وەزیرێك جادوو لە سەرۆكی وڵات دەكات و دەگیرێت

:: PM:06:37:29/06/2024 ‌

رەنگە كەسانێك باوەڕیان پێی نەبێت، بەڵام لەناو هەندێك لە كۆمەڵگەكان یان بەشێكی ئەو كۆمەڵگایانە باوەڕ بە جادوو و سیحر وەك ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئاواتێكی زەحمەت هەبێت، لە دوورگەكانی مالدیف، وەزیرێكی ئەو وڵاتە جادووی رەش لە سەرۆكی وڵاتەكە دەكات و بەو هۆیەوە گیراوە.

راپۆرتەكانی هەواڵی ئەو وڵاتە ئاماژەیان كرد كە لە 23ی ئەم مانگە فاتیمە شامناز، وەزیری ژینگە و گۆڕانكاری ژینگەیی و وزە لە دوورگەكانی مالدیف، لەگەڵ دوو كەسی تر بە گومانی ئەنجامدانی جادووی رەش بۆ ماوەی حەوت رۆژ بۆ لێكۆڵینەوە گیراون.

بەپێی رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی، ناوی ئەو وەزیرە لە ماڵپەڕی ئەلیكترۆنیی وەزارەتی ژینگەی مالدیف لە لیستی سیاسەتوانانەوە بۆ سیاسەتوانانی پێشوو گوازراوەتەوە، ئەحمەد شیفان، گوتەبێژ بەناوی پۆلیس ئاماژەی كرد، هێزەكانی پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لەگەڵ فاتیمە شامناز و دوو كەسی تر، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی مالدیف بەیاننامەی فەرمی لەوبارەوە دەرنەكردووە.

ئەو وەزیرە پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی مالیەی پایەتەختی مالدیف بووە، ئەوكاتەی محەمەد مویزو، سەرۆكی مالدیف كە جادووەكەی بەرانبەر كراوە، سەرۆكی شارەوانیی پایەتەخت بووە، دوای هەڵبژاردنی لە ساڵی رابردوو بۆ سەرۆكی وڵاتەكە، شامناز لە پۆستی خۆی دەستی لەكار كێشاوەتەوە و كراوە بە وەزیری دەوڵەت، ئینجا بۆ وەزارەتی ژینگە گوازراوەتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل