پلەی گەرما 50 پلە تێپەڕ دەكات

:: PM:07:12:15/06/2024 ‌

وەك چۆن زستانی ئەمساڵ نائاسایی بوو، شارەزایان پێشبینیی ئەوەیان كرد كە بەهۆی كاریگەریی گۆڕانكاریی كشوهەواوە، هاوینێكی نائاسایی لە رووی بەرزیی پلەكانی گەرمی دەبێت، كەشناسێك ئاماژە بۆ هۆكارەكان بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دەكا و دووپاتی دەكاتەوە كە لە چەند رۆژی داهاتوو پلەی گەرما لە 50 تێپەڕ دەكات و لەبەر خۆ دەگاتە 65 پلەی سەتی.

واسق سەلامی، كەشناسی عێراقی دەڵێت، شتێكی ئاساییە لە عێراق هەموو هاوینێك پلەكانی گەرما روو لە هەڵكشان دەكات، ئەو بابەتەش ئاساییە، بەتایبەتی لە مانگەكانی حوزەیران و تەمووز و ئاب، دوو هۆكاری سەرەكی بۆ ئەو هەڵكشانەی پلەی گەرمی هەیە، یەكەمیان بەرزە هەوای گەرمی كەمەریی، كە چینەكانی بەرز و ناوەندی هەوا دادەخا و رێگری لە بڵاوبوونەوەی هەوای گەرم دەكات، هەوا گەرمەكە بەهۆی تیشكی خۆرەوە لە نێوان چینەكانی سەرەوە و بەرز قەتیس دەبێت.

ئاماژەی كرد، بەهۆی زۆری شێ و بەبیانبوون و كەمیی بەرگی سەوزایی و زۆریی كارگە و دووكەڵی ئۆتۆمبێل و غازی دەرهاوێشتراو لە كارگەكانی پاڵاوتنی نەوت، قەتیسیبوونی گەرمی لە هەوا زیاد دەبێت، بۆیە پلەكانی گەرما لە بەر سێبەر لەوەی بەر خۆر جیاوازە، لەبەر سێبەر دەگاتە ئاستی 54 پلەی سەتی و لەبەر خۆریش دەگاتە ئاستی 65 پلەی سەتی.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل