كێشه‌ی غازی ماڵان له سلێمانی به‌رده‌وامه و وه‌ك رابردوو هاووڵاتییان ناتوانن به ته‌له‌فۆنێك بریكاره‌كانی غاز بهێننه به‌رده‌م ماڵی خۆیان و غازیان لێ بكڕن، ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌ك بیه‌وێت بوتڵی غاز بگۆڕێته‌وه، ده‌بێی به‌یانیان زوو له به‌رده‌م دوكانه‌كانی فرۆشتنی ئه‌و به‌رهه‌مه به چه‌ند سه‌عاتێك له نۆره بوه‌ستن تا به‌ریان ده‌كه‌وێت.
پێویستی رۆژانه‌ی سلێمانی به غازی شلی ماڵان سه‌رووی 400 تۆنه، ماوه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ 260 تۆن كه‌م بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش وایكردووه وه‌ك رابردوو هاووڵاتییان به ئاسانی غازیان ده‌ست نه‌كه‌وێت، چونكه خستنه‌ڕوو له پێویستی و داخوازی كه‌متره.
بارزان شێخ محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، كێشه‌ی غاز به‌رۆكی سلێمانی و ناوچه‌كانی تریشی گرتووه، رۆژانه بڕێكی كه‌م غازی شل ده‌درێته كارگه و كۆمپانیاكان و بریكاره‌كانیش ته‌نیا بۆیان دیاریكراوه كه ده‌توانن له رۆژێك چه‌ند بوتڵی غاز وه‌ربگرن و دابه‌شی بكه‌ن، كارگه‌كانیش وه‌ك پێویست غازیان پێ نادرێت.
وه‌ك زیاتر خستیه ڕوو، پێویستی رۆژانه‌ی سلێمانی نزیكه‌ی 400 تۆن غازی شله، به‌ڵام بۆ خوار 300 تۆن كه‌م كراوه‌ته‌وه و كارگه‌كان به‌شه‌كانیان بۆ نیوه كه‌م بووه‌ته‌وه، گرفته‌كه ته‌نیا سلێمانی نییه و شاره‌كانی تریش هه‌مان گرفتیان هه‌یه، بۆ نموونه شارێكی وه‌ك سلێمانی له سه‌رووی ئه‌و 260 تۆنه، كۆمپانیاكه پێی گوتراوه كه ده‌توانێ رۆژانه 300 تۆن به نرخی بازرگانی بفرۆشیت، به‌ڵام ئه‌و 300 تۆنه له سلێمانی نافرۆشرێت و بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه وه‌ك ئه‌فغانستان یان ئۆزباكستان و ئێران ده‌برێت و له شار نافرۆشرێت، ئه‌مه‌یه كورتهێنان و ته‌نگژه‌ی دروست كردووه، بۆ هه‌موو هه‌رێمیش 700 تۆن دابین ده‌كرێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه سۆران غه‌فوور به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانیی سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، ''نازانین كه گرفتی كه‌می غاز له شاره‌كه ته‌واو ده‌بێت، چونكه رۆژانه بڕێكی كه‌م ده‌گاته شار و خواستێكی زۆریش له‌سه‌ر غازی شل هه‌یه، كاتێكیش خواست له‌سه‌ر شتێك هه‌بوو، هاووڵاتییان زیاتر له جاران هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات گرفت دروست بكات.''
ئه‌و پێی وایه، سلێمانی ناوچه‌یه‌كی فراوانه و رۆژانه 360 تۆن غازی پێویسته، به‌ڵام له‌و كاته‌دا بۆ 260 تۆن كه‌م كراوه‌ته‌وه، كه‌مبوونه‌وه‌ی بڕه‌كه و زۆری خواست له‌سه‌ری، ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ی دروست كردووه كه هاووڵاتییان نۆره بگرن بۆ وه‌رگرتنی بوتڵێك غاز.
خواستێكی زۆریشی له‌سه‌ره له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه
فارووق عه‌باس یه‌كێك له بریكاره‌كانی غاز له سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێسته بڕی غاز كه‌م بووه‌ته‌وه، خواستێكی زۆریشی له‌سه‌ره له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه، پێش ئه‌و قه‌یرانه رۆژانه چه‌ند بوتڵیان پێویست بووایه پێیان ده‌درا، به ئۆتۆمبێل كۆڵان به كۆڵان ده‌گه‌ڕان و هاووڵاتی به ئاسانی غازی ده‌گۆڕی، به‌ڵام ئێسته زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه و رۆژانه له 30 بۆ 40 بوتڵ زیاتریان پێ نادرێت.
هه‌روه‌ها گوتی، ''ناتوانین به كۆڵانه‌كان بگه‌ڕێین و هاواری فرۆشتنی غاز بكه‌ین، هه‌ر بریكارێك كه پێشتر كڕیاری خۆی هه‌بووه، ئێسته رۆژانه پێوه‌ندیمان پێوه ده‌كرێت و هه‌ر كه‌سێك غازی پێویست بوو، غاز بۆ كڕیاره‌كانی خۆمان ده‌به‌ین، به‌ڵام چونكه بڕه‌كه كه‌م بووه‌ته‌وه و دیاریكراوه، ئه‌و كه‌سه‌ی غازی پێویسته ده‌بێت رۆژێك یان دوو رۆژ پێشتر پێوه‌ندیمان پێوه بكات، رۆژانه‌ش ته‌له‌فۆنێكی زۆرمان بۆ ده‌كرێت و له ده‌ستی ئێمه‌ش نییه.''
نرخی غازی شلی ماڵان هه‌شت هه‌زار و 500 دیناره و پێشتر به‌رپرسان باسیان له‌وه كردووه، هه‌ر كه‌س و بریكارێك غاز به نرخی گرانتر بفرۆشێت، سزا ده‌درێت .
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی