لە رێگەی سێكسەوە چارەسەری رۆحی بۆ سەتان ژن كردووە

:: PM:08:30:11/05/2022 ‌

بەم دواییە دۆسییەی ئەو چارەسەركارە رۆحییە توونسییەی دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەر نزیكەی 900 ژن، شەقامی توونسی هەژاند، كاتێك بە زمانی خۆی لە راپۆرتێكی تەلەڤزیۆنیدا ددانی بە كارەكانی دانا، ئێستەیش لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە گیراوە.

سەرچاوەیەكی دادوەریی لە توونس رای گەیاند، دوای ئەوەی ئێوارەی دووشەمی رابردوو لە راپۆرتێك، كە لەلایەن رۆژنامەوانێكی كەناڵی تەلەڤزیۆنی "حیواری توونس"ییەوە ئامادە كراوە، كچە رۆژنامەوانێك وەك خاوەن كێشە قسەی لەگەڵ ئەو كەسەدا كردووە، كە قسەكانی لە راپۆرتەكەدا پەخش كراوە، چارەسەركارەكە هەوڵی داوە قەناعەت بە كچەكە (رۆژنامەوانەكە) بكات بەوەی پێوەندیی سێكسی چارەسەری ئەو كێشانەیە كە دووچاری بووەتەوە.

فاتمە بوقتایە، گوتەبێژ بەناوی دادگای ئاریانە لە دەوروبەری توونسی پایەتەخت ئاماژەی كرد، ئەو پیاوە كە رۆژی سێشەم گیراوە، بەر لە پەخشكردنی راپۆرتەكەیش بەهۆی چالاكییە گوماناوییەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە، لە فەیسبووك خۆی بەناوی "بۆلگا كاهولی"، ناساندووە، لەوێ مامیڵەكان بۆ خۆی رادەكێشێت، كە زۆرینەیان ژنن.  

لە راپۆرتەكەی ئەو كەناڵە تەلەڤزیۆنییە پەخشی كردووە، پیاوەكە باسی ئەوە بۆ كچە رۆژنامەوانەكە دەكات كە توانای بەتاڵكردنی جادووی رەشی هەیە، شێوازەكانی چارەسەركردنیشی ئەنجامی مسۆگەریان هەیە، دووپاتی كردەوە كە توانیویەتی لە نێوان 800 بۆ 900 ژن لە رێگەی دانیشتنی سێكسییەوە چارەسەر بكات، ئەمشەویش من و تۆ پێوەندی سێكسیمان دەبێت و بە دڵنیاییەوە چاك دەبیتەوە.  

ئەو چارەسەركارە رۆحییە ژمارەیەك دانیشتنی بۆ هەر یەكێك لەو ژنانە دیاری دەكرد، بۆ چارەسەركردنیان بەو رێگایە لەو نەخۆشییانەی بەدەستییەوە دەناڵێنن، بە كچە رۆژنامەوانەكەی گوت، كە بانگەشەی بوونی كێشەی كردبوو، بە 14 دانیشتنی سێكسكردن بە نرخی 210 دیناری توونسی (65 یۆڕۆ) چارەسەری دەكات، هاوكات یەكێك لە قوربانییەكانی لە راپۆرتەكە قسەی كرد، كە قوتابییەكی 25 ساڵە، ئاماژەی كرد ماوەی سێ ساڵ بە دەستی ئەو كەسە كاری سێكسی لەگەڵدا كراوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل