ئافرینی سنووری لەگەڵ ئازەربایجان چووین و كەشوهەوا زۆر باش بوو، لەوێ پڕۆژەی بەنداوەكەمان كردەوە و ماوەی سعاتێك لەگەڵ سەرۆكی ئازەربایجان كۆبووینەوە، ئینجا نوێژی نیوەڕۆمان لەوێ كرد.  

روونی كردەوە، لە سعات یەكی دوای نیوەڕۆ سواری هەلیكۆپتەرەكان بووین و بەرەو تەبرێز بەڕێ كەوتین و كەشوهەوا باش بوو، ئاسمان ساماڵ بوو و هیچ دیاردەیەكی نائاسایی كەشوهەوا نەبوو، دوای نیو سعات لە رێگە لە دۆڵێكی نزیك لە ناوچەی میس سۆنگۆن، هەور هەبوو، بەڵام لەسەر رێگەمان تەم نەبوو و هەورەكان تۆزێك لە سەرووی هەلیكۆپتەرەكان بوون.

ئیسماعیلی دووپاتی كردەوە، فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەرەی سەرۆك، وەك فەرماندەی مەیدانی گەشتەكە رای گەیاند كە پێویستە بەرزتر بفڕین و لە گەشتەكە لەسەر هەورەكان بەردەوام بین، بۆیە هەلیكۆپتەرەكان بەرزتر بوونەوە، دوای 30 چركە لە فڕین بەو شێوە، فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەری ئێمە تێبینی ئەوەی كرد كە هەلیكۆپتەری سەرۆك لەگەڵ ئێمە نییە و ون بووە، بۆیە بەدوایدا گەڕاین، بە ئێمەیان گوت رەنگە نیشتبێت، چونكە ماوەی خولەك و 30 چركە پێوەندیمان لەگەڵیدا پچڕا بوو، هەلیكۆپتەری ئێمە چەند جارێك سووڕایەوە و هیچ پێوەندییەك نەبوو، دوای 30 چركە لە میس سۆنگون نیشتینەوە.   

ئەو بەرپرسەی نووسینگەی رەئیسی ئاماژەی كرد، پێوەندیمان بە سەرنشینانی هەلیكۆپتەرەكە كرد، بەڵام وەڵامیان نەبوو، خۆم و وەزیرانی گواستنەوە و وزە پێوەندیمان دەكرد، بەڵام وەڵامیان نەبوو، تیمی فڕۆكەكەمان پێیاتن گوتین كە پێوەندییان بە فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەری سەرۆك كردووە، بەڵام ئایەتوڵا محەمەد عەلی ئال هاشم وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی كە هەلیكۆپتەرەكە لە دۆڵەكە كەوتووەتە خوارەوە، جارێكی تر پێوەندیمان پێوەی كرد گوتی، من باش نیم، نازانم چی رووی داوە و ناشزانم لە كوێم، من لە ناو دارستانم و كەس نابینم و بە تەنیام، بۆیە بۆمان روون بووەوە كە هەلیكۆپتەرەكە تووشی رووداو بووە.

ئیسماعیلی ئاماژەی كرد، لەگەڵ تیمی فریاكەوتن بەرەو ناوچەكە چووین، چەند جارێكی تر لەگەڵ ئال هاشمی قسەمان كرد و تا سێ سعات وەڵامی هەبوو، بەڵام دیار بوو ماندوو بوو و دەیناڵاند، دەمانزانی كە لە ژیان ماوە، بەڵام ئەوانیتر راستەوخۆ بەهۆی رووداوەكەوە گیانیان لە دەست دابوو، ئال هاشمیش دوای چەند سعاتێك ئەویش گیانی لە دەست دا، هیچ تەقینەوە و ئاگر و دووكەڵ لەو شوێنە نەبووە.

بەپێی وێنەكانی شوێنی رووداوەكە كە دوێنێ هاتە بڵاوكردنەوە، گریمانێكی هۆكاری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی رەئیسی ئاشكرا دەكات، كاتێك دەركەوتووە هەلیكۆپتەرەكە نیوچە سووتاوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی تەم و خراپیی كەشوهەوا و ئاستی نزمی بینینەوە لەسەر ناوچەیەكی سەخت و لە نزیك سنوورەكانی ئازەربایجان بەر لووتكەی چیایەك كەوتووە، هەندێك لە شرۆڤەكاران باسی ئەوە دەكەن فڕۆكەكە بەر چیایەك لە ناوچەی تەبرێز كەوتبێت و نیوچە سووتاوە، ئەوەش وای كرد كە فەرماندەیەكی پاسداران باسی ئەوە بكات كە هەندێك لە تەرمەكان سووتاون و ناناسرێنەوە، لە دوای 12 سعات لە گەڕان و دۆزینەوەی شوێنی رووداوەكە.

لای خۆیەوە یووسف دەعجە، ئەفسەرێكی فڕۆكەوانییە ئاماژە دەكات كە تەم و هەور و بەرزونزمی كار لە رێڕەوی هەلیكۆپتەرەكەی رەئیسی ناكات، چونكە سیستمی نیشتنەوەی سەلامەتیی تێدایە، تەنانەت لە حاڵەتی پەككەوتنی بزوێنەرەكانیش، بۆیە سیناریۆیەكی تەواو جیاواز بۆ بابەتی خراپیی كەشوهەوا و بەرزونزمی هەیە.

روونی كردەوە، ئەو فڕۆكەی سەرۆكی ئێران لە ساڵی 1992 دروست كراوە و ئەمەریكییە، دوو بزوێنەری كەنەدی لەسەرە، ئەگەر یەكێكیان لە كار بكەوێت ئەوەی تریان كار دەكات، ئەگەر هەردووكیشیان لەكار كەوتن، سیستمی تری هەیە و هەر دەتوانێت بێ كێشە بنیشێتەوە، بەڵام ئەگەر پەروانەكانی لەدەست دا، بێگومان بە خێراییەكی زۆر دەكەوێتە خوارەوە و بەر زەوی دەكەوێت بە شێوەیەك كەس لە سەرنشینەكانی رزگاریان نابێت، بۆیە ئەگەر لێكۆڵینەوەكان ئەو گریمانەیان پشتراست كردەوە، ئەگەری زۆرە ئەوە رووی داوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل