لە ڕووسیا بە شكۆ و وەفاوە ڕێز لە كوردانی سۆڤیەت گیرا

:: PM:04:10:10/05/2024 ‌

لە ڕێوڕەسمێكدا لە وڵاتی ڕوسیا، پەرتووكێک پێشكەش كرا كە باسی ئەو كوردانە دەكات لە یەكێتیی سۆڤێتی جاراندا بەشێك بوون لە ڕزگاركردنی وڵاتەكە لەدەست نازییەكان لە جەنگی جیهانیی دووەمدا و ڕێز لە تێكۆشەری كورد نرا.

د. دانەر ئەبوبەکر  نوێنەری کاربەرێکەری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدڕاڵ كە كتێبەكەی ئامادە كردووە، بە "وشە"ی گوت، ڕۆژی نۆی ئایار لە کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی میوانداری بۆنەیەکی تایبەت بە سەرکەوتنی گەلانی سۆڤیەت لە ناویاندا گەلی کورد لە جەنگی دووەمی جیهانی بەسەر نازییەکاندا کرا. لە بۆنەکەدا گرنگیی تایبەت بە مۆسیقای فۆکلۆری کوردی و ئەو جەنگاوەرە کوردانە درا کە لەپاڵ گەلانی دیکەی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، ئازایانە و خۆنەویستانە لە پێناو وڵاتەکەیان خەباتیان کرد. 

لەو ڕێوڕەسمەدا كۆمەڵێك چالاكی بەڕێوە چوون كە یەكێكیان بریتی بوو لە پێشکەشکردنی پەڕتووکی "کتێبی یادەوەرییەکان، بەشداریی کورد لە سەرکەوتنی هاوبەش بەسەر نازییەکاندا ١٩٤١-١٩٤٥" كە لەلایەن د. دانەرەوە ئامادە كراوە و پشتی بە ئەرشیڤە کۆنەکان و بەڵگەنامە تازە دەرچووەکان و پەیامی خزم و کەسوکاری بەشداربووانی جەنگی دووەمی جیهانی بەستووە. هەروەها چەندان هونراوە و شیعر بە زمانی ڕووسی و کوردی خوێنرانەوە و پارچە میوزیكێكی ڕووسی لە لایەن یەکێک لە میوزیكژەنەكانی کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی پێشکەش کرا.

هەر لەو چالاكییەدا، چەند پارچە مۆسیقای فۆکلۆری کوردی و مێژوویی لە لایەن چەند میوزیكژەنێکی دیار کە لە کوردستانەوە تەشریف بردوو بۆ مۆسکۆ پێشکەش کرا، کە مێلۆدی و گۆرانییەکان بە ئامێری میوزیكی کولتووری کوردی (دەف، قانونوون، عود، شمشاڵ و زووڕنا) بوون و بەشداربووان بە جۆرەکانی گۆرانی فۆلکلۆری وەک لاوک و بەستە و حەیرا  ئاشنا کران، و خزێندرانە ناو کەشوهەوای مۆسیقای ناوچە جیاوازەکانی کوردستان.









وشە - عەبدوڵا عومەر